سه‌میر سومێدعی: سه‌رۆك وه‌زیران مردوی سه‌رجێگایه‌

‌عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق

وێستگه‌ نیوزـ

سیاسه‌تمه‌دارێكی عیراق عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیران به‌ مردوی سه‌رجێگا ناوده‌بات و ده‌ڵێت: "ئه‌م پیاوه‌ ناتوانێت كاریگه‌ری له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی وڵات بكات".

له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ناس، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 20ی تشرینی دووه‌می 2018، سه‌میر سومێدعی، سیاسه‌تمه‌داری عیراق و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی حوكم له‌دوای روخانی رژێمی به‌عس، رایگه‌یاندوه‌: "عادل عه‌بدولمه‌هدی جێگه‌ی متمانه‌ و رێزی هه‌مومانه‌ و گومان له‌ پاكوبێگه‌ردی و توانا سیاسییه‌كانی نییه‌، به‌ڵام ئه‌م پیاوه‌ له‌كاتێكی هه‌ڵه‌دا چوه‌ته‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق".

به‌وته‌ی سومێدعی، گۆڕانكارییه‌ سیاسییه‌كان به‌خێرایی و دوور له‌ سه‌رۆك وه‌زیران رووده‌ده‌ن و ده‌ڵێت وادیاره‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌سته‌وه‌ستانه‌ به‌رامبه‌ریان، ئاشكراشیكردوه‌ كه‌ عه‌بدولمه‌هدی ناتوانێت كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌و گفتوگۆیانه‌ هه‌بێت كه‌ سه‌باره‌ت به‌ دیاریكردنی گرنگترین دوو وه‌زاره‌تی حكومه‌ت ده‌كرێت كه‌ ئه‌وانیش وه‌زاره‌تی ناوخۆ و وه‌زاره‌تی به‌رگرین.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا سومێدعی ده‌ڵێت: "عادل عه‌بدومه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانێكی نمونه‌ییه‌، به‌ڵام له‌ دۆخێكی جیاوازتردا".

سومێدعی ئاشكرایكردوه‌ كه‌ گوایه‌ جموجوڵێكی سیاسیی جدی له‌لایه‌ن چه‌ند لایه‌نێكی سیاسییه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ دورخستنه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، له‌كاتێكدا عه‌بدولمه‌هدی به‌ پشتیوانیی وڵاتانی كه‌نداو و ئه‌مریكا چوه‌ته‌ ئه‌و پۆسته‌.

ده‌شڵێت: "یه‌كێك له‌ دیارترین سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی عیراق وه‌فدی ره‌وانه‌ی وڵاتانی كه‌نداو كر و ئه‌مریكا كردوه‌ و پێیان وتون كه‌ به‌دیلێكی دیكه‌ی نمونه‌ییان بۆ جێگه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی هه‌یه‌".

ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ی عیراق لێدوانه‌كه‌شی به‌وه‌ كۆتایی هێناوه‌ كه‌ عه‌بدولمه‌هدی سه‌قفێكی سیاسیی به‌هێزی وای له‌پشت نییه‌ كه‌ بتوانێت به‌ره‌نگاری كوتله‌ سیاسییه‌كان ببێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش وایكردوه‌ سه‌رۆك وه‌زیران له‌ئاست فشاره‌كاندا لاواز بێت.


PM:07:18:20/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 1420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو