فرسەت سۆفی: لە کەیسی هێنانی دەرمانی قاچاخدا کەسانی دەستڕۆیشتوو هەن

‌د. فرسەت سۆفی

وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار
ئەندامێکی لیژنەی چاکسازی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لە ماوەکانی رابردوودا لە چوارچێوەی چاکسازیی کەرتی دەرماندا زیاتر لە 30 کەس دەستگیرکراون، سەرۆکی حکومەتیش ھێزێکی ئەمنی تایبەتی دابینکردووە بۆ پشتگیریی لیژنەی چاکسازی لە کەرتی دەرماندا.


د. فرسەت سۆفی، ئەندامی لیژنەی چاکسازیی ھەرێمی کوردستان به‌ وێستگه‌ نبوزی راگه‌یاند: "ھەوڵەکان چڕ کراونەتەوە بۆ کۆتاییھێنان بە پرسی دەرمانی ساختە و قاچاخ لە ھەرێمی کوردستان و لیژنەی باڵا بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون پێکھاتووە، بەتایبەتی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان سووره‌ لەسەر چاکسازی لە کەرتی دەرماندا، لەبەر ئەوەش، ئێمە وەک لیژنە کاری زۆر گەورەمان کردووە، لەوانەش داخستنی ژمارەک کۆگای دەرمانی قاچاخ و دەستبەسەرداگرتنی شوێنی نایاساییی دەرمان".

وتیشی: "لە چوارچێوەی چاکسازیی کەرتی دەرماندا تا ئێستا زیاتر لە 30 کەس دەستگیر کراون، چەندین بڕیار لە سەرۆکایەتی حکومەت دەرچوون، لیژنەی چاکسازی بەردەوامە لەسەر کارەکانی بۆ ئەوەی بتوانین بەتەواوی چاکسازی لە کەرتی دەرماندا بکەین، لەوانەش، خاڵەکانی پشکنین بە رووی ھێنانی دەرمانی قاچاخدا تۆند کراون و رێگە بە ھیچ کەسێک نادرێت دەرمانی قاچاخ و ساختە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان بکات".

فرسه‌ت سۆفی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "ھاوڵاتیان زۆر ھاوکاری لیژنەی چاکسازی دەکەن و بەردەوام لە لایەن ھاوڵاتیانەوە زانیاریمان بۆ دێت، ئەوەش وای کردووە لەسەر بنەمای ئەو زانیاریانە چەندین شوێنی قاچاخی دەرمان ھەر لە ناو ماڵی ھاوڵاتیاندا دەستیان بەسەردا بگیرێت".

د. فرسەت سۆفی، كه‌ ئه‌ندامی خولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستانیش بوو روونی کردەوە: "بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم ھێزێکی تایبەتی ئەمنیی بە مەبەستی نەھێشتنی دەرمانی قاچاخ و رێگریکردن لە کارە نایاساییەکان دابین کراوە، نایشارینەوە ھەموو خەڵکێک لەناو پرسی دەرماندا ھەن، خەڵکی دەستڕۆیشتوو و بەرپرسیان تیدایە تا ھاوڵاتیی ئاسایی، چونکە کەرتی دەرمان بە ھۆی قازانجەکەیەوە ھەموو کەس مامەڵەی پێوە دەکات، بەڵام ئێمە چاو لە کەس داناخەین ئەگەر بێت و دەستی ھەبێت لە بابەتی دەرمانی قاچاخ و ساختەدا".


PM:09:19:06/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 19528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو