دوو په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له‌سەر لاهور شێخ جەنگی وه‌ڵامێكی "تووند"ی فرسه‌ت سۆفی ده‌ده‌نه‌وه‌


وێستگه‌ نیوز ـ
دوو پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی، له‌ په‌رله‌مانی كوردستان وەڵامێكی توندی فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان دەدەنەوەو دەڵێن: "دەبێت فرسەت سۆفی و هاوئاوازەكانی بزانن كە خیانەت لەبەر حزبەكەی و سەركردەكانی ئه‌و بەر كەسی تر ناكەوێت".


ساڵح فەقێ و زانا عەبدولڕەحمان، پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان وەڵامی نووسینێكی فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستانه‌وه‌ دەدەنەوە.

لەبەشێكی وه‌ڵامه‌كه‌دا دەڵێن: "پارتییە راستەقینەكان باش لە دۆخەكە دەگەن، دەزان كە ماوەیەكە بەشێك لە پارتییەكان دەیانەوێت شكستی ریفراندۆم بخنە ئەستۆی خەڵكی ترو لە بەرۆكی بەشێكی پارتی و سەرۆكەكەیانی بكەنەوە، بۆیە داواكارین دڵسۆزەكانی پارتی فرسەت و هاوئاوازەكانی بێدەنگ بكەن، ئێمە دەزانین ئەوانن نوێنەرایەتی باڵی دۆڕاوی پارتی دەكەن".

ئەوەشیان نوسیوە: "بەداخەوە فرست سۆفی و هاوئاوازەكانی هێشتا بەردەوامن لە بەخشینەوەی تۆمەت، هەڵواسینی شكستی سەرۆكەكەیان بە بەرۆكی خەڵكی خەباتكارو تێكۆشەری مییللەتەكەمان، ئێمە كە بێدەنگ بووین لەو باردۆخەی كە بەسەر ژیانی هاووڵاتیانی كوردستانیان هێنا لەبەر هەندێك پرەنسیپە كە وەك یەكێتی باوەڕمان پێیەتی".

ئەو دوو پەرلەمانتارەی یەكێتی لەوەڵامەكەیاندا بۆ فرسەت سۆفی ئەوەش دەڵێن: "كاك فرسەت و سەرۆكەكەی بە برسیكردنی پێشمەرگەش رازی نەبوون، دەیانویست لە سەر بیرە نەوتەكانیان، خوێنی پێشمەرگەو دڵسۆزانی وڵات بكەن بەقوربانی گیرفانی نەوتاوی خۆیان و ئاغاكانیان و ئێستا بێشەرمانە كەوتونەتە پەلاماری یەكێتی و شێخ لاهور، ئەو شێخ لاهورەی كە نەیهێشت هەولێرو سەری رەش بكەوێت، ئەو گەنجە بوێرەی بۆتە  قەڵا بۆ كوردانی باشورو باكور و رۆژئاواو رۆژهەڵات".

لەبەشێكی دیكەی وەڵامەكەیاندا ئەوەش هاتووە: "دەبێت فرسەت سۆفی و هاوئاوازەكانی بزانن كە خیانەت لەبەر حزبەكەی و سەركردەكانی بۆ بەر كەسی تر دەكەوێت؟ شێخ لاهور قسەی دڵی یەكێتییەكان و كەسوكاری شەهیدەكانی دەكات، ئەو سوارچاكی كوردایەتییەو تا سەد ساڵی تر بەتۆزی ئەو ناگەن لە خزمەتی كوردایەتی و قوربانیدان، ئێستاو ئایندەش ئەوە بەدیار دەخات".

پێشتر د. فرسه‌ت سۆفی‌، په‌رله‌مانتاری‌ پارتی‌ دیموكرات له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ نامه‌یه‌كدا بۆ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان نووسیویه‌تی‌: "له‌ پێش خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر چه‌ندین جار ئاگاداری هاوڕێكانمان له‌ ناو یه‌كێتی كرده‌وه‌ كه‌ جموجۆڵی هه‌ندێ كه‌سی ناوحزبه‌كه‌تان نامۆیه‌ و رایان بگرن".

فرسه‌ت سۆفی‌ ده‌ڵێت: "به‌داخه‌وه‌ پاساویان بۆ ده‌هێنانه‌وه‌ و دڵنیاییان ده‌دا كه‌ هیچ روو نادات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نه‌ده‌بوو روو بدات روویدا".

ده‌شڵێت: "ئه‌و كات به‌ شاراوه‌یی پێمان وتن ئه‌مڕۆ به‌ كراوه‌یی پێتان ده‌ڵێین هه‌مان ئه‌و گروپه‌ی له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر خیانه‌تیان كرد، ئێستاش خه‌ریكی فێیسی دووه‌می خیانه‌ته‌كه‌یانن و ئه‌م جاره‌ ده‌یانه‌وێت به‌ ته‌واوی سه‌ری خۆیان و حزبه‌كه‌تان و یه‌ك پارچه‌یی خاكی كوردستان بخۆن".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شداوه‌ كه‌ "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ شه‌ریكین له‌م حكومه‌ته‌ و ئێستا و داهاتووی كوردستانیش به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ئێمه‌ لێی به‌رپرسیارین، چۆن رێگه‌ ده‌ده‌ن خیانه‌تكاران له‌ كه‌ناڵه‌ فه‌رمیه‌كانی ئێوه‌ ته‌رویج بۆ پلانی دابه‌شكردنی كوردستان بكه‌ن، چۆن رێگه‌ ده‌ده‌ن به‌ پاره‌و سامانی یه‌كێتی و دام و ده‌زگا ئه‌منیه‌كان ناوماڵی كوردستان وێران بكرێت".

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ پارتی‌ له‌ به‌رپرسانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان ده‌پرسێت: "تاكه‌ی قبوڵتانه‌ خاكی كوردستان به‌ نه‌وت و ده‌سكه‌وتی كاتی بگۆڕنه‌وه‌، خۆتان بینیتان له‌ دوای خیانه‌ت ته‌نها سوپاس و ستایشیان پێبڕا و دوای ئه‌وه‌ش كه‌ كاریان پێیان نه‌ما وه‌ك ده‌سته‌ سڕی پیس فڕێیان دان".

جه‌ختیشی‌ له‌وه‌شكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "بێده‌نگیتان له‌ ئاست ئه‌م پیلانه‌ یان نیشانه‌ی بێده‌سه‌ڵاتیه‌ یان شه‌راكه‌تی خیانه‌ت".

فرسه‌ت سۆفی‌ راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "من خۆم دڵینام ئێوه‌ هیچ له‌م دووانه‌ نین، بۆیه‌ چاوه‌ڕێین ئه‌م جاره‌ خۆتان سنور بۆ ئه‌مانه‌ دابنێن و نه‌هێڵن یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و گه‌لی كوردستان باجی خیانه‌تی ئه‌م تاقمه‌ بدات كه‌ ژماره‌یان زۆر كه‌مه‌ و هه‌رگیز به‌راوورد ناكرێن له‌ گه‌ڵ قورسایی و گه‌وره‌یی حزبه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌تان".

هــ. ر


PM:09:20:16/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 28216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو