‌پۆلیسی سلێمانی چه‌ك فرۆشێكی ده‌ستگیركرد

وێستگه‌ نیوز ـ

پۆلیسی سلێمانی ئاشكرایده‌كات، كه‌ بنكه‌ی پۆلیسی سه‌را كه‌سێكیان ده‌ستگیركردووه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ی فه‌یسبوكه‌وه‌ چه‌كی به‌ خه‌ڵكی فرۆشتووه‌.


له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا پۆلیسی سلێمانی ده‌ڵێت: "هێزەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بنكەی پۆلیسی سەرا، تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە لە رێی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە كڕین و فرۆشتنی بە چەكەوە كردووە".

پۆلیسی سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌: پاش ئەوەی زانیاری كۆكرایەوە لەسەر تۆمەتبارێك كە لە رێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە كڕین و فرۆشتن بە چەكەوە دەكات، ئەمڕۆ 11ی تشرینی یه‌كه‌می 2018 هێزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرای سەر بە بەشی پۆلیسی ناوشار رۆژهەڵات توانییان تۆمەتبار دەستگیربكەن و دەستیش بگیرێت بەسەر چەكێكی جۆری كڵاشینكۆفدا.

ئه‌وه‌شی باسكردووه‌: لە ئێستاشدا تۆمەتبار (پ، ك، ح) لە دایكبوی 1993، دانیشتوی شاری سلێمانیه‌، بە فەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی 21ی چەك راگیراوە و لێكۆڵینەوەی ورد لە لایەن هێزەكانی پۆلیس دەستیپێكردووە.

پۆلیسی سلێمانی ئه‌وه‌شی وه‌بیرهێناوه‌ته‌وه‌، كه‌ رۆژی 7ی تشرینی یه‌كه‌می 2018، هێزەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی چوار تۆمەتباریان دەستگیركرد كە لە رێی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە كڕین و فرۆشتنیان بە چەكەوە كردبوو.



PM:01:43:11/10/2018






ئه‌م بابه‌ته 30104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌




زۆرترین خوێندراو