لێدوانی باڵیۆزی تورکیا لەبارەی هەڵگرتنی ڤیزا لەسەر هاوڵاتیانی عیراق


وێستگه‌ نیوز ـ
باڵیۆزی تورکیا لە عیراق رەتیکردەوە ڤیزا لەسەر هاوڵاتیانی عیراق هەڵگیرابێت و دەڵێت، هیچ گۆڕانکارییەک رووینەداوە.


فاتیح یەڵدز، باڵیۆزی تورکیا لە عیراق لە هەژماری خۆی لە تویتەر نووسیویەتی "لەبارەی گۆڕانکاری سیستمی ڤیزای تورکیا یان هەڵگرتنی لەسەر هاوڵاتیانی عیراق پەیوەندیم پێوەکراوە، بەڵام هیچ گۆڕانکارییەک لە سیستمەکەدا رووینەداوە".

ئەوەشی وتووە: "لەم قۆناغەدا دەتوانم بڵێم هەوڵەکانمان بۆ ئاسانکاری وەرگرتنی ڤیزا کە زیاتر لە ساڵێکە دەستمان پێکردووە بەردەوام دەبێت".

راشیگەیاند، داوکارییەکانی تایبەت بە هەڵگرتنی ڤیزا لەسەر هاوڵاتیانی عیراق دەگەیەنێت بە ئەنقەرە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە حکومەتی تورکیا ڤیزا لەسەر هاوڵاتیانی عیراق هەڵدەگرێت و لە مانگی داهاتووشەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هــ. ر


AM:11:22:30/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 5418 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو