رێكەوت زەكی: مۆڵەت بۆ دروستكردنی بەنزینخانەكه‌ی نزیك سه‌رچاوه‌ی ئاوی سەرچنار وەرنەگیراوە


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
جێگری سەرۆكی لیژنە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، دوای بەدواداچوونیان بۆ دروستكردنی بەنزینخانەیەك لە ناوچەی سەرچناری سلێمانی، دەركەوتووە خاوەنی پڕۆژەكە، مۆڵەت و لارینەبوونی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی بۆ دروستكردنی بەنزینخانەكە وەرنەگرتووە.


رێكەوت زەكی، جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە لەئـەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە وێستگە نیوزی راگەیاند، دوای ئـەوەی لەلایەن چەند كەسێكەوە لە مەترسییەكانی جێگای بەنزینخانەیەك بۆ سەر ئـاوی سلێمانی ئـاگادار كرانەوە، لەگەڵ قایمقامی سلێمانی و بەڕێوەبەری ئـاوی ژێر زەوی و بەڕێوەبەرایەتی ئـاوی سەرزەوی و بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكان و ئـاسایشی ئابوورییەوە بەدواچوونیان كردووە.

ناوبراو وتی: "دەركەوت ئەم كەسە مۆڵەت و لارینەبوونی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی بۆ دروستكردنی بەنزینخانەكە وەرنەگرتووە و بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكان بەنوسراو داوای راو رێگەپێدانی فەرمانگەی ئـاوی ژێر زەوی كردووە و لیژنەی تایبەتمەندی ئاوی ژێر زەوی پشكنین بۆ جێگاكە دەكات بەبەڵگەی زانستی بابەتەكە یەكلایی دەكاتەوە".

رێكەوت زەكی ئاماژەی بەوەكرد: "هەرچەندە بەزارەكی لەمەترسی بابەتەكە دڵنیابووینەتەوە، بەڵام هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە لە حاڵەتی بەزانستی سەلماندنی مەترسییەكان هیچ رێگری و بەربەستێك نییە بۆ رێگرتن لەدروستكردنی بەنزینخانەی ناوبراو، چونكە زیانی بۆ سەر بەرژەوەندی گشتی و سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان هەیە".

جێگری سەرۆكی لیژنە وتیشی: "دەسەڵاتی مۆڵەتی دروستكردنی بەنزینخانە دەسەڵاتی پارێزگارە، هەرچەندە مانگی رابردوو پارێزگاری سلێمانی لەبەردەم لیژنەكەی ئێمە وتی هەموو مۆڵەتێكی بەنزینخانەمان راگرتووە و مۆڵەتم بەكەس نەداوە لەو كاتەی دەستبەكاربووم!! بەڵام ئـەمە یەكێكە لەنمونەكان".

ماوەی چەند رۆژێكە دروستكردنی بەنزینخانەیەك لە ناوچەی سەرچناری سلێمانی كە ناوچەیەكی گەشتیارییە كاردانەوەی لێكەوتوەتەوە، بەو پێیەی شوێنەكەی مەترسی بۆ سەرچاوەی ئاوی سلێمانی دروست دەكات.

هــ. ر


AM:11:37:10/07/2018


ئه‌م بابه‌ته 2292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو