به وێنه.... کچە شەڕڤانێک ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی تورکیای لە راجۆی عەفرین تەقاندەوە
ساتی ئاڕاسته كردنی موشهكهكه له لایهن كچه شهڕڤانهكهوه
وێستگه نیوز ـ
لە بەردەوامیی بەرەنگاربوونەوەی هێرشی سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکان بۆسەر هەرێمی عەفرین، لە شەڕەکانی ئەمڕۆی ناوچەی راجۆدا ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی سوپای تورکیا لەلایەن کچە شەڕڤانێکەوە کرایە ئامانجی مووشەکی و تەقێنرایەوە.
ئاژانسی هەواڵی هاوار لە رۆژئاوای کوردستان بڵاویکردەوە، شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە کەڤرکەری ناوچەی راجۆری عەفرین، بە مووشەک ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی سوپای تورکیایان کردووەتە ئامانج و تەقاندویانەتەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، هەموو سەرنشینەکانی ناو ئەو ئۆتۆمبێلەی سوپای تورکیا کوژراون.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی بڵاوکراوەتەوە، کچە شەڕڤانێک چەکێکی مووشەکی دژە تانکی دامەزراندووە و لە دوای ئەوەی نیشانی مووشەکەکەی لەسەر ئۆتۆمبێلەکە جێگیر دەکات، مووشەکەکە ئاڕاستەی ئۆتۆمبێلەکە دەکات و دەیتەقێنێەوە.
سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سەربە ئەنقەرە لە رۆژی 20ی کانوونی دووەمی 2018وە هێرشی کردووەتە سەر کانتۆنی عەفرین و لەو کاتەوە تا ئێستا چەندین شەڕی قورس لە نێوان شەڕڤانان و سوپای تورکیا لە سنوورەکانی ئەو کانتۆنەدا روویانداوە.
بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکانی شەڕڤانان، تا ئێستا زیاتر لە 37 تانک و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازیی سوپای تورکیا لەلایەن شەڕڤانانەوە تەقێنراونەتەوە و 781 سەرباز و چەکداری تورکیاش کوژراون. لە بەرامبەریشدا 77 شەڕڤان و 104 هاوڵاتی شەهیدبوون و 156 هاوڵاتیی تریش برینداربوون.
هــ. ر
PM:09:16:02/02/2018
ئهم بابهته 9662
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت