وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان پیرۆزبایی له‌ به‌ختیار عه‌لی كرد

‌رۆماننووسی کورد بەختیار عەلی

وێستگه‌ نیوز ـ
پاش ئەوەی بەختیار عەلی، رۆماننووسی ناوداری کورد توانی خەڵاتی جیهانی نیللی زاکس، له‌ ئه‌ڵمانیا بەرێتەوە، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێم پیرۆزبایی لێكرد.


لەو راگەیەندراوەی وەزارەتی رۆشنبیردا هاتووە: "وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەخشینی خەڵاتی (نیللی زاکس)ی ئەڵمانی لەبواری ئەدەبی بەنووسەر و ئەدیب بەختیار عەلی بەرز دەنرخێنێت، ھاوکات بەگرنگیشی دەزانێت کەناوی نوسەرێکی بەتواناو خاوەن سەلیقەیەکی ئەدەبی پڕ لەداھێنان، دەچێتە ریزی ژمارەیەک ئەدیب و نووسەری ناسراوی جیھان، بڕواشمان وایە بەختیار عەلی یەکێکە لەو ناوانەی کەشایستەیی ئەوەیە ھەڵگری ئەو خەڵاتەو خەڵاتی تری جیھانی بێت".

بەختیار عەلی ساڵی 1983 قەسیدەی نیشتیمانی نووسی، بەڵام دوای نۆ ساڵ بڵاویکردەوە، ئەو بە پێچەوانەی ئەو نەسلە باوەی هەبوو، هات ستایشی نیشتیمانی نەکرد، بەڵکو هات و رەخنەی نیشتیمانی کرد، ئەو بە هێمنی هاتوو ئەمڕۆش پڕخوێنەرترین نووسەری نیشتمانە.

بەختیار عەلی لە سلێمانی لەدایکبووە، ھەر لەوێ خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی شێخ سەلام تەواوکردوە، دواتر لە « ناوەندیی ئەزمڕ» خوێندوێتی و ئامادەییشی لە « ئامادەیی ھەڵکەوت» تەواوکردوە، لە زانکۆی سلێمانی و ھەولێر لە کۆلێژی زانستیی، بەشی جیۆلۆجی، خوێندکاربووە. لەساڵی 1983 دا لە خۆپیشاندانی زانکۆدا بریندار دەبێت و زانکۆ جێدەھێڵێت.

بەختیار عەلی، ساڵی 1994 کوردستان بەرەو دیمەشق و دواتر دوورتر، بەرەو ئەڵمانیا جێدەهێڵێت، لە ساڵی 1998 دا رۆمانی ئێوارەی پەروانە بڵاودەکاتەوە کە دوایمەرگی تاقانەی دووەم، بەختیار وەک رۆمانووسێکی پڕکار بەتەواوی دەناسێنێت.

دواتر دواهەمین هەناری دونیا دەنووسێت، رۆمانێک دوای زیاتر لە 10 ساڵ بۆ زمانی فارسی وەردەگێڕدرێت و لە ماوەی یەک ساڵدا بۆ چوار جار لەسەر یەک چاپدەکرێتەوە، لە ئێستادا لە وڵاتی ئیران پرۆڤە لەسەر ئەو رۆمانە دەکرێت تا بکرێت بە شانۆ و نمایش بکرێت.

بەختیار عه‌لی، بەدرێژایی ئەو ساڵانە بەردەوامە لە نووسینی شیعر، ئەو لەیەککاتدا هەم شیعر دەنووسێت، هەم وتار، بەڵام هەرگیز بەبێ نووسینی رۆمان ناژی، دواجار ئەزموونێکی درێژترین نووسین تاقیدەکاتەوە، کە ئەویش شاری مۆسیقارە سپییەکانە، رۆمانێک مێژووی رووداوەکانی بۆ سەردەمی ئەنفال و کەمێک دواتر دەگەڕێتەوە، بەڵام دەشپرسێت، ئایا لەسەردەمی جەنگدا میوزیک دەتوانێت چی بکات؟

بەختیار دواتر رۆمانێک دەنووسێت بەر مەبنای خەیاڵ، ئەویش رۆمانی غەزەلنووس و باغەکانی خەیاڵە، کە باس لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی کورد دەکات، دواتر کەڵکەڵەی سەفەر دەبێتە تێمای سەرەکی رۆمانی کۆشکی باڵندە غەمگینەکان، رۆمانێک سەبارەت بە ناشوێن و بێماڵی، لە هەمووی گرنگتر و سەرنج راکێشتر ئەم رۆمانەی بەختیار تایبەتە بە عەشق، ئەو لەوێدا دەپرسێت کە ئایا گەر مرۆڤ دنیا ببینێت دەتوانێت ئینسان بکوژێت؟.

دواتر بەختیار لە نێوان درێژترین رۆمانی خۆیدا دەوەستێت و کورترین رۆمانی خۆی دەنووسێت، کە ئەویش جەمشید خانی ماممە، کە وەک بەختیار دەڵێت "وەک دروستکردنی کۆشکێک وابوو لە قاوغە شقارتەیەکدا"، دواتر بەختیار کەشتیی فریشتەکانی بڵاوکرده‌وە کە تا ئێستا دوو بەرگی لێ بڵاوکردوه‌تەوە و لە چوار بەرگ پێک دێت.

دواهەمین ڕۆمانی ئەم نووسەرە رۆمانی هەورەکانی دانیاڵە، رۆمانێک کە بەپێچەوانەی کارەکانی دیکەیەوە شوێنێکی واقیعی ئامادەیی نییە، بەڵام بێگومان ئەو شوێنەی بەختیار باسی دەکات هیچ شوێنێک نییە جگە لە خۆرهەڵات.

دەقی راگەیاندراوەکەی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان:

راگەیەندراوی وەزارەتی رۆشنبیری ولاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە وەرگرتنی خەڵاتی (نیللی زاکس)ی جیھانی لەلایەن (بەختیار عەلی) یەوە: وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەخشینی خەڵاتی (نیللی زاکس)ی ئەڵمانی لەبواری ئەدەبی بەنووسەر و ئەدیب بەختیار عەلی بەرز دەنرخێنێت، ھاوکات بەگرنگیشی دەزانێت کەناوی نوسەرێکی بەتواناو خاوەن سەلیقەیەکی ئەدەبی پڕ لەداھێنان، دەچێتە ڕیزی ژمارەیەک ئەدیب و نوسەری ناسراوی جیھان.

بڕواشمان وایە بەختیار عەلی یەکێکە لەو ناوانەی کەشایستەیی ئەوەیە ھەڵگری ئەو خەڵاتەو خەڵاتی تری جیھانی بێت.

خەڵاتی نیللی زاکس دوو ساڵ جارێک لەشاری دۆرتمۆرد لە ئەڵمانیا دەدرێت بەو نوسەرو ئەدیبانەی کەجێدەستیان لەداھێنان و بەرقەرارکردنی ئاشتی و لێکتێگەیشتنی نێوان گەلاندا دیارە. ئەمساڵ بۆ یەکەمجار دنیای ڕۆمانی کوردی لە رێگەی بەختیار عەلییەوە تێکەڵ بەئەزموونی جیھانی خۆرئاوا دەبێتەوەو بۆیەکەمجار رۆماننوسێکی کورد ئەم خەڵاتە وەردەگرێت.

بەختیار عەلی چۆن لەفەزای داھێنانی تایبەتی خۆیدا لەسنورەکان دەدات و لەئەزمونێک بۆ ئەزمونێکی فراوانتر دەگوازێتەوە، ھاوتەریب بەوە، وەکو دیاردەیەکی ئەدەبی، دیاریکرواتریش وەکو رۆمان نوسێک، بۆ جوگرافیایەکی جیھانی درێژدەبێتەوەو دوای ماوەیەکی کەم لەوەرگێڕانی بەشێک لەنوسینەکانی بۆ زمانی ئەڵمانی، توانی پێگەیەکی باش لەتاراوگە دروست بکات و ئەمڕۆش گەیشت بەو ئاستە جیھانیە.

ئەو وەک چۆن لەوەدا سەرکەوتوبوو بەتوانای تاکەکەسی خۆی گۆڕانکاری گەورە لەبواری نوسین و فیکرو بونیادی دەربڕینی زمانی کوردیدا بکات، ئاواش بەداھێنانەکانی توانی لەتخوبی لۆکاڵی بپەڕێتەوەو تێکەڵ بەڕۆشنبیری و دنیای ئەدەبی مۆدێرن ببێت.

رەنگە لێرەدا جیاوازی بەختیار عەلی لەگەڵ بەشێک لەونوسەرانەی بەڕەگەز دەبنەوە بەکورد ئەوەبێت، بەختیار بەکوردی دەنوسێت. واتا ئەو بەخەسڵەتی کوردی نوسینەوە رەھەندێکی حیھانی وەردەگرێت، ھەندێک لەوانی تر پێویستیان بەوە بوو بەزمانی تر دەربڕی لەخۆیان بکەن بۆ ئەوەی ئەو خەسەڵەتە جیھانیە وەربگرن. بێگومان کردنەوەی دەرگای جیھانی بەڕوی ڕۆشنبیری و ئەدەبی کوردیدا، ڕوداوێکی گرنگ و ھەواڵێکی خۆشە بۆ ھەمومان. وەک چۆن لەم چوارچێوەیە ھەر ئەم ساڵ چۆمان ھەردی توانی خەڵاتی باشترین وەرگێڕ بەدەست بێنێ لەبەرامبەر وەرگێڕانی دەقی (دەربەندی پەپولە)ی مامۆستای کۆچکردوو شێرکۆ بێکەس.

ھەر بەم بۆنەیەشەوە سوپاس و پێزانینی وەزارەتی رۆشنبیری ھەرێمی کوردستان بۆ پارێزگای دۆرتمۆرد دوپاتدەکەینەوە کەلەڕێگەی بەختیار عەلیەوە ئاوڕیان لەدنیای داھێنانی کوردیدا دایەوە و پیرۆزبایش لەکاک بەختیار عەلی و سەرجەم نوسەران و رۆشنبیرانی کوردیش دەکەین.

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان 10-12-2017

هــ. ر


AM:08:34:11/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 3360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو