سه‌ركرده‌یه‌كی‌ پارتی‌: شه‌ڕی‌ ده‌روونی‌ و مه‌عنه‌وی‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌كرێت

‌عه‌لی‌ عه‌ونی‌، ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان


وێستگه‌ نیوز- پشتیوان جه‌مال

سه‌ركرده‌یه‌كی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان دڵنیایی‌ ده‌داته‌ خه‌ڵكی‌ شاری‌ هه‌ولێر و كوردستان كه‌ شه‌ڕی‌ ده‌روونی‌ و مه‌عنه‌وییان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، ئه‌گینا هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر هه‌ولێر و كوردستان نییه‌.

عه‌لی‌ عه‌ونی‌، ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌ وێستگه‌ نیوزی‌ راگه‌یاند، پێشمه‌رگه‌كانی‌ كوردستان به‌ هێزێكی‌ زۆر باش و به‌ وره‌یه‌كی‌ به‌رزه‌وه‌ له‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان و حه‌شدی‌ شه‌عبییان داوه‌ و پاشه‌كشه‌یان پێكردوون.

ناوبراو وتی‌ "شه‌ڕێكی‌ ده‌روونی‌ و مه‌عنه‌وی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی‌ كوردستاندا ده‌كه‌ن به‌وه‌ی‌ شوێنیان گرتووه‌، به‌ڵام دۆخه‌كه‌ش به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌، له‌ شاری‌ كه‌ركوك گه‌مه‌یه‌كی‌ دیكه‌ بوو به‌داخه‌وه‌ وایلێهات، ئه‌گینا له‌ هیچ به‌ره‌یه‌كی‌ دیكه‌ نه‌یانتوانیوه‌ بێنه‌ پێشه‌وه‌ و هیچ مه‌ترسییه‌كیش له‌سه‌ر شاری‌ هه‌ولێَر نییه‌".

سه‌رله‌به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ هێزه‌ عیراقییه‌كان و حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ چوونه‌ نێو شارۆچكه‌ی‌ پردێ كه‌ له‌ڕووی‌ ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر به‌ پارێزگای‌ كه‌ركوكه‌ و خاڵی‌ سنوورییه‌ له‌گه‌ڵ پارێزگای‌ هه‌ولێر.

له‌ رۆژی‌ دووشه‌ممه‌ی‌ رابردووه‌وه‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان و حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ چوونه‌ته‌ شاری‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕاوه‌كان و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ هه‌زاران كوردی‌ ئه‌و ناوچانه‌ روویان له‌ شاره‌كانی‌ كوردستان كرد، به‌ڵام له‌ ئه‌مڕۆوه‌ هێزه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌ شاری‌ كه‌ركوك و زۆربه‌ی‌ ناوچه‌كان كشانه‌وه‌.


PM:01:08:20/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 10514 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو