ئاسیاسێڵ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ وه‌ك كرێ و باج به‌ عیراقی‌ داوه‌


وێستگه‌ نیوز-  

كۆمپانیای‌ ئاسیاسێڵ رایده‌گه‌یه‌نێت، وه‌كو كرێی مۆڵه‌ت و هه‌موو جۆره‌كانی باج و بڕه‌ پاره‌ی فه‌رمیی دیكه‌، تائێستا نزیكه‌ی پێنج تریلیۆن دیناری داوه‌ به‌ ده‌وڵه‌ت.  

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 9ی تشرینی یه‌كه‌می2017 له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی عیراق كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی ئه‌نجامدرا، بڕیاردرا تۆڕی په‌یوه‌ندییه‌كانی مۆبایل له‌ سه‌رتاسه‌ری عیراق بخرێنه‌وه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی ناوه‌ندی و بگوازرێنه‌وه‌ بۆ به‌غدا.  

له‌به‌رامبه‌ریشدا سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له‌ كۆمپانیای ئاسیاسێڵ له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ وێستگه‌ نیوز نێردراوه‌، رایگه‌یاندووه‌ كه‌ كاری كۆمپانیاكانی مۆبایل به‌پێی یاسا له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی راگه‌یاندن و گه‌یاندنی عێراقی ‌رێكده‌خرێت كه‌ به‌ (CMC) ناسراوه‌ و مۆڵه‌تی كاركردن له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی راگه‌یاندن و گه‌یاندنی عێراقی دراوه‌ته‌ ئه‌و سێ كۆمپانیایه‌ له‌سه‌ر ئاستی عێراق به‌پێی كێبڕكێیه‌كی ئازاد بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كان ئه‌وه‌ش به‌ سه‌رپه‌رشتی لیژنه‌یه‌كی باڵای وه‌زاریی و چه‌ند كۆمپانیایه‌كی راوێژكاریی جیهانی تایبه‌تمه‌ند له‌و بواره‌دا.  

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ كۆمپانیای ئاسیاسێڵ یه‌كێكه‌ له‌و كۆمپانیایانه‌ی‌ كه‌ هه‌ڵده‌سێت به‌ دانی باجی داهات به‌ ده‌سته‌ی گشتی باجه‌كان، تائێستاش نزیكه‌ی پێنج تریلیۆن دیناری داوه‌ به‌ ده‌وڵه‌ت وه‌ك كرێی مۆڵه‌ت و هه‌موو جۆره‌كانی باج و بڕه‌ پاره‌ی فه‌رمی دیكه‌.  

وه‌ك ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ روونیكرده‌وه‌، ئاسیاسێڵ كۆمپانیایه‌كی عیراقییه‌ كه‌ لای تۆماركه‌ری كۆمپانیاكان له‌ به‌غداد تۆماركراوه‌ و نووسینگه‌ی سه‌ره‌كی له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵاتدا هه‌یه‌ كه‌ گه‌وره‌ترینیان له‌ به‌غدادی پایته‌خته‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ گه‌وره‌ترین تۆڕ و زۆرترین ژماره‌ی به‌شداربووانی له‌وێیه‌.  

به‌ وته‌ی‌ ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، ئاسیاسێڵ كارمه‌نده‌كانی له‌ سه‌رجه‌م چین و توێژ و پێكهاته‌كانی عیراقه‌وه‌ هاتوون كه‌ هه‌موویان وه‌كو تیمێك و به‌ گیانی یه‌ك تیمه‌وه‌ كار ده‌كه‌ن و ژماره‌ی به‌شداربووانیشی گه‌یشتوه‌ته‌ زیاتر له‌ 12 ملیۆن به‌شداربوو كه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدان، هه‌روه‌ها پابه‌ندی سه‌رجه‌م ئه‌و یاسا و بڕیارانه‌یه‌ كه‌ لایه‌نه‌ حكومیه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌ریده‌كه‌ن به‌پێی یاسا.  

به‌هۆی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ له‌ رۆژی 25ی ئه‌یلولی2017، په‌رله‌مان و حكومه‌تی عیراق ژماره‌یه‌ك بڕیاریان له‌ دژی كوردستان ده‌ركرد كه‌ یه‌كێكیان راگرتنی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بوو بۆ فڕۆكه‌خانه‌كانی كوردستان له‌ ئێواره‌ی 29ی ئه‌یلولی2017ه‌وه‌، له‌دوایین بڕیاریشدا ئه‌نجومه‌نی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی عیراق كه‌ سه‌ربه‌ حكومه‌تی عیراقه‌، داوایكرد تۆڕی په‌یوه‌ندییه‌كانی مۆبایل له‌ سه‌رتاسه‌ری عیراق بخرێته‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی به‌غدا.


PM:05:20:10/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 8688 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو