حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی وته‌بێژی عه‌بادی ده‌داته‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

وته‌بێژی فه‌رمیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ لێدوانێكدا وه‌ڵامی به‌یاننامه‌كه‌ی سه‌عد حه‌دیسی، وته‌بێژی نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقی فیدراڵی دایه‌وه‌ و داوای‌ خۆدوورخستنه‌وه‌ له‌ هه‌ر لێدوان و په‌یامێكی توندوتیژ و پابه‌ندبوون به‌ دیالۆگ و لێكگه‌یشتن كرده‌وه‌. 

ئەمڕۆ سێشەممە 3ی تشرینی یەکەمی 2017، سه‌فین دزه‌یی، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ وه‌ڵامێكی سێ خاڵیی سه‌عد حه‌دیسی، وته‌بێژی نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقی دایه‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ "هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستووی عیراقی فیدرال ڕێگری له‌وه‌ نه‌كردووه‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێگه‌ی ڕیفراندۆمه‌وه‌ چاره‌نووسی خۆیان دیاری بكه‌ن."

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وه‌ڵامه‌كه‌یدا، سه‌فین دزه‌یی ده‌ڵێت: " هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كه‌ی كارێكی وا ئاسان نییه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رپرسیارانی به‌غدا بیری لێ ده‌كه‌نه‌وه،‌ چونكه‌ ئه‌م بڕیاره‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ و ئه‌وان بڕیاری داهاتووی خۆیان له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕیفرندۆمه‌دا داوه‌."

ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

وته‌بێژی نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ په‌یامێكدا داوا له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات كه‌ پابه‌ندی ده‌ستوور بێت و ئه‌نجامی ڕیفراندۆم هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ و له‌و ناوچانه‌ بكشێته‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستاندان. ئێمه‌ له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ پێویستمان زانی ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و په‌یامه‌ی به‌ڕێز سه‌عد حه‌دیسی بۆ ڕای گشتیی هه‌رێمی كوردستان و عیراق بخه‌ینه‌‌ ڕوو.

یه‌كه‌م: به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستووری عیراقی فیدرال ڕێگری له‌وه‌ نه‌كردووه‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێگه‌ی ڕیفراندۆمه‌وه‌ چاره‌نووسی خۆیان دیاری بكه‌ن. ڕیفراندۆم نه‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووری عیراقی فیدرال و نه‌ پێچه‌وانه‌ی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌ كارپێكراوه‌كانه‌ له‌ پرسی ده‌ربڕینی خواستی گه‌لاندا.

دووه‌م: جیا له‌وه‌ی كه‌ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم له‌ هه‌رێمی كوردستان ناده‌ستووری نییه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كه‌ی كارێكی وا ئاسان نییه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رپرسیارانی به‌غدا بیری لێ ده‌كه‌نه‌وه،‌ چونكه‌ ئه‌م بڕیاره‌ نه‌ له‌ ده‌ستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و نه‌ له‌ ده‌ستی هیچ لایه‌نێكی سیاسیی كوردستاندایه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌سته‌ به‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ و ئه‌وان بڕیاری داهاتووی خۆیان له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕیفرندۆمه‌دا داوه‌.

سێیه‌م: سه‌باره‌ت به‌و ناوچانه‌ی كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستاندان، دوای هێرشی گرووپی تیرۆرستیی داعش بۆ ناوچه‌كه‌، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بێ جیاوازیی ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ ده‌ستی تیرۆرستان پاراستووه‌، هه‌روه‌ها پێشمه‌رگه‌ هێزێك نییه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی عیراق هاتبێت و ئه‌و ناوچانه‌ی داگیر كردبێت، به‌ڵكو هه‌روه‌ك له‌ ده‌ستووری عیراقدا هاتووه‌ به‌شێكه‌ له‌ سیسته‌می به‌رگریی عیراقی فیدرال.

له‌ كۆتاییدا وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌ر له‌ ساڵێك و پێش و دوای پرۆسه‌ی ڕیفراندۆمیش، هه‌میشه‌ جه‌ختمان له‌ پێویستیی‌ ده‌ستپێكردنی دیالۆگ و دانوستانێكی جددی له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوی كێشه‌كان كردۆته‌وه‌، ئێستاش به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌و په‌یامه‌مان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌ دیالۆگ و گفتوگۆ ڕه‌وشه‌كه‌ ئارام بكه‌ینه‌وه‌ و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن و هه‌موو لایه‌ك خۆی له‌و لێدوان و په‌یامانه‌ دوور بخاته‌وه‌ كه‌ ده‌بنه‌ هۆی ئاڵۆزكردنی زیاتری دۆخه‌كه‌.

سه‌فین دزه‌یی
وته‌بێژی فه‌رمیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
3/10/2017

ر.ع


PM:06:58:03/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 4862 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو