بافڵ تاڵه‌بانی: وه‌ك یه‌كێتی و پارتی بڕیارماندا به‌ دواخستنی ریفراندۆم

‌بافڵ تاڵەبانی

ویَِستگه‌ نیوز ـ
بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، وەک یەکێتی و پارتی بڕیاراندا بە دواخستنی ریفراندۆم و بە بەدیلەکەی وڵاتانی زلهێز رازیبوون.

بافڵ تاڵه‌بانی، كوڕی گه‌وره‌ی مام جه‌لال سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك بڵاویكردووه‌ته‌وه‌: "پاش لەبەرچاوگرتنی ئەو هەموو رێنمایی‌ و پرۆژەو ئامۆژگارییە دڵسۆزانەی كەلە دۆست‌ و پشتیوانەكانمانەوە پێمان گەیشتوون، گەشتینە ئەو باوەڕەی كە باشترین رێگاو بەدیل بۆ چارەسەری ئەم بارودۆخەو گەیشتن بە ئامانجە بەرزەكانی خەباتمان، پاكێجی نەتەوەیەكگرتووەكان‌ و ئەمریكاو فەرەنساو بەریتانیایە كە پێشكەشیان كردووین‌ و بە باشترین چارەسەری دەزانین لە ئێستادا". 

ده‌قی راگه‌یاندراوه‌كه‌ی باڤڵ تاڵه‌بانی:

بەڕێزان.. كوردستانیانی خۆشەویست!
بەپشت بەستن بە مێژووی خەباتی گەلەكەمان‌و مێژووی خەباتی پڕ سەروەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەك یەكەمین حزبی سیاسی‌و لە رۆژی دامەزراندنییەوە، یەكێتییەكەمان بڕیاری مافی چارەی خۆنوسینی بەرز كردووەتەوەو بە پراكتیك خەباتی بۆ ئەم سەروەرییە مێژووییە كردووەو هەرگیز ئەم هەڵوێستەشی ناگۆڕێت، تا بە ئامانج گەیاندنی ئەم كاروانە بەرەو سەربەخۆیی تەواوەتی كوردستان‌و خاكەكەی.

پێتان رادەگەیەنین؛ كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌ و پارتی دیموكراتی كوردستان، رێككەوتوین كە ئایندەی سیاسی كوردستان‌و گەلەكەمان پێویستی بە دانوستانی جدی هەیە لەگەڵ بەغدا. پاش لەبەرچاوگرتنی ئەو هەموو رێنمایی‌ و پرۆژە و ئامۆژگارییە دڵسۆزانەی كەلە دۆست‌و پشتیوانەكانمانەوە پێمان گەیشتوون، گەشتینە ئەو باوەڕەی كە باشترین رێگاو بەدیل بۆ چارەسەری ئەم بارودۆخەو گەیشتن بە ئامانجە بەرزەكانی خەباتمان. پاكێجی نەتەوەیەكگرتووەكان‌ و ئەمریكاو فەرەنساو بەریتانیایە كە پێشكەشیان كردووین‌ و بە باشترین چارەسەری دەزانین لە ئێستادا.

چونكە لە كاتێكی دیاریكراودا دەست دەكرێت بە كۆبوونەوەی چڕوپڕ لەسەر هەموو كێشەكان لەگەڵ بەغدا، كوردو هێزە سیاسییەكان یەك دەست‌و دەستكراوەتر دەبن بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە.

ئەگەر بە ئامانجیش نەگەیشتین، ئەوا كورد ئەو كاتەو بە پشتیوانی هاوپەیمانەكانی، دەست دەكاتەوە بە پرۆسەی ریفراندۆم‌و سەربەخۆیی خۆی.

ئێمە پێمان وایە، كە ریفراندۆم لە ئێستاداو لە كاتی دیاریكراودا، نەك هەر ناتوانێت ئامانجی سەربەخۆیی گەلەكەمان بپێكێت، بەڵكو رێگری‌و كێشەی زۆری بۆ دروست دەكات.

لەبەر ئەم هۆكارانەی كە باسمان كرد، بڕیارماندا؛ لەسەر قبوڵكردنی بەدیلی پێشنیاركراوی نەتەوەیەكگرتووەكان‌و ئەمریكاو فەرەنساو بەریتانیا، بۆیە پێمان باشترە ئەم بەدیلە تاقی بكرێتەوەو كورد بە یەك دەست‌و یەك ئەجیندا لە بەغدا، گفتوگۆیەكی مێژوویی خۆی بكات لەسەر هەموو پرسەكان، تا ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ئێستادا.

ئەنجامدانی گفتوگۆیەكی كراوەو هەمەلایەنە لەگەڵ بەغداد‌و بە چاودێری‌و پشتگیری هەموو جیهان لە ئێستادا، هەڵبژاردەیەكی زۆر دروستترە لامان. بۆیە، ئێمە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لامان پەسەندترە.


PM:03:57:23/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 15324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت