به‌غدا به‌بێ هه‌رێم ته‌نیا له‌م دوو شوێنه‌وه‌ ده‌توانێت هێرش بكاته‌ سه‌ر داعش له‌ حه‌ویجه‌

‌حەویجە.. دوامۆڵگەی داعش

وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار

سه‌ره‌ڕای ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی حه‌ویجه‌، به‌رپرسێكی یه‌كێتی ئاشكرای ده‌كات، كه‌ ئه‌گه‌ر به‌غدا له‌گه‌ڵ هه‌رێم له‌سه‌ر ئۆپراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی حه‌ویجه‌ رێكنه‌كه‌وێت، سوپای عیراق ته‌نیا ده‌توانێت له‌ ناوچه‌ی شه‌رگات و پردی فه‌تحه‌وه‌ هێرش بكات، ئه‌وكاتیش داعش به‌رگری زیاتر ده‌كات و شه‌ڕه‌كه‌ قورستر ده‌بێت.

ئەحمەد لەتیف مەساری‌، سەرپەرشتیاری‌ فەوجەکانی‌ ئۆپراسیۆنی‌ کۆنترۆڵکردنەوەی‌ حەویجە رایگەیاند، سێ فەوجی‌ پۆلیسی‌ حەویجە و ناحیەکانی‌ دەوروبەری‌ پەیوەندیان بە یەکەکانی‌ سوپا و پۆلیسی‌ فیدراڵیەوە کردوە و چاوەڕوانی‌ دەستپێکردنی‌ ئۆپراسیۆنەکەن.

وتیشی‌: "فڕۆکەکانی‌ هاوپەیمانی‌ نێودەوڵەتی‌ و هێزی‌ ئاسمانی‌ عیراق و سوپا و پۆلیسی‌ فیدراڵی‌ بەشداری‌ ئۆپراسیۆنەکە دەکەن و زۆر ورد و خێرا کۆتایی‌ بە شەڕی‌ حەویجە دەهێنن".

هاوکات ئەحمەد خورشید فەرماندەی‌ حەشدی‌ حەویجە ڕایگەیاند، میحوەرەکان دیاریکراون و سوپای‌ عیراق لە بەری‌ رۆژئاوای‌ شەرگاتەوە بەرەو ناوچەکانی‌ چیای‌ حەمرین پێشڕەوی‌ دەکەن و پاشان بەرەو حەویجە و عەباسی‌ پێشڕەوی‌ دەکەن.

لای خۆیه‌وه‌ ره‌شاد گه‌ڵاڵی، لێپرسراوی كۆمیته‌ی مه‌خموری یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: هه‌فته‌ی داهاتوو وه‌فدێكی باڵای هاوپه‌یمانی شیعه‌كان ده‌گاته‌ هه‌رێمی كوردستان و ده‌ره‌نجامی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی ده‌كرێت، ئاینده‌ی حه‌ویجه‌ روونتر ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن نه‌كرێت، پێم وانییه‌ هه‌رێمی كوردستان رێگه‌ بدات سوپای عیراق به‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودا تێپه‌ڕ ببێت، ئه‌وه‌ش له‌ مه‌خمور و موسڵ كردی له‌ حه‌ویجه‌ دووباره‌ی ناكاته‌وه‌".

ره‌شاد گه‌ڵاڵی ئه‌وه‌شی وت: "ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن نه‌كرێت سوپای عیراق له‌ دوو شوێنه‌وه‌ ده‌توانێت پێشڕه‌وی بكات ئه‌ویش پردی فه‌تحه‌ كه‌ چوارڕیانێكی نزیك بێجییه‌، له‌گه‌ڵ به‌شی رۆژهه‌ڵاتی شه‌رگات، كه‌ له‌و دوو رێگایه‌وه‌ داعش زیاتر به‌رگری ده‌كات و زیانی زۆریش به‌ر سوپای عیراق ده‌كه‌وێت".

ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كێتی ئه‌وه‌شی باسكرد: "كورد له‌ سێ رێگه‌وه‌ ده‌توانێت به‌ر به‌ داعش بگرێت، یه‌كه‌م چوارڕیانی حه‌ویجه‌، دووه‌م به‌رزاییه‌كانی پشت دوبزه‌، سێیه‌میان له‌ باشووری رۆژئاوای ناحیه‌ی قه‌زاجه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر له‌م سێ رووه‌و دوو رووه‌كه‌ی دیكه‌شه‌وه‌ هێرش بكرێته‌ سه‌ر داعش، ئه‌وه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا یان ده‌بێت خۆیان به‌ ده‌سته‌وه‌ بده‌ن، یان شه‌ڕ بكه‌ن تا ده‌كوژرێن".

سەرەتای‌ ئەم مانگە فرۆکەکانی‌ هێزی‌ ئاسمانی‌ عیراق ملیۆنەها بڵاوکراوەیان لە ئاسمانی‌ حەویجەدا بەردایەوە و داوایان لە دانیشتوانەکەی‌ کرد خۆیان لە پێگەکانی‌ داعش بەدووربگرن.

قه‌زای‌ حه‌ویجه‌  55 كیلۆمه‌تر لە باشووری‌ رۆژئاوا‌ی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوكەوە دوورە و هەرسێ پارێزگای نەینەوا و سەڵاحەدین و کەرکوک بەیەکەوە دەبەستێتەوە و لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014 ەوە لە ژێر دەستی چەکدارانی داعشدایە.

پێش هاتنی داعش دانیشتوانەکەی بە زیاتر لە 400 هەزار کەس مەزەندە دەکرا، كه‌ بەشی زۆریان عه‌ره‌بی‌ سوننە مه‌زهه‌بن.


AM:11:04:05/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 7558 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو