ئەردۆغان ڕەخنەی توند دەگرێت لە بڕیاری دادگای واشنتن سەبارەت بە پاسەوانەکانی

‌رەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆکی تورکیا

وێستگە نیوز-

رەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆکی تورکیا دەڵێت مایەی شەرمەزاریە کە دادگایەکی ئەمەریکا بڕیاریداوە 19 کەس تۆمەتبار بکات کە 15 یان پاسەوانانی ئاسایشی تورکین.

ئەم لێدوانەی رەجەب تەیب ئەردوغان دوای ئەوە دێت کە 19 کەس بە فەرمی لە ئەمەریکا تۆمەتبارکراون بەهۆی هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران ئەوانەی بە ئاشتیانە لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە واشنتن گردببوونەوە لەو کاتەی سەرۆکی تورکیا لە 16 مانگی پـێنجی ئەمساڵدا بە سەردانێک گەیشتبووە ئەمەریکا.

لەو بارەیەوە رەجەب تەیب ئەردوغان وتی" ئەو پاسەوانانە کە دادگایەکی ئەمەریکا تۆمەتباری کردوون، پاسەوانی منیان دەکرد و منیان دەپاراست لە گروپێکی سەر بە ملیتانانی کوردی قەدەغەکراو، دوای ئەوەی پۆلیسی ئەمەریکا نەیانتوانی پارێزگاریم لێبکەن."

پێویستە بوترێت یەکێک لەوانەی تۆمەتبارکراوە، سەرۆکی پاسەوانانی خودی ئەردۆغانە،  رەجەب تەیب ئەردوغان تۆمەتبارکردنی فەرمی پاسەوانەکانی بە کارێکی روون و شەرمەزار لەقەڵەمدا، دەڵێت ئەمە دەرخستنی شێوازی کارکردنی دادوەریە لە ئەمەریکا ، ئەردۆغان وتیشی" لە میانەی سەردانی ئەم مانگەی بۆ شاری نیویۆرک، ئەم مەسەلەیە لەگەڵ دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا تاوتوێ دەکات.

بەڵام لەلایەكی ترەوە ڕێکس تێلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێكدا بەتوندی پشـتیوانی لە بڕیارەکەی دادگا کرد و وتی" ئەمەریکا چاوپـۆشی ناکات لە هیچ کەسێـک بیەوێت بە ترساندن و توندوتیژی دەنگی ئازادی ڕادەربڕین و خستنە ڕووی ڕاوبۆچوونی سیاسی کپ بکات."


AM:08:59:02/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 3052 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو