ئەردۆغان: کورد دەوڵەتی سەربەخۆی نابێت و دەسەڵاتدارانی هەرێمیش باجی ڕێفراندۆمەکەیان دەدەن

‌رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا

وێستگە نیوز-

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان باجی ئەو ڕیفراندۆمە دەدەن کە کردیان لە کاتێکدا لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی دژایەتی دەکرا.

ئەردۆغان لەوتەیەکدا بۆ ئەندامانی حزبەکەی لەشاری ئەرزڕۆم وتی: "کورد بەهیچ شێوەیەک دەوڵەتی سەربەخۆیان نابێت، وتیشی: "هەرێمی کوردستان برینێکیان لەناوچەکە دروستکرد بۆئەوەی هێندەی تر دۆخەکە ئاڵۆز بکەن".

لەبارەی پەیوەندی ئابوری هەرێم و تورکیاشەوە ئەردۆغان وتی: "پەشیمان نین لەوەی لە ڕابردوودا کردویانە، بەڵام لەبەرئەوەی دۆخەکە گۆڕاوەو حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی لەدژی تورکیا ناوە دەبێت باجەکەی بدات".

لە رابردوودا ئەردۆغان هەڕەشەی ئەوەیکرد، ئەگەر وڵاتەکەی نەوت و ڕۆیشتنی بارهەڵگرەکان بۆ هەرێمی کوردستان بوەستێنێت خەڵکەکەی برسی دەبن، بەڵام لە ئێستادا دەڵێت: "رێوشوێنەکانی تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لەپشت ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە بوون".

دوێنیش بینالی یڵدرم سەرۆک وەزیرانی تورکیا وتی، لەمەودوا ئەنقەرە بەهیچ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستاندا ناکات و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێم لەڕێی حکومەتی ناوەندییەوە ئەنجامدەدات.

رۆژی دووشەممە 25ی ئەیلول هەرێمی كوردستان وێڕای هۆشدارییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی كوردستان ئەنجامدا.



د.ف


PM:06:56:30/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 15132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو