په‌یامێك له‌ قوباد تاڵه‌بانیه‌وه‌ بۆ سەرپەرشتیارانی ئیدارەی راپەڕین

‌قوباد تاڵه‌بانی

وێستگه‌ نیوز ـ
قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی ده‌ستخۆشی ئاڕاسته‌ی سه‌رپه‌رشتیاران و لێپرسراوانی ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین ده‌كات كه‌ دڵسۆزانه‌ به‌ ئه‌ركی خۆیان هه‌ستاون و پشتیوانی حكومه‌تی هه‌رێمیشیان بۆ دووپاتده‌كاته‌وه‌.

قوباد تاڵه‌بانی، له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نووسیویه‌تی: "دەستخۆشی لەسەرپەرشتیاران و لێپرسروانی دەڤەری پشدەرو بتوێن بەتایبەت (رانیە، قەڵادزێ) و سەرجەم لایەنە پەیوەندی دارەکان دەکەم، کە دڵسۆزانەو خەمخۆرانە بە ئەرک و کاری خۆیان هەستان لەم رووداوە نە خوازراوەدا".

ده‌شڵێت: "بەندە وەک حکومەتی هەرێم پاڵپشت و هاوکارتان دەبین، خۆمان بە خزمەتکاری ئەم دەڤەرە تێکۆشەر و سەرجەم هاوڵاتیانی کوردستان دەزانین، وەک حکومەتی هەرێم تەواوی دەسەڵاتمان داوەتە سەرپەرشتیاران و لێپرسراوانی دەڤەرەکە بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر و هەرچی زوە قەرەبوی زیان لێکەوتوان بکرێتەوەو ئامادەکاری تەواو بکەن بۆ هەرپێشهاتێکی تری لەناکاو ، هیوای چاکبونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازم".

دوێنێ بوومەلەرزەیەک چەند ناوچەیەکی هەرێمی گرتەوە و کەشناسی هەرێم رایگەیاند: "بوومه‌له‌رزه‌کە له‌ دووری شه‌ش كیلۆمه‌تر له‌ قه‌لادزه‌وه‌ به‌قوڵایی‌ 10 كم و به‌ گوڕی‌ 5.3 پله‌ به‌ پێی‌ پێوه‌ری‌ رێخته‌ر روویداوە".

پێشتریش لە رۆژی 21ی ئەم مانگەدا بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.4 بە پێوەری رێختەر لە دەوروبەری پارێزگای هەڵەبجە بە دووری 24 کیلۆمەتر بە قوڵیی 8 کیلۆمەتر و روویدا.

هەروەها لە رۆژی 4ی تەموزی 2017 کەشناسی هەرێم رایگەیاند، بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 2.9 پلە بە پێوەری ڕێختەر و لە قوڵایی 10 كیلۆمەتر نزیك (هەڵەبجە) روویدا بێ ئەوەی هیچ زیانێکی‌ هەبێت.

رۆژی 15ی ئەم مانگەش کەشناسی راپەڕین رایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.8 پلەی رێختەر لە سنووری ئیدارەی راپەڕین روویداوە.

بوومەلەرزە لە ئاکامی لێکترازان و بەریەککەوتنی چینەکانی ژێر زەویدا ڕوودەدات، کاتێک ئەو چینانە دەکەونە سەریەک و پەستانێکی زۆر لەسەر یەک دروست دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی شکان و لێکترازانیان و بەم هۆیەشەوە بوومەلەرزە روودەدات.

یەکێک لە بەهێزترین بوومەلەرزەکان لە مێژوودا، لە ساڵی 1960دا لە وڵاتی چیلی روویداوە، کە 9.5 پلە بووە بە پێوەری ڕێختەر، بوومەلەرزەکە بووە هۆی کوشتنی هه‌زار و 655 کەس و برینداربوونی نزیکەی سێ هەزار کەس، هەروەها نزیکەی دوو ملیۆن کەسیشی ئاوارە کرد.


PM:12:22:24/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 4256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو