‌جۆرەکانی نازۆری بەردی گورچیلە

وێستگە ستایل-

کێشەی بەردی گورچیلە زۆر بەربڵاوە لە کوردستان و عێراق. خۆشبەختانە بەهۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیاوە ئێستا پزیشكه‌كان ده‌توانن هەموو جۆرە بەردێک چ لە گورچیلە، بۆری گورچیلە(حالب) یان میزەڵدان دابێت بە نازۆر لایببەن، دکتۆر کاوە پزیشكی نەشتەرگەری گورچیلەو میزەڕۆو نەزۆکی پیاوان له‌م بابه‌ته‌دا جۆره‌كانی نازۆری به‌ردی گورچیله‌ ده‌خاته‌ ڕوو.


بەگشتی دووجۆر نازۆر هەیە:
۱ـ نازۆری ڕەق (Rigid scope)
۲ـ نازۆری نەرم  (Flexible scope)
نازۆریی ڕەق سێ جۆرە: 
1-نازۆری میزەڵدان : ئەم جۆرە بۆ بینینی ناو میزەڵدان و بۆری میزو لابردنی پڕۆستات و گرێی میزەڵدان و بەردی میزەڵدان بەکار دێت، واتە نازۆرێکی کورتەو لە ستیل دروستکراوە. 

2-نازۆری بۆری گورچیلە (حالب): ئەم جۆرە بۆ بینین و لابردنی گرێو بەردی بۆری حالب بەکاردێت و لە نازۆری میزەڵدان درێژترە نزیکەی ٤٥ سم ئەبێت و لە بۆری میزەوە ئەنێردرێت بۆ میزەڵدان پاشان لە میزەڵدانەوە بۆ بۆری گورچیلە.

3-نازۆری گورچیلە لە کەلەکەوە: ئەم نازۆرە جیاوازە لە دوو جۆرەکەی تر لەبەر ئەوەی بەڕێگای ئاسایدا ناڕوات، بەڵکو لە کەلەکەوە کونێک دەکرێتە پێست و دیواری سک تا ناو گورچیلەو انجا لەوکونەوە نازۆره‌کە ئەنێردرێتە ناو گورچیلە،ئەم نازۆرە بۆ بەردی گەورەی ناو گورچیلە بەکار دێت. واتە ئەوبەردانەی کە لە ۲٠ ملم گەورەترن.

2-نازۆری نەرم دوو جۆرە:
1-نازۆری نەرمی میزەڵدان: ئەم جۆرە نەرمەو لە پلاستیک دروست کراوە لەبەر ئەوە سەری نازۆرەکە ئەتوانرێ بسوڕێنرێ و لەگۆشەی جیاوازەوە ناو میزەڵدان ببینرێ. بەڵام ئەم جۆرە بەس بۆ سەیرکردن و لابردنی قه‌سته‌رەی حالب بەکاردێت.

2-نازۆری نەرمی گورچیلە: ئەم نازۆرە نەرمەو نزیکەی ۷٠ سم درێژە کە ئەتوانێت لە بۆری میزەوەبگاتە ناو گورچیلەو بەردی ناو گورچیلە بشكێنێت بەبێ هیچ کون وتەقەڵێک، بەس ئەم نازۆرە بەزۆری بۆبەردی پچوکی ناو گورچیلە بەکاردێت کە لە ۲٠ ملم بچوکتربێت.

بەشێوەیەکی گشتی باشی نازۆرئه‌وه‌یه‌ کە پێویست بە فتح و تەقەڵی زۆر ناکات و نەخۆش زۆر زوتر چاک دەبێتەوەو كاریگه‌ری لاوه‌كی زۆر کەمترە لە نەشتەرگەری كردنه‌وه‌ی‌ گه‌وره‌.


PM:02:53:29/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 716 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌