سڕکردنی گشتی بۆ نەشتەرگەری چۆن ئەنجامدەدرێت؟
وێستگە ستایل-
سڕکردنی گشتی (بەنج عام) یەکێکە لە شێوازەکانی سڕکردن و بەشێکی گرینگی نەشتەرگەریە، بەشێوەیەکی گشتی بەم شێوەیە بەڕێوەدەچێت، كه دكتۆر ڕهوا پزیشكی سڕكردن لهم بابهتهدا باسیدهكات.
سێ بنەما ڕەچاودەکرێ لەکاتی پێدانی ئەم جۆرە سڕکردنە:
1-دەبێت نەخۆش بخەوێت و هیچی لەبیر نەمێنێت.
2-نابێت نەخۆش ئازاری هەبێت.
3-نابێت نەخۆش جوڵەی هەبێت تەنانەت پەرچەکردارەکانیش.
پڕۆسەکەش لەسەرەتادا بەوە دەستپێدەکا پزیشکی سڕکردن هەڵسەنگاندنی تەواوەتی بۆ نەخۆش ئەنجام دەدات و دواتر بڕیار لەسەر جۆری سڕکردنەکە دەدات لەگەڵ نەخۆشەکە ،ئینجا نەخۆشەکە ئامادە دەکرێت لەڕێگای دانانی کانیۆلا و دانانی ئامێرەکانی چاودێری کردنی نەخۆشەکە.
ئینجا لەڕێگای کانیۆلاکە یان گازی بێهۆشکردن نەخۆشەکە دەخەوێندرێ و دەرمانی ئازارشکێن و ئیفلیجکردنی ماسولکەی پێدەدرێت.
بەهۆی دەرمانی ئیفلیجکردنی ماسولکەکەوە نەخۆش چیتر ناتوانێت بۆخۆی هەناسە بدات بۆیە سۆندەیەک بۆ ناو ڕێڕەوی هەناسەی دادەنرێت و ئەم سۆندەیە دەبەسترێتەوە بە ئامێرێک کە هەناسە بە نەخۆشەکە دەدات کۆنتڕۆڵی دەکات و لەهەمانکاتدا گازی بێهۆشکەریش بە بەردەوامی بە نەخۆش دەدات.
پاش دانانی سۆندەکە و بەستنی بە ئامێری هەناسەدانی دەستکرد ئیتر نەخۆشەکە ئامادەیە بۆ نەشتەرگەریەکە.
ئینجا لەماوەی نەشتەرگەریەکە دەبێ نەخۆش چاودێری بکرێت و دەرمان و گازەکانی بە بەردەوامی پێبدرێت بۆ بەردەوامی دان بە سێ بنەماکەی سەرەتا کە باسمان کرد.
لەکۆتای نەشتەرگەریەکە نەخۆش چیتر دەرمان و گازەکانی پێنادرێتەوە بە مەبەستی بە ئاگاهاتنەوەی و دواتر دەرمانێک بۆ گەڕاندنەوەی کارکردنی ماسولکەکانی پێدەدرێت و سۆندەکەی بۆ دەردەهێندرێت.
ئینجا دەگوازرێتەوە بۆ بەشی دوای نەشتەرگەری بۆ بە ئاگاهاتنەوەی تەواوەتی و لەوێش چاودێری دەکرێت تا بە تەواوی بەئاگا دێت.
پاش ئهوه نەخۆشەکە دەدرێتەوە دەست خانەوادەکەی یان دەبردرێت بۆ بەشی چاودێری چڕ بەگوێرەی حاڵەتەکەی و جۆرە نەشتەرگەریەکەی.
PM:03:57:25/06/2024
ئهم بابهته 1432
جار خوێنراوهتهوه