‌نەخۆشی بەڵەکی پێست چاره‌سه‌ری هه‌یه‌؟

وێستگە ستایل-

بەڵەکی پێست بە تێکچوونی بەرگری خۆکار ناسراوە کە لە ئەنجامی هێرشکردنی سیستەمی بەرگری لەش لەسەر خانەکانی میلانین کە ڕەنگی میلانین بەرهەمدەهێنن ڕوودەدات ، و دەبێتە هۆی دەرکەوتنی پەڵەی سپی لەسەر پێست. بەڵەکی پێست دەتوانێت کاریگەری لەسەر هەر بەشێکی جەستە هەبێت لەوانە مل و دەست و دەموچاو، دکتۆر شادیار پزیشکی پسپۆڕی جوانکاری و نەخۆشیەکانی پێست له‌م بابه‌ته‌دا زانیاری زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م نه‌خۆشییه‌ ده‌خاته‌ ڕوو.

چارەسەری بەڵەکی پێست
بەداخەوە تا ئێستا هیچ چارەسەرێک نییە کە بتوانێت بەڵەکی پێست بە تەواوی چارسەر بکات، بەڵام زۆر چارەسەر هەیە کە ئامانجیان گەڕاندنەوەی ڕەنگی پێستە، دیارترینیان بریتین لە:

1-کرێمی پێست: ئەم چارەسەرانە ئامانجیان گەڕاندنەوەی ڕەنگی پێستە بە بەکارهێنانی ڕاستەوخۆ لەسەر پەڵە سپییەکان، لەوانە: کۆرتیزۆل

2-دەرمان: بەکاردێت بۆ کەمکردنەوەی گەشەکردنی پەڵەی سپی و گەڕاندنەوەی ڕەنگی پێست وەک پریدنیسۆلۆن.

3-چارەسەری فۆتۆ (تیشکی سەروو بنەوشەیی): بریتییە لە بەرکەوتنی پێستی کەسی تووشبوو بە تیشکی سەروو بنەوشەیی، بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت بەشێکی گەورەی پێستی کەسەکە تووشبووە بە بەڵەکی پێست

4-چارەسەری لابردنی ڕەنگ: ئەم دەرمانانە لە حاڵەتەکانی توشبوون بە بەڵەکی پێست توند بەکاردێت، کە پەڵەی سپی زیاتر لە 50%ی جەستە دادەپۆشێت، و تێیدا هەموو ڕەنگی پێست لادەبرێت بۆ یەکخستنی ڕەنگەکە.

5-نەشتەرگەری: پزیشکان دەتوانن نەشتەرگەری بەکاربهێنن بۆ چارەسەرکردنی بەڵەکی پێست درێژخایەن، یان بەڵەکی پێست کە وەڵامی چارەسەرەکانی تری نەداوەتەوە ئامانج لێی گەڕاندنەوەی ڕەنگی ئاسایی پێستە.

6-چاندنی خانەکانی میلانین: ئەم ڕێکارە نەشتەرگەرییە بریتییە لە وەرگرتنی خانەکانی میلانین لە بەشێکی تەندروست لە پێست، پاشان چاندنی بۆ ئەو ناوچانەی لەش کە تووشی بەڵەکی پێست بوون بۆ ئەوەی بتوانن گەشە بکەن وڕەنگی ئاسایی پێست بگەڕێندرێتەوە.


PM:12:27:15/06/2024


ئه‌م بابه‌ته 1188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌