هه‌واڵێكی ناخۆش بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی تاتۆ له‌سه‌ر جه‌سته‌یان هه‌یه
وێستگە ستایل-
ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ ئاشكرای كردوه ئه‌و كه‌سانه‌ی تاتۆ له‌سه‌ر جه‌سته‌یان هه‌یه مه‌ترسی توشبوونیان به"لیمفۆما" زۆره، واته وه‌ره‌می لیمفی كه جۆرێكی نوێی شێرپه‌نجه‌ی خوێنه، هاوكات تاتۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆئه‌ندامی به‌رگری ده‌بێت.
توێژینه‌وه‌كه له زانكۆی"لۆند" له سوید ئه‌نجامدراوه ئه‌نجامه‌كان ئاشكرای كردوه تاتۆ مه‌ترسی توشبوون به شێرپه‌نجه‌ی لیمف %21 زیاد ده‌كات، بۆ ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ش داتا له‌سه‌ر 11905 كه‌س وه‌رگیراوه و 2938 كه‌سیان توشی شێرپه‌نجه‌ی لیمف بوون كه ته‌مه‌نیان له‌نێوان 20-60 ساڵدا بووه و ده‌رئه‌نجامه‌كان له گۆڤاری ClinicalMedicine بڵاوكراوه‌ته‌وه، پسپۆڕان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه بابه‌ته‌كه پێویستی به توێژینه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه.
كریستیل نیلسن توێژه‌ر له زانكۆی لۆند كه سه‌رۆك و سه‌رپه‌رشتیاری توێژینه‌وه‌كه‌یه وتویه‌تی" له‌م توێژینه‌وه‌یه‌وه هۆكارێكی توشبوون به شێرپه‌نجه‌ی لیمف ئاشكرا بووه، بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ش پشتمان به‌وه به‌ستوه داتاكان له‌سه‌ر كه‌سانێك وه‌ربگرین كه تاتۆیان كردوه، بێجگه له‌وه‌ش كێشانی جگه‌ره و ته‌مه‌ن دوو هۆكاری دیكه‌ی كاریگه‌رن به‌ڵام تاتۆ %21 مه‌ترسی توشبوون به‌م جۆره‌ی شێرپه‌نجه زیاد ده‌كات، قه‌باره‌ی تاتۆكه‌ش گه‌وره بێت یان بچووك جیاوازی نییه"
ئه‌م پسپۆڕه ده‌شڵێت" كاتێك ده‌رزی تاتۆ ده‌خرێته سه‌ر پێست، جه‌سته له‌وه تێده‌گات بابه‌تێكی نامۆ هه‌یه و كۆئه‌ندامی به‌رگری چالاك ده‌كات، به‌شێك له مره‌كه‌به‌كه له پێسته‌وه ده‌گوێزرێته‌وه بۆ گرێ لیمفاویه‌كان، پێویسته توێژینه‌وه‌ی دیكه‌ش ئه‌نجامبده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری ئه‌م بابه‌ته زیاتر بزانین"
AM:10:39:28/05/2024
ئه‌م بابه‌ته 1148
جار خوێنراوه‌ته‌وه