‌ده‌تواندرێت ڕێگری له‌ خۆکوژی بكرێت؟

وێستگە ستایل-

خۆکوژی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن، دیاردەیەکی جیهانییە، بەگوێرەی داتاکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ساڵانە (٧٠٠٠٠٠) حەوتسەد هەزار کەس بە خۆکوژی دەمرن، واتە هەر (٤٠) چرکەیەک و مرۆڤێک خۆی دەکوژێت. لە ساڵی ٢٠١٩ خۆکوژی ڕێژەی (٪١.٣)ی هۆکارەکانی مردن پێکدەهێنێت و لەو ساڵەدا حەڤدەیەم هۆکاری مردن بووە، لەناو نەوجەوانان و گەنجاندا (تەمەنی ١٥-٢٩ ساڵ) چوارەم هۆکاری مردنە، ئایا ئه‌م حاڵه‌ته‌ ڕێگری لێدەکرێت؟ دكتۆر جەعفەر پزیشكی نه‌خۆشی ده‌رونی له‌م بابه‌ته‌دا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ده‌داته‌وه‌.

ئه‌م پزیشكه‌ ده‌ڵێت"خۆکوژی دەتواندرێت ڕێگری لێبکرێت، ئەویش لەسەر بنەمای کارکردن لەسەر نەهێشتنی هۆکارەکان و ناسینەوەی ئەو کەسانەی کە خۆیان دەکوژن. بۆنمونە بەدەمەوەچوونی خێزان بۆ چارەسەری نەخۆشییە دەروونییەکان و مامەڵەی دروستی تاک و کۆمەڵ لەگەڵ کێشە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان، بنەمای سەرەکین بۆ چارەسەری ئەم کێشە جیهانییە، ئێمە لە کوردستان کەلێنی زۆرمان لە بواری ڕێگریدا هەیە کە زۆربەی پەیوەستە بە هۆشیاری تاک و کۆمەڵگەوە."

نیشانە ئاگادارکەرەوەکان:
هەندێک نیشانە هەن، ئەوە پیشاندەدەن کە کەسێک ئەگەری هەیە هەوڵی خۆکوژی بدات، هەرکات کەسێکمان بینی ئەو نیشانانەی هەیە، پێویستە بە زووترین کات هاوکاری بکەین و ڕزگاری بکەین. ئەو نیشانانەش بریتن لە:
1- هەستکردن بە بێهیوایی و نائومێدی لە ژیاندا و ڕەخنەگرتن لە خود و خۆی بە کەسێکی بێنرخ ببینێت و بزانێت.
2- قسەکردن لە بارەی مردن و ویستی مردن، بۆنمونە کەسەکە دەڵێت؛ "دەمەوێت خۆم بکوژم" 
3- گەڕان بۆ دەستکەوتنی هۆکارەکانی خۆکوشتن، بۆنمونە کوڕێکی گەنجە و بەدوای چەکدا دەگەڕێت.
4- بوونی خەمۆکییەکی تووند لە لای تاک، جا بەهۆی بوونی نەخۆشییەکی دەروونییەوە بێت یان کێشەی کۆمەڵایەتی و عاتفی هەبێت.
5- گۆشەگیری و خۆدابڕینی لە کۆمەڵ و خێزان.
6- ڕەفتاری نامۆ و جیاواز، بۆنمونە سەردانیکردنی خزموکەسوکار و داوای گەردنئازادی بەبێ هۆکار، یان سەردانیکردنی سەرقەبران لەکاتێکدا کە خوی ئەو نەبووە و پێشت کاری واینەکردووە.
7- نوسینی وەسیەت و نامە بۆ کەسانی تر، لەوانەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ماڵئاوایی لە هاوڕێیانی بکات.
8- گۆڕانکاری لەناکاو لە کەسەکەدا، بۆنمونە تێکچوونی خەو، توندوتیژی، دڵەڕاوکێ و ترسێکی زۆر، .

هەرچەندە ناتواندرێت بە تەواوی بزندرێت کەسێک دەیەوێت خۆی بکوژێت، بەڵام ئەو خاڵانەی سەرەوە ئاماژایەکن بۆ ئەو کردەیە، هەرکات ئەو نیشانەت بینی هەوڵبدە لەگەڵ کەسەکە بمێنیتەوە، ڕێنمایی بکەیت، هاوکاری بکەیت لە چارەسەری کێشەکەیدا، پیشانی کەسانی پسپۆڕی بدەیت.


AM:11:07:06/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 1252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌