‌هۆكار و نیشانه‌ و چاره‌سه‌ری نەخۆشی سورێژە

وێستگە ستایل-

نه‌خۆشی سورێژه‌، بریتیە لە نەخۆشیەکەی گواستراوەی ڤایرۆسی بەهۆی  Measles Virus دروست دەبێت، دكتۆر شڤان پزیشکی پایەبڵندی نەخۆشیەکانی پێست له‌م بابه‌ته‌دا ورده‌كاری زیاتر ده‌خاته‌ ڕوو.

چۆن دەگوازرێتەوە ؟
لەڕێگەی دەنکۆڵەی ناو هەناسە و کۆکە و پژمەوەی کەسی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە نەخۆشیەکە گواستراوە دەبێت دوو ڕۆژ پێش دەرکەوتنی نیشانەکانی و تا ٥ ڕۆژ دوای دەرکەوتنی پەڵەکانی پێست و تووشی هەموو تەمەنێک دەبێت بەڵام زیاتر مناڵ و گەنج تووش دەبن.

کێن ئەو کەسانەی کە سوورێژە مەترسی دەبێت لەسەر ژیانیان ؟
1-منداڵی بچووک
2-کەسی نەکوتراو بە ڤاکسینی سورێژە.
3-ئەو کەسانەی بەرگی لەشیان لاوازە وەکو کەسانی نەخۆشی ئایدز، نەخۆشیە شێرپەنجەییەکان، نەخۆشێک لەسەر دەرمانی ستیرۆید و دەرمانی دابەزاندنی بەرگری لەش بێت.
4-ئافرەتی دووگیان

ئەگەر تووش بووم، کەی نیشانەکانم لێ دەرەکەوێت ؟
دوای تووشبوون بە نزیکەی ١٠-١٤ ڕۆژ نیشانەکان دەردەکەون ، بە شێوەی گشتی نیشانەکانی بریتین لە
-تا 
-لەش داهێزران
-نەمانی ئارەزووی خواردن
-پەڵەی سووری پێست 
-پەڵەی ناوپۆشی دەم
-کۆکە و پەسیوی
-سووربوونەوەی چاو

 پەڵەکانی پێست :
پەڵەی سوور و وردن هەندێک جار یەک دەگرن و پەڵەی سووری گەورە دروست دەکەن، بەشێوەی گشتی ناخورێن ، سەرەتا لە دەم و چاو و پشتی گوێ دروست ئەبن پاشان بەسەر هەموو جەستەدا بڵاو دەبنەوە و دوای چەند رۆژێک دەست دەکەن بە کاڵبوونەوە لە هەمان شوێنی دروست بوونەوە.

چارەسەر :-
چارەسەرێکی دیاریکراو نیە بۆ نەخۆشی سورێژە جگە لە ئیسراحەت و پێدانی دەرمانی دژە تا ، ڤیتامین A، شێدارکردنەوەی جەستە بە شلەمەنی و ئاو ، دژە بەکتریا و دژە ڤایرۆس لە هەندێک کات دا ، بۆیە پێوستە خۆپاراستن لەڕێگەی کووتانەوە بکرێت.

ئاڵۆزیەکانی (موزاعفات ) سورێژە چین ؟
هەوکردنی سییەکان ، گوێ ، چاو، کۆئەندامی هەرس و مێشک، دڵ، هەروەها خوێن، کە دوورنیە لێکەوتەی مەترسیدار و تا مردنی لێ بکەوێتەوە .

 چۆنیەتی خۆپاراستن :
لە ڕێگەی کوتانی نیشتیمانی (لە پرۆگرامی کوتانی نیشتیمانی کوردستانیشدا هەیە  )و کوتانی بەهێزکەر کە لەئێستادا لە باخچەی ساوایان و قوتابخانە سەرەتاییەکان لە پۆلی ١ تا ٦ دەستیپێکردووە کە بەشێوەی دەرزی دەبێت و تا بەرواری  ٢٦/٤/٢٠٢٤
دەخایەنێت ٨٧٣،١٩١ منداڵ بە ئامانج دەگیرێن .


AM:10:44:20/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 440 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌