‌مادده‌یه‌ك له‌ مۆبایلدا هه‌یه‌ هۆكاری توشبوونه‌ به‌ شێرپه‌نجه‌

وێستگە ستایل-

تیمێکی زانایان لە چین ئاشكرایان كردوه‌، ئەو ماددە کیمیاییانەی کە بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ مه‌ترسی سوتانی مۆبایلی زیرەک بەکاردێت، مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد ده‌کات.

لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، مادده‌ی‌ (PBDEs) بەکاردەهێنرێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ مه‌ترسی سوتان، بەهۆی ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م مادده‌یه‌ توانای خاوکردنەوەی بڵاوبوونەوەی ئاگری هه‌یه‌، کە ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە ڕزگارکردنی ژیانی هەزاران کەس.

ئێستا، توێژینەوەیەک کە بۆ ماوەی دوو دەیە بەدواداچوونی بۆ 1100 کەسی پێگەیشتوو ئەمریکی کردووە، دەرکەوتووە ئەوانەی زۆرترین ئاستی ماددە کیمیاییەکانیان لە خوێنیاندا هەیە، ئەگەری مردنیان بەهۆی شێرپەنجەوە چوار هێندە زیاترە لە چاو ئەو کەسانەی بەرکەوتەی کەمترین ئاستی PBDE بوون ولە ماوەی توێژینەوەکەدا ١٩٩ بەشداربوو گیانیان لەدەستداوە، کە دەکاتە ١٨%ی بەشداربووان.

زانایان هۆشداریان داوه‌ مادده‌ی‌ PBDE پاش تێكشكانی توخمەکانی  تۆز دروست ده‌کات. دەتوانێت لە ڕێگەی هەڵمژینی یان وەکو پیسکەر لە خۆراکەکاندا بچێتە ناو جەستەی مرۆڤەوە، هۆرمۆنەکان تێکدەدات، زیان بە جینەکان دەگەیەنێت و ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکات.

زاناکان لە توێژینەوەکەیاندا نووسیویانە "ئه‌م ماددە کیمیاویه‌ هۆرمۆن تێكده‌دات، پاش ئه‌وه‌ی‌ PBDE و میتابۆلیتەکانیان دەتوانن بە وەرگرەکانی هۆرمۆن (واتە وەرگرەکانی ئیسترۆجین) ببەسترێنه‌وه‌و بەم شێوەیە هاوسەنگی هۆرمۆنەکان تێکده‌دات، ئەمەش ڕۆڵی هەیە لە گەشەکردنی وەرەمەکانی ناوپۆشی لەش وەک شێرپەنجەی غودەی دەرەقی"

تیمەکە ئاماژەیان بەوەشکردووە، توێژینەوەکەیان یەکەم توێژینەوەیه‌ پەیوەندی نێوان بەرکەوتن بە PBDE و مەترسی مردن بەهۆی هۆکاری تایبەتەوە، لەنێویاندا شێرپەنجە، دەکۆڵێتەوە.

جێگای سەرنجە توێژینەوەیەک کە لە ساڵی2017 ئەنجامدراوە، تیایدا 64 جۆری مۆبایل و کۆمپیوتەر تاقیكراوه‌ته‌وه‌، دەرکەوتووە کە %60 یان PBDE یان لەسەر ڕووی خۆیان هەیە، له‌لای خۆشیه‌وه‌ كۆمپانیای ئەپڵ دەڵێت چیتر ئەم ماددە کیمیاییە لە مۆبایلە زیرەکەکانیدا بەکارناهێنێت.

ئەو ماددە کیمیاییە لە کەرەستەی دیکەشدا هەیە، لەوانە قەنەفە و کورسی و کورسی ئۆتۆمبێل و یاری منداڵان، زۆرێک لە وڵاتان، لەوانەش یەکێتی ئەوروپا، بەکارهێنانی ئەم ماددە کیمیاییانەیان قەدەغە کردووە یان بە شێوەیەکی بەرچاو سنووردار کردووە.


PM:08:58:02/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌