نیشانه بێده‌نگه‌كانی توشبوون به‌چه‌ند جۆرێكی شێرپه‌نجه بزانه
وێستگە ستایل-
رۆژنامه‌ی "Independent" به‌ریتانی له راپۆرتێكدا، بڵاویكردووه‌ته‌وه هه‌ندێك جۆری شێرپه‌نجه، نیشانه‌ی ئاڵۆز یان بێده‌نگی هه‌یه و وا ده‌رناكه‌وێت كه نه‌خۆشییه‌كی ترسناك له جه‌سته‌دا بوونی هه‌یه، لێره‌وه ده‌بێت گرنگی به وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پێشوه‌خته بدرێت، ئه‌مه‌ش ره‌نگه یارمه‌تیده‌ربێت بۆ رزگاركردنی نه‌خۆشه‌كه له مردن یان به‌شداربێت له درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی نه‌خۆشه‌كه.
رۆژنامه‌كه له زاری پسپۆڕانی ته‌ندروستییه‌وه، بڵاویكردووه‌ته‌وه پێنج جۆری به‌ربڵاوی شێرپه‌نجه هه‌یه كه نیشانه‌كانی ئاڵۆزه یان بێده‌نگه و بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه:
1-شێرپه‌نجه‌ی كۆئه‌ندامی هه‌رس:
شێرپه‌نجه‌ی كۆئه‌ندامی هه‌رس، ئه‌م ئه‌ندامانه له‌خۆده‌گرێت سورێنچك، گه‌ده، زراو، په‌نكریاس، ریخۆڵه‌كان. پزیشكی راوێژكاری شێرپه‌نجه دكتۆر جه‌یسۆن چۆ، روونی ده‌كاته‌وه كه شێرپه‌نجه‌ی كۆئه‌ندامی هه‌ره‌س "ده‌كرێت زۆر فێڵبازبێت و له‌گه‌ڵ نیشانه‌ی نهێنی دیكه‌دا بێت" و ده‌ڵێت: "بوونی خوێن له پیسایدا، تاقه نیشانه نییه، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك نیشانه‌ی دیكه هه‌یه كه پێویسته مرۆڤ بیانزانێت و پزیشكه‌كانی لێ ئاگاداربكاته‌وه".
ئه‌و نیشانانه‌ی دیكه كه پێویسته به دوایدا بگه‌ڕێین، بریتییه له: نه‌مانی كێش بێ هیچ هۆكارێكی دیاریكراو، هێڵنجدان یان رشانه‌وه، بوونی ئازاری سك یان به‌رده‌وام هه‌ستكردن به ناڕه‌حه‌تی ناو سك یا بوونی ئازار له‌كاتی قووتدانی پارو.
دكتۆر چۆ ده‌ڵێت: "له‌وانه نییه بوونی یه‌ك له‌و نیشانانه، مانای تووشبوون بێت به شێرپه‌نجه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر نیشانه‌ی له‌و جۆره‌ت هه‌بوو، نیشانه‌كان له زیادبوون و چاكنه‌بوونه‌وه‌دا بوو، ئه‌وا له‌و كاته‌دا پێویسته سه‌ردانی پزیشك بكه‌یت".
سه‌باره‌ت به شێرپه‌نجه‌ی ریخۆڵه، له سه‌دا 90% ئه‌و كه‌سانه‌ی تووشی ده‌بن، ئه‌گه‌ر له قۆناغێكی زوو به نه‌خۆشییه‌كه بزانن، ئه‌وا بۆ ماوه‌ی 5 ساڵ یان زیاتر، له ژیان ده‌مێننه‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له قۆناغه‌كانی كۆتاییدا به نه‌خۆشییه‌كه زانرا، ئه‌وا ئه‌و رێژه‌یه‌ی سه‌ره‌وه داده‌به‌زێت بۆ له سه‌دا 10%.
2-شێرپه‌نجه‌ی هێلكه‌دان:
شێرپه‌نجه‌ی هێلكه‌دان كه به "بكوژی بێده‌نگ" ناسراوه، ئه‌م نه‌خۆشییه، هه‌ندێكجار ده‌توانێت هاوشێوه‌ی نیشانه‌كانی هه‌وكردنی قۆڵۆن (IBS) یان راوه‌ستانی سوڕی مانگانه وه‌ربگرێت، بۆیه زۆرجار به هه‌ڵه ده‌ستنیشان ده‌كرێت.
له وڵاتی به‌ریتانیا، ساڵانه نزیكه‌ی 70 هه‌زار ژن، تووشی ئه‌م نه‌خۆشییه ده‌بن، ئه‌گه‌ر له قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تادا نه‌خۆشییه‌كه ئاشكرا بوو، ئه‌وا له سه‌دا 70% تووشبووان به زیندوویی له ژیان ده‌مێننه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له قۆناغه‌كانی كۆتایدا نه‌خۆشییه‌كه ئاشكرابوو، ئه‌وا ته‌نها له سه‌دا 15%ی نه‌خۆشه‌كان به زیندوویی ده‌مێننه‌وه.
ئه‌م نه‌خۆشییه زیاتر دوای راوه‌ستانی سوڕی مانگانه، ده‌بێته نه‌خۆشییه‌كی باوی به‌ربڵاو، ئه‌و نیشانانه‌ی پێویسته چاودێریان بكه‌ین، بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه:
ئازای سك، هه‌ڵئاوسانی به‌رده‌وامی سك یان هه‌وكردنی، دوای نانخواردن زوو هه‌ستكردن به تێری، نه‌مانی ئاره‌زووی خواردن، به‌درێژایی كات هه‌ستكردن به ماندووبوون، پێویستی زۆر بۆ میزكردن یان زوو زوو میزكردن، خوێنبه‌ربوونی زێ دوای راوه‌ستانی سوڕی مانگانه، له‌ده‌ستدانی كێش بێ هۆكارێكی دیاریكراو، ئازاری پشت.
3-شێرپه‌نجه‌ی سییه‌كان:
پزیشكه‌كان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر له قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تادا، شێرپه‌نجه‌ی سییه‌كان ئاشكرا ببێت، ئه‌وا له هه‌ر 10 كه‌سێك كه تووشی ئه‌م نه‌خۆشییه بووه، 6 كه‌سیان بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ و زیاتریش، له ژیان به‌رده‌وام ده‌بن.
ئه‌و نیشانانه‌ی پێویسته به دوایاندا بگه‌ڕێین، بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه: كۆكه له زۆربه‌ی كاته‌كاندا، ته‌نگه نه‌فه‌سی به‌رده‌وام یان پچڕ پچڕ، بوونی خوێن له به‌ڵغه‌مدا، بوونی ئازار له سنگ یان له ناوشان، هه‌وكردنی سنگ كه به‌رده‌وام دێت و ده‌چێت یان هه‌ر چاك نابێته‌وه، نه‌بوونی ئاره‌زووی خواردن، هه‌ستكردن به هیلاكی به درێژایی كات، ئاره‌قكردنه‌وه‌ی شه‌وان و له‌ده‌ستدانی كێش.
4-شێرپه‌نجه‌ی ده‌ماغ(مێشك):
دكتۆر چۆ ده‌ڵێت: "ده‌كرێت شێرپه‌نجه‌ی ده‌ماغ زۆر مه‌ترسیدار بێت و به رێكه‌وت ده‌ستنیشان ده‌كرێت. به‌ڵام له قۆناغێك له قۆناغه‌كان، نیشانه‌كانی به روونی ده‌رده‌كه‌ون".
ئه‌و نیشانانه‌ی پێویسته بۆ ئه‌م نه‌خۆشییه، به دوایدا بگه‌ڕێین بریتییه له: سه‌ریه‌شه، لاوازی هه‌ردوو ده‌ست و هه‌ردوو قاچ، نیشانه‌كانی جه‌ڵته‌ی مێشك، هه‌میشه هه‌ستكردن به نووستن یان له هۆشخۆچوونی دووباره، بینین به ناڕونی، له‌ده‌ستدانی هه‌ستی بۆنكردن یان بیستنی ژاوه‌ژاوی ناو سه‌ر، بوونی كێشه له نووسین و خوێندنه‌وه.
5-شێرپه‌نجه‌ی میزه‌ڵدان:
میكی ڤان هێملریجك، مامۆستای نه‌خۆشییه‌كانی شێرپه‌نجه له زانكۆی كینگه‌ز كۆلیج له له‌نده‌ن، ده‌ڵێت: "شێرپه‌نجه‌ی میزه‌ڵدان، ده‌یه‌مین جۆری شێرپه‌نجه‌یه كه له‌سه‌ر ئاستی جیهانی به‌ربڵاوه، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هوشیاری له‌باره‌یه‌وه له ئاستێكی زۆر نزمه"
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "زۆرجار نیشانه‌كانی ئاڵۆز و نادیاره، هه‌ر بۆیه پێشوه‌خته به نه‌خۆشییه‌كه و نیشانه سه‌ره‌تاییه‌كانی نازانرێت، چونكه كه‌سه‌كان نازانن به دوای چیدا ده‌گه‌ڕێن" .
له به‌ریتانیا، له هه‌ر 130 كه‌سێك له ره‌گه‌زی مێ، یه‌كێكیان تووشی ئه‌م نه‌خۆشییه ده‌بێت و له هه‌ر 55 كه‌سێك له ره‌گه‌زی نێر، یه‌كێك تووشی شێرپه‌نجه‌ی میزه‌ڵدان ده‌بێت، نیوه‌ی ئه‌وانه‌ی تووشی ئه‌م نه‌خۆشییه ده‌بن، هۆكاره‌كه‌ی په‌یوه‌سته به جگه‌ره‌كێشانه‌وه.
دكتۆر میكی ڤان ده‌ڵێت: "نیشانه‌یه‌كی زۆری شێرپه‌نجه‌ی میزه‌ڵدان، وه‌ك زۆربوونی میزكردن، زۆرجار له‌گه‌ڵ نیشانه‌كانی هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن و چوونه ساڵه‌وه، تێكه‌ڵ ده‌كرێت".
ئه‌و نیشانانه‌ی پێویسته به دوایدا بگه‌ڕێین، بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه: بوونی خوێن له میزدا، هه‌وكردنی دووباره‌ی رێڕه‌وی میز، بوونی ئازار له كاتی میزكردن، زۆربوونی میزكردن، ئازاری پشت، یان ئازاری خواره‌وه‌ی سك، ئازاری ئێسكه‌كان، هه‌ستكردن به شه‌كه‌تی یان سه‌رسوڕان، له‌ده‌ستدانی كێش بێ هۆكارێكی دیاریكراو.
پزیشكه‌كان به شێوه‌یه‌كی گشتی، ئامۆژگاری هاوڵاتیان ده‌كه‌ن، له كاتی بوونی ئه‌م نیشانانه‌دا، پێویسته پشكنین بۆ نه‌خۆشییه‌كانی شێرپه‌نجه بكه‌ن:
1-بوونی هه‌ر گرێیه‌كی زیاده له هه‌ر شوێنێكی جه‌سته‌دا بێت، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر قه‌باره‌كه‌ی زیاد بكات. ئا له‌به‌ر ئه‌وه، پێویسته چاودێری هه‌ردوو گون و گۆی مه‌مك و بن باڵ و مل و ران بكرێت.
2-له‌ده‌ستدانی كێش بێ بوونی هۆكارێكی دیاریكراو.
3-گۆڕانكاری له فرمانی ریخۆڵه، له‌وانه سكچون، قه‌بزی، پیسایی شل یان چه‌ور بێ بوونی هۆكارێكی تایبه‌ت، هه‌ستكردن به‌وه‌ی له كاتی چونه ته‌والێت و دانیشتن، ریخۆڵه‌كان به ته‌واوه‌تی به‌تاڵ نه‌بوونه‌ته‌وه.
4-ئازاری گه‌ده یان ده‌رچه‌ی كۆم.
5-هه‌ڵئاوسانی سك كه بۆ ماوه‌ی 3 هه‌فته یان زیاتر بخایه‌نێت.
6-بوونی خوێن له پیسایی یان له میزدا.
7- زێده‌گۆشت (یان خاڵ/ الشامه) كه شێوه‌كه‌ی ده‌گۆڕێت یان ده‌ست ده‌كات به خوران یان خوێنی لێبێت.
8-برینی ناو ده‌م كه ناڕوات.
9-شه‌كه‌تی و ماندووبوونی به‌رده‌وام.
10-بوونی ئازری سك یان پشت بێ ئه‌وه‌ی هۆكارێكی روونی هه‌بێت، ئه‌مه ئێشی سوكی به‌رده‌وام یان ئازاری تووند له‌خۆده‌گرێت كه دێت و ده‌ڕوات.
11-هه‌رسكردنی خۆراك به زه‌حمه‌ت و سووتانه‌وه‌ی گه‌دهن، یان گه‌ڕانه‌وه‌ی خۆراك زیاد له پێویست.
12-خووران یان زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕانی پێست، هه‌ندێكجار زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕانی سپێنه‌ی چاو.
13-كه‌مخوێنی بێ هۆكارێكی دیاریكراو.
14-خوێنبه‌ربوونی زێ دوای راوه‌ستانی سوڕی مانگانه یان له نێوان سوڕی مانگانه‌كاندا.
15-ئاره‌قكردنه‌وه‌ی شه‌وانه یان به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی كه په‌یوه‌ندی به راوه‌ستانی سوڕی مانگانه‌وه نه‌بێت.
PM:08:20:11/02/2024
ئه‌م بابه‌ته 1200
جار خوێنراوه‌ته‌وه