‌دره‌نگ نوستن توشی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ت ده‌كات

وێستگە ستایل-

ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ په‌یوه‌ندی نێوان ده‌رنگ نوستن و مه‌ترسی توشبوون به‌ نه‌خۆشی شه‌كره‌ی‌ جۆری دووه‌می خستۆته‌ ڕوو، پسپۆڕان گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی‌ كوالیتی و كاتی نوستن و شێوازی نوستن كاریگه‌ری گه‌وره‌یان له‌سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ و ئه‌گه‌ری توشبوونی به‌ نه‌خۆشی درێژخایه‌ن ده‌بێت.

هێشتا توێژینه‌وه‌كان جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی نوستنی باش ده‌كه‌نه‌وه‌ و كاریگه‌ریه‌كانی له‌سه‌ر جه‌سته‌ و مێشك ده‌خه‌نه‌ ڕوو، نوێترینیان ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكیه‌ كه‌ له‌لایه‌ن نه‌خۆشخانه‌ بێرمنگهام و بۆستن ئه‌نجامدراوه‌ و ده‌ركه‌وتوه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی سه‌ره‌كی هه‌یه‌ له‌نێوان نه‌خه‌وتن و كه‌مخه‌وی وئه‌گه‌ری توشبوون به‌ نه‌خۆشی شه‌كره‌ی‌ جۆری دووه‌م.

توێژینه‌وه‌كه‌ له‌ پێگه‌ی‌" نیوز میدیكال" ی پزیشكی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و تیایدا داتای زیاتر له‌ 64 هه‌زار هاوڵاتی وه‌رگیراوه‌ له‌ماوه‌ی‌ 8 ساڵدا، به‌ پشت به‌ستن به‌ سیستمی ژیان و چالاكی ڕۆژانه‌ و خواردن و خه‌وتن و كێشانی جگه‌ره‌ كاریگه‌ری كه‌مخه‌وی له‌سه‌ر مه‌ترسی توشبوون به‌ شه‌كره‌ی‌ جۆری دووه‌م خراوه‌ته‌ ڕوو.

ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌مده‌خه‌ون شه‌وانه‌ زۆر ده‌خۆن و مه‌ی‌ ده‌خۆنه‌وه‌ و چالاكی جه‌سته‌ییان زۆر كه‌مه‌ و ناجوڵێن به‌و هۆیه‌وه‌ ئاستی شه‌كری خوێنیان به‌رز ده‌بێته‌وه‌ به‌جۆرێك ئه‌نسۆلینی جه‌سته‌ توانای ئه‌وه‌ی‌ نییه‌ شه‌كره‌كه‌ ڕێكبخات به‌وه‌ش كه‌سه‌كه‌ توشی شه‌كره‌ ده‌بێت، پزیشكه‌كان ده‌ڵێت" سیستمی ژیانی ناته‌ندروست به‌ خواردن و خه‌وی ناڕێك مه‌ترسی توشبوون به‌ ته‌واوی نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌كان زیاد ده‌كات له‌وانه‌ش شه‌كره‌ و نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و ملوله‌كانی خوێن"


AM:11:59:23/09/2023


ئه‌م بابه‌ته 1140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌