‌هۆكار و نیشانه‌كانی نه‌خۆشی ئینزیلاق

وێستگە ستایل-

مەبەست لە ئینزیلاق یان خزانی دیسكی نێوان بڕبڕەكان ئەوەیە، ئەو دیسكەی لەنێوان هەر دوو بڕبڕەیەكی پشتدا هەیە تووشی تێكشكان دەبێت و سەرەنجام فشار دەخاتەسەر دڕكەپەتك یان لقەدەمارەكانی، ئەوەش دەبێتە هۆی پشت ئێشە، ملئێشە و ئازار و سڕبوون و مێروولەكردن و لاوازبوون لەو ناوچانەی دیكەی لەش كە دەمارە پەستێوراوەكە هەستیان پێدەبەخشێ، بەتایبەت پەلەكان. لەم بابەتەدا ئێمە زیاتر سەرنجمان لەسەر ئەو جۆرەیانە كە لە پشتتدا روودەدات، نەك ئەوەی مل، دكتۆر سەروەر سالار پزیشکی پسپۆڕی جومگە و ڕۆماتیزم له‌م بابه‌ته‌دا زانیاری زیاتر ده‌خاته‌ ڕوو.

- بڵاوترین تەمەنی تووشبوون بریتییە لە 30 تا 50 ساڵان و پیاوان لە خانمان زۆرتر تووش دەبن. 

هۆكارە رێگەخۆشكەرەكان: 
بە وردی نەزانراوە بۆچی هەندێك‌ كەس زۆرتر تووشی خزانی دیسكی نێوان بڕبڕەكان دەبن لەچاو هاوتەمەن و هاوپیشەكانیان. پێدەچێ‌ بە هۆكاری جیاوازی وەك پاڵنەری بۆماوەیی توێكڵە ریشاڵییەكەی دیسكی ئەو كەسانە لاواز بێت. 
هەندێك هۆكار رێگا خۆش دەكەن بۆ دەرپەڕینی ناوەڕۆكە شلەكە لە توێكڵە ڕیشاڵییەكەی دیسكەكەوە، لەوانە:
- لەپڕ پژمین، چەمانەوە بۆ پێشەوە، هەڵگرتنی قورسایی كاتێك بۆ پێشەوە نووشتاویتەوە. 

ئەو هۆكارانەی دیكە كە وادەكەن زیاتر تووش ببی بریتین لە: جگەرەكێشان، قەڵەوی و چوونە تەمەن.

نیشانەكان چین:
1-پشت ئێشە: ئازارەكە توندە و لەپڕ دێت. بە چەماندنەوەی پشت، زۆر دانیشتن، زۆر بەپێوە راوەستانی بێ جووڵە و پژمین و كۆكین زیاد دەكات، كەچی بە پاڵكەوتن كەمدەكات، پیادەڕەویكردنیش ئازارەكە زیادناكات.

2-ئازاری پەلەكان: ئەو دەمارەی لە دڕكە پەتكەوە دێت بۆ پەلەكانی خوارەوە(ڕان، پوز، پێ‌) دەكەوێتە ژێر پەستان بەكاری دیسكە دەرپەڕیوەكە یان ئەو هەوكردنەی تووشی هاتووە. دوورنییە لەگەڵ ئازارەكەدا، سڕبوون و لاوازبوونی پەلەكەش هەستی پێبكرێ.

3-تێكچوونی میزكردن و پیسایی كردن: ئەمە دەگمەنە و كاتێك دەبێت دیسكەكە فشار بخاتە سەر ئەو دەمارانەی بۆ ڕیخۆڵە و میزڵدان دەچن و سەرەنجام توانای میزكردن و میزڕاگرتن كەمدەبێتەوە و ئەگەر چارە نەكرێ‌ تواناكە هەر نامێنێ‌، لە ڕیخۆڵەكانیشدا هەمان كار لە توانای پیسایی كردن دەكات، بۆیە ئەمەیان هێڵی سوورە و زۆركات پزیشكەكان لەمبارەدا خێرا بڕیاری نەشتەرگەری دەدەن بۆ لابردنی فشاری سەر دەمارەكە.

4-هەندێك كەس ئازاریان نییە، هەندێ‌ كەس دیسكەكانیان دەرپەڕیوون و هیچ ئازاریان نییە. وا دیارە لەو كەسانەدا دەرپەڕینەكە فشاری نەخستووەتە سەر دەمارەكانیان.


PM:05:18:30/05/2023


ئه‌م بابه‌ته 3664 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌