زانیاری گرنگ بۆ نەخۆشانی گورچیلە لهمانگی رەمەزاندا
وێستگە ستایل-
سەلماوە کە سوودە تەندروستییەکانی بەڕۆژوو بوون بێشومارن بۆ هەموو ئەندامانی جەستە، گورچیلەش بێبەش نییە لەو سوودانە، بەڵام بەو مەرجانەی خوارەوە كه دکتۆر هیوا پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە لهم بابهتهدا خستویهتیه ڕوو.
1- هەرنەخۆشە و تایبەتمەندی خۆی هەیە، بۆیە نابێ نەخۆشێک خۆی بە نەخۆشێکی دیکە بەراوردبکات و چاولێکەری بکات لە بەڕۆژووبوون یان بەرۆژونەبوونی مانگی رەمەزان، باشتریش وایە راوێژ بە پسپۆری نەخۆشییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ بکات.
2- بەردەوام بوون و رێکخستنەوەی کاتەکانی وەرگرتنی دەرمان بەڕاوێژ لەگەڵ پسپۆران، بەتایبەت دەرمانی شەکرە و بەرزەفشاری خوێن، چونکە ئەم دوو نەخۆشییە مەترسیدارن بۆ گورچیلەکانمان.
3- پەیڕەوکردنی ئەو رێنوێنییانەی کە ئەتپارێزن لە وشک بوونەوەی جەستە بە تایبەت لۆ نەخۆشانی بەرد و رەمڵی گورچیلە وەکو خواردنەوەی بڕێکی باش لە ئاو و شلەمەنی و دابەشکردنی بەسەر کاتژمێرەکانی شەودا، وەرگرتنی بڕێکی گونجاو لە سەوزە و زەڵاتە، دوورکەوتنەوە لە خواردنی سوێر و شیرین و خواردنەوە گازیەکان و ئەو خواردنەوانەی کە رێژەی بەرزی کافاینیان تێدایە وەکو 'چاو، قاوە و خواردنەوە وزە بەخشەکان.
4- نەخۆشانی بەردی گورچیلە دەتوانن بەڕۆژوو ببن، بەڵام رەنگە هەندێکیان لە کاتی بەڕۆژووبوونیاندا تووشی ئازاری تووندی گورچیلەکانیان ببنەوە بەهۆی هەوکردن یان دابەزینی بەرد لە گورچیلەیان، تێبینیکراوە لەمانگی رەمەزاندا رێژەی فڕەدان و دابەزینی بەردی گورچیلە زیاترە لەکاتەکانی دیکە، لەوکاتانەدا باشترە رۆژووەکانیان بشکێنن و دوای راوێژکردن بە پسپۆری نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ، دەست بکەن بە وەرگرتنی چارەسەر، دوای چارەسەرکردنیان دەتوانن لە رۆژووەکانی دیکەیان بەردەوام بن.
5- دوورکەوتنەوە لە زیادەڕەوی کردن لە خواردنی گۆشت، پرۆتینات، ماست، شیرەمەنییەکان و زیادکردنی سەوزە و مزرە میوەکان وەکو 'سندی، لیمۆ و سرکەی سێوی سرووشتی.
6- کەمکردنەوەی خۆدانە بەر تیشکی خۆر و ماندووبوون و ئارەقەکردنەوەی زۆر لە رۆژانی مانگی رەمەزان، ئەگەرنا هەوڵ بدە زوو زوو خۆت فێنک بکەوە بە ئاو و بەکارهێنانی کڵاو یاخود چەتر، تا دووربی لە ووشکبونەوە و لەدەستدانی شلەکانی جەستەت.
7- ئەو نەخۆشانەی سستییەکی کەمی گورچیلەیان هەیە دەتوانن بەڕۆژوو ببن، دوای ڕاوێژ لەگەڵ پسپۆرانی خۆیان
- ئەوانەی باری تەندروستییان جێگیرە و دەتوانرێ کە دەرمانەکانیان رێکبخرێ بەسەر بەربانگ و پارشێودا ئەوە زۆربەیان ئەتوانن بەڕۆژوو ببن جگە لە رۆژانی ئەنجامدانی شووشتنی گورچیلە.
- بەڵام ئەوانەی باری تەندروستییان ناجێگیرە ئەوە نابێ بەهیچ شێوەیەک بەڕۆژوو ببن.
8- نەخۆشانی چاندنی گورچیلە، تاکو ساڵێک بەسەر چاندنی گورچیلەکانیان تێئەپەڕێ باشتر وایە بەڕۆژوو نەبن، دوای ئەوساڵە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێ لەلایەن پسپۆرانی خۆیان، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی بەشێکی زۆریان ئەتوانن بەڕۆژووبن.
PM:12:25:29/03/2023
ئهم بابهته 688
جار خوێنراوهتهوه