‌تووشبووانی ڕۆماتیزم و نەخۆشییەکانی ئێسک و جومگە دەتوانن بەڕۆژوو بن؟

وێستگە ستایل-

ڕۆماتیزم و نەخۆشییەکانی ئێسک و جومگە، بریتین لە سەدان نەخۆشی، دكتۆر سەروەر پزیشکی پسپۆڕی جومگە و ڕۆماتیزم دةلَيَت"پاش خوێندنەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لەو توێژینەوە زانستییانەی لە ڕەمەزاندا لەسەر تووشبووانی ئەم نەخۆشییانە ئەنجامدراون، گەیشتوومەتە ئەو ئەنجامەی دەکرێت بەگوێرەی پەیوەندییان بە ڕۆژووەوە نەخۆشەکان پۆلێن بکەین بەمجۆرەي خوارةوة:


1- نەخۆشییەکانی پەیوەست بە ماندووبون و زەبر و داخوران:
ئەمانە زیاتر گرفتی شوێنێکی دیاری کراوی جەستەن، واتە سنووردارن بەو شوێنەی زۆرترین زەبر و ماندووبوون و لێکەوتەکانی ژیانی ڕۆژانەی بەرکەوتووە، نەک ئەوەی ڕۆماتیزمەی گشتی و درێژخایەن بن. لە نموونەی ئەمانە سووان (سەوەفان)ی جومگە، ئینزیلاقی دیسک و بڕبڕەی پشت و مل، گرفتی پچڕان و زەبر بەرکەوتنی ژێ و بەستەر و ماسولکە و هاوشێوەکانیان. ئەم گرووپە ئەگەر هەر ئەمە کێشەکەیان بێت، بێ گرفت دەتوانن بەڕۆژوو بن. واتە بەڕۆژووبوونە بێ مەرج.

2- ڕۆماتیزمە درێژخایەنەکان:
وەکوو ڕۆماتیزمەی جومگە (ئاڕ ئەی)، گورگەسوورە (لوپەس)، ڕۆماتیزمەی حەوز و فەقەرات (ئەی ئێس) و هاوپۆلەکانیان. ئەمانە ئەگەر نەخۆشییەکەیان لە ماوەی چەند مانگی پێشوودا (باشترە شەش مانگ)کۆنترۆڵ بووبێت و سستیی گورچیلەیان نەبێت، دەتوانن بەڕۆژوو بن و لەسەر دەرمانەکانیان بەردەوام بن. واتە ئەمەیان بەڕۆژوبوونە بە مەرج.

3- دەردەپاشا (داءلمولوک) و هاوپۆلەکانی:
ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی کلسی یورەیت و کلسەکانی دیکە دروستدەبن، مشتومڕ هەیە لەبارەیان. بە گشتی دەتوانن بەڕۆژووببن، بەمەرجێک نەخۆشییەکەیان لە چەند مانگی پێشوودا کۆنترۆڵ بووبێت و لە ڕۆژانی نزیک ڕەمەزان نۆرەی هەوکردنی توندی جومگەیان نەبووبێت و گورچیلەیان سست نەبێت،  شەوانە ئاو و شلەمەنی و سەوزە و ڕیشاڵی خۆراکی بە بڕی باش لە بەربانگ و شەوان و پارشێواندا وەربگرن و نەهێڵن تووشی وشکبوونەوەی زۆر ببن، کەمتریش گۆشت و شیرینی دەستکرد بخۆن. واتە ئەمانەش بەڕۆژووبوونە بە مەرجی زیاتر.

4- ئەوانەی ڕۆماتیزمیان هەیە و گورچیلەیان سستە:
ئەمانە دەبێت جگە لە پزیشکی ڕۆماتیزم، ڕاوێژ بە پزیشکی نەخۆشییەکانی گورچیلە (نیفرۆلۆجیست) بکەن، چونکە بەپێی قۆناغی سستییەکە و جۆرەکەی دەگۆڕێت. واتە نابێت بێ ڕێگەپێدانی پزیشکی نیفرۆلۆجیست بەڕۆژوو بن.

هەندێک ڕێنمایی گشتی بۆ ڕۆژووی تووشبووانی ڕۆماتیزم:
1- مەهێڵن وشک ببنەوە: نەخۆشانی ڕۆماتیزم بڕی زۆری دەرمانیان هەیە و زۆریان دەبێ بەردەوام لەسەر دەرمان بن، ئەوەش لۆدێکی زۆر لەسەر گورچیلە دروستدەکات. بۆیە دەبێ زیاتر لە خەڵکی ئاسایی سووربن لەسەر دوورکەوتنەوە لە وشکبوونەوە، ئەویش بە زۆر خواردنەوەی ئاو و شلەمەنییە بێ کالۆرییەکانی دیکە، سەوزەکانی وەک خەیار و بیبەر و ئەوانی دی، خواردەمەنییە ئاودارەکانی وەکوو شوتی.

2- ژەمی ستیرۆیدەکان (پریدنیزۆڵۆن، کۆرتیزۆن و هاوپۆلەکانیان) بخەنە پارشێو. دەرمانەکانی دیکە بخەنە دوای بەربانگ.

3- هەموویان پابەند بن بە خواردنی تەندروستانە، دووربن لە خواردنی پڕ کالۆری وەکوو شیرینییە دەستکردەکان. تووشبووانی دائولمولوک نابێت هاوشێوەی کەسانی ئاسایی گۆشتخواردن و شیرینی خواردن بکەنە نەریتی ڕۆژانە، بەڵکو دەبێت زیاتر بەرهەمی ڕووەکی و شیرەمەنی بخۆن.

4- خەوی باش و دەروونی ئارام گرنگن، زۆر بە تایبەت بۆ ئەوانەی فایبرۆمایەڵجیایان هەیە لەگەڵ ڕۆماتیزمەکەیان، یان فایبرۆمایەڵجیای سەربەخۆیان هەیە.

5- پزیشکەکەی خۆت ئاگاداریی زیاتری هەیە لەبارەی وردەکاریی حاڵەتەکەی تۆ، بەڵام ئەم ڕێنماییانەی من گشتین، ئەگەر ئەو ڕێنماییەکی کردیت جیاواز بوو لەم ڕێنماییانە، بۆچوونەکەی بە گرنگییەوە وەربگرە و کەمتەرخەم مەبە لە جێبەجێکردنی هۆشدارییەکانی ئەو.


PM:12:11:26/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 1564 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل