‌هۆكار و نیشانه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری نەخۆشی پەڵەی سوری پێست بەهۆی كەمی خەپلەی خوێن

وێستگە ستایل-

نەخۆشی پەڵەی سوری پێست بەهۆی كەمی خەپلەی خوێن، ئەو نەخۆشیە یەكێكە لە نەخۆشیەكانی خوێن توشی مناڵ و گەورە دەبێت دكتۆر مه‌سعود پزیشكی نه‌خۆشییه‌كانی منداڵان له‌م باره‌یه‌وه‌ زانیاری زیاتر ده‌خاته‌ ڕوو.

خەپلە خوێن چیەو فرمانی چیە؟ خوێن لە سێ جۆر خانەی سەرەكی پێكهاتوە ئەوانیش:
-خڕۆكەی سور
-خڕۆكەی سپی
-خەپلەی خوێن 

هەر یەكەیان فرمانی جیاوازیان هەیە فرمانی خەپلەی خوێن ئەوەیە بەرپرسە لە وەستاندنی خوێن كاتی ڕودانی خوێن بەربون ، بۆیە هەر كاتێك ژمارەی خەپلەكانی خوێن بەڕێژەیەكی زۆر كەم دەبێتەوە یان دەبێتە هۆی خوێن بەربون یان كاتێك مرۆڤ توشی خوێن بەربون دەبێت زۆر درەنگ خوێن بەربونەكەی دەوەستێتەوە.
چەند جۆری هەیە؟

بەپێی كات مانەوەی نەخۆشیەكە دوو جۆرە ئەوانیش:
یەكەم: كتوپڕ واتا درێژخایەن نیە ، ئەم جۆرە زۆر باوە بەزۆری لە مناڵاندا دەردەكەوێت بەتایبەت لە تەمەنی دوو بۆ شەش ساڵی بەشێوەیەكی گشتی ماوەی مانەوەكەی كەمترە لە شەش مانگ.

دووەم: لەجۆری درێژخایەنە كە ماوەی مانەوەكەی زیاترە لە شەش مانگ ئەم جۆرە هەم لە تەمەنی مناڵیدا دەردەكەوێت و هەم لە گەورەشدا دەردەكەوێت بەڵام بەشێوەیەكی گشتی لە تەمەنی گەورەدا زیاترە.

ئایە هۆكاری ئەم نەخۆشیە چیە؟
زۆرجار هۆكاری دیار نیە، ڕوودەدات بەهۆی ئەوەی بەرگری لەشی كەسی توش بو دژی خەپلەی خوێنی خۆی ئیش دەكات و تێكیان دەشكێنێت ، بۆیە نەخۆشەكە زۆرجار چەند ڕۆژێك یان هەفتەیەك پێش دەركەوتنی نیشانەكانی ئەو نەخۆشیە توشی پەتایەكی ڤایرەسی دەبێت.

هەندێكجار بەهۆی :
1-بەكارهێنانی دەرمانەوە توش دەبێت
2- یان بەهۆی دوو گیانی
3-بەهۆی هەندێك جۆری نەخۆشی ڕۆماتیزمە
4-یان ئەو كەسانەی توشی شێرپەنجەی خوێن دەبن توشی ئەو جۆرە نەخۆشیەش دەبن.

نیشانەكانی ئەو نەخۆشیە چین؟
بەشێوەیەكی ئاسایی ژمارەی خەپلەكەنی خوێن لە لەشی مرۆڤدا لەنێوان ١٥٠ هەزار بۆ ٤٥٠ هەزارە هەر كاتێك ژمارەی خەپلەكەنی خوێن كەمتر بو لە ١٠٠ هەزار كەسی توش بو ئەگەری دەركەوتنی نیشانەكانی هەیە ئەوانیش ئەمانەن
1-دەركەوتنی پەڵەی سور یان پەڵەی شین لە پێست
2-ڕوودانی خوێن بەربون بەبێ هۆكارو هێزی دەرەكی
3-خوێن بەربونی لوت
4-خوێن بەربونی پوك
5-خوێن بەربونی كۆئەندامی هەرس
6-بونی خوێن لە میزدا
7-خوێن بەربونی مێشك كە ئەمەیان خۆش بەختانە بەڕێژەیەكی زۆر كەم ڕوودەدات
8-بینینی خوێنێكی زۆر لەكاتی سوڕی مانگانەی ئافرەت.

چۆن دەتوانین دەستنیشانی نەخۆشیەكە بكەی؟
ئه‌گەر نەخۆشێك بێت و ئەو نیشانانەی هەبێت كە لەسەرەوە باسمان کرد ئەوە پێویست دەكات هەندێك پشكنینی تریشی بۆ بكرێت لەوانە:
-پشكنینی گشتی خوێن
-پشكنینی میز گەر ڕەنگی میزی گۆڕابێت
- پشكنینی پیسایی گەر گومانی خوێن بەربونی كۆئەندامی هەرسی لێ بكرێت
-هەندێكجار پێویست دەكات پشكنینی مۆخی ئێسكی بۆ ئەنجام بدرێت

ئه‌گەر نەخۆشەكە بارودۆخی جێگیر نەبێت و توشی گەشكە یان سەر ئێشەی بەهێز بێت یان هەڵسوكەوتی گۆڕانكاری بەسەردا هاتبێت ئەوا پێویست دەكات ئەشیعەی ڕەنینی مێشكی بۆ بگیرێت.

چارەسەرەكانی چین؟
خۆش بەختانە زۆرجار نەخۆش پێویستی بە چارەسەر نیە ، بەڵام دەبێت لەژێر چاودێری پزیشک دا بێت.
ئه‌گەر چارەسەری پێویست بێت، ئەمانەی خوارەوەی بۆ دەکرێت.
1-ئه‌گەر نەخۆشەكە توشی هەر نەخۆشیەكی ڤایرەسی بوبێت ئەبێت چارەسەری ئەو نەخۆشیە ڤایرەسیە بكرێت
2-بەكارهێنانی دەرمانی ستیڕۆید
3-بەكاهێنانی دەرمانی IVIG
4-بەگشتی بەكارهێنانی هەندێك دەرمان دژی ئەو بەرگریەی نەخۆشەكە كە دەبێتە هۆی تێك شكاندنی خەپلەكانی خوێن
5-هەندێكجار پێویست دەكات بە لابردنی سپڵی نەخۆشەكە
6-لە هەندێ حاڵەتی تایبەتدا نەخۆش پێویستی بە تێكردنی خەپلەی خوێن دەبێت.


PM:01:49:25/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 7368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌