هۆكار و نیشانه و چارهسهر قوتدان بەقورسی
وێستگە ستایل-
زاراوەی Dysphagia لە دوو بڕگە پێکهاتووە کە بریتییە لە پێشگری Dys واتە قورسی یان نائاسایی و بڕگەی دووەمیش Phagia واتە قوتدان، دكتۆر محهمهد كاكهبرا پزیشكی نهخۆشییهكانی ههناوی لهم بابهتهدا زانیاری زیاتر دهخاته ڕوو.
ئهم پزیشكه دهڵێت" ووشەی Dysphagia بەواتای قوتدان بەقورسی، هەر کەسێک هەستی بە قورسی و ناڕەحەتی کرد لەکاتی قوتداندا پێویستە بەدوای هۆکارەکەیدا بڕوات بۆ ئەوەی مەترسیدارترین هۆکاری ئەم حاڵەتە بەزووترین کات دەستنشانبکات کە شێرپەنجەیە."
دهشڵێت"ئەگەر نیشانەکانی بەرەبەرە لەزیادبووندابوو یان ماوەیەکی درێژی خایاند بەو واتایەی کە نەخۆشەکە دەڵێت: سەرەتا کەمێک هەستم بەناڕەحەتی دەکرد لەکاتی قوتداندا بەڵام بەرەبەرە لەگەڵ کاتدا هەستدەکەم ئەو قورسییە زیاد دەکات، یان دەڵێت: ماوەیەکی زۆرە ناڕەحەتیم هەیە لەکاتی قوتداندا یان ماوەیەکی زۆرە هەستدەکەم خواردن لە سورێنچمکدا گیر دەبێت و ناچێتە خوارەوە، ئەگەر هاتوو بەم جۆرەبوو ئەوا هەر زوو پێویستە پشکنینی پێویست ئەنجامبدات."
هۆکارەکانی:
بەپێی ڕێڕەوی ڕۆیشتنی خۆراک بەناو دەم و سورێنچکدا هۆکارەکانیش دەگۆڕێن بەنموونە:
1-هۆکارەکانی ناو دەم
2- هۆکارەکانی ناو گەروو
3- هۆکارەکان لە سورێنچکدا
هەندێک لەهۆکارەکان پەیوەندی بە جووڵەی سوورێنچک یاخود تەسکبوونەوە یان گیرانی سورێنچکەوە هەیە کە بە هۆکاری میکانیکی ناسراون.
نیشانەکانی:لێرەدا دەبێت پزیشک چەند پرسیارێکی هەستیار و گرنگ هەیە لە نەخۆشی بکات:
پرسیاری یەکەم: ئایا لەسەرەتاوە کە تووشی ئەم حاڵەتە بوویت ماددە ڕەقەکان و ماددە شلەکانیش هەمان قورسی و ناڕەحەتییان بۆ دروستدەکردیت لەکاتی قوتدان؟
ئەگەر وەڵامەکە (بەڵێ) بوو ئەوا سەرەداوی ئەوەی تێدایە کە ئەم حاڵەتە تێکچوونی جوڵەی کە ئەویش دوو هۆکاری هەیە:
1- تێکچوونی دەرچەی نێوان سورێنچک و گەدە کەپێی دەوترێت (Achalasia)
2- کێشە هەیە لەو دەمارە خانانەی کە جوڵەی گەروو سورێنچک ڕێکدەخەن.
3- هەندێک هۆکاری تر کە پەیوەندییان بە (گەروو) ەوە هەیە.
ئەگەر وەڵامەکە (نەخێر) بوو، نەخۆشەکە دەڵێت بەجۆرێک بوو یەکەمجار ناڕەحەتبووم بۆ خواردنە ڕەقەکان کەچی بۆ خواردنەوەکان (شلەمەنی) هیچ موشکیلەم نەبوو، بەڵام پاش ماوەیەک ئێستا واملێهاتووە بۆ خواردن و خواردنەوەکانیش هەر هەستدەکەم ناڕەحەتم و خواردن ناچێتە خوارەوە یان بە قورسی دەچێتە خوارەوە لە گەرووم.
ئا لەم کاتەدا گومانمان بۆلای ئەوە دەچێت کە هۆکارەکە زیاتر میکانیکییەوە و تەسکبوونەوەیەک هەیە لەڕێڕەوەی خواردنەکەدا، جا ئەو تەسکبوونەوەیە گەورەبوون و دروستبوونی خانەیەکی شێرپەنجەیی دروستی کردووە یاخود نەخێر حاڵەتەکە شێرپەنجە نییە بەڵکو هۆکارەکەی شتی ترە.
پرسیاری دووەم: ئایا هەست بەوە دەکەیت کە سەرەتای کرداری قوتدانت قورس و ناخۆشە؟
ئەگەر وەڵامەکە (بەڵێ)بوو، ئەوا گومانی ئەوە بکە کە دەماری قوتدانی تووشی شەلەل بووە کە (کۆنترۆڵی قوتدان دەکات) ئەمیش بەزۆری لەکاتی جەڵتەی دەماغدا ڕوودەدات، وە گومانەکەش زۆر زیاتر دەبێت و نزیک دەبێت لە دڵنیایی لەوەی کە شەلەلی دەماری قوتدانی تووشبووە ئەگەرهاتوو نەخۆشەکە لەکاتی قوتدان یاخود خوارنەوەی شلەمەنییەکاندا کۆکەی بۆ دروستبوو، ئەمە واتای ئەوەیە کە لەکاتی گەیشتنی خواردن یاخود خواردنەوە بە گەروو، کەسەکە بۆری هەوای داناخرێت و بڕێک لەو خواردن یاخود خواردنەوەیە دەچێتە ناو بۆری هەواوە و کۆکەی بۆ دروستدەکات ، ئەمەیش زۆر مەترسیدارە بۆ ئەو نەخۆشانە.
پرسیاری سێهەم:ئایا لەکاتی قوتداندا هەس بە ئازار دەکەیت؟ بەزاراوەی پزیشکی پێی دەوترێت (Odynophagia)
ئەگەر وەڵامەکە (بەڵێ) بوو، ئەوا پزیشک گومانی چەند شتێک دەکات:
1- شێرپەنجە.
2- هەوکردنێکی زۆری سورێنچک.
3- شل نەبوونەوەی دەرچەی نێوان سورێنچک و گەدە لەکاتی گەیشتنی خواردن پێی بەمەش جۆرێک لەئازار دروستدەکات و نەخۆش هەستدەکات کە خواردن لە سورێنچکیدا وەستاوە.
چوارەم: گرژبوونی سورێنچک.
پرسیاری چوارەم: ئایا ئەم قورسییە لەکاتی خواردندا ناو بەناوە ؟ واتە هەندێک کات هەستی پێدەکەیت و هەندێک کاتیش هەستی پێناکەیت؟ ، یاخود نەخێر بەردەوامە و هەمیشە قوتدانت قورسە و ناڕەحەتیت لەوکاتەدا و بەرەبەرە ناڕەحەتییەکەشت زیاد دەکات؟
ئەگەر حاڵەتەکە ناوبەناو بوو، واتە ماوەیەک ناڕەحەت و قورسە و ماوەیەکیش هیچ موشکیلەت نییە ئەوا پزیشک لەم کاتەدا گومانی زیاتر بۆ ئەوە دەڕوات کە گرژبوونی سورێنچک بێت، وەک هەر ماسولکەیەکی تر کە تووشی گرژبوون دەبێت و ئازارێک یاخود ناڕەحەتییەک دروستدەکات و پاش ماوەیەک ماسولکەکە خۆی خاو دەبێتەوە، چونکە سورێنچک یش لە ماسولکە خانە پێکهاتووە، ئەمەش حاڵەتێکی تاڕادەیەک ئاساییە و مەترسیدار نییە.
- بەڵام ئەگەر هاتوو هەمیشە و بەردەوام هەستت دەکرد ناڕەحەتیت و قوتدانت قورسە و بەرەبەرە زیادیش دەکات ئەو کاتە پزیشک گومانی بۆلای تەسکبووونەوەیەکی شیرپەنجەیی ڕێڕەوەی خواردن دەچێت.
پرسیاری پێنجەم: ئایا کە شلەمەنییەک دەخۆیتەوە هەست بەوە دەکەیت بەرزبوونەوە لە ملتدا دروستببێت وەکو تەنێکی خڕ، یاخود هەستبکەیت ئەو شلەمەنییەی خواردووتە خوڕەی یەت تادەگاتە گەدەت؟
- ئەگەر وەڵامەکە (بەڵێ) بوو ئەوا پزیشکەکەت لەوانەیە گومان لەوەبکات کە گەرووتدا گیرفانێک هەیە و ئەو خواردن و خواردنەوەیەی تۆ دەیخۆیت پێش ئەوەی بچێتە سورێنچکت بەتەواوی بەشێکی دەچێتە ئەو گیرفانەوە و تێیدا دەمێنێتەوە.
ئەو نیشانانەی کە بۆ پزیشک گرنگە و گومانی بۆ ئەوە دەچێت کەئەم حاڵەتەی هەیە:
1- ئایا نەخۆشەکە کەمخوێنە یاخود نا؟
2- ئایا بەشێوەیەکی بەرچاو کێشی دابەزیوە یاخود نا؟دەبێت سەیری ناو دەمی نەخۆشەکە بکات بۆ نیشانەکانی کەمخوێنی یاخود شتێک کە پەیوەندی بە حاڵەتەکەیەوە هەیە ئەگەر لەناو دەمیەوە دیاربێت.
3- سەیری سەرشانەکانی بکات بزانێت ئاخۆ هیچ لەلیمفەگرێکانی سەرشانی بەرزبوونەتەوە یاخود نا؟ (بەتایبەت سەرشانی چەپی).
4- بەشێوازێکی گشتی بزانرێت هیچ نیشانەیەکی نەخۆشی تری هەیە کە ئەم حاڵەتە دروستبکات وەکو هەندێک نەخۆشی کۆئەندامی بەرگری لەش یاخود نەخۆشی دەماری.
پشکنینە پێویستەکان:
1- CBC پشکنینی پێکهاتەکانی خوێن لە (خڕۆکەی سوور، سپی، خەپلەکانی خوێن)
2- پشکنین بۆ دڵنیابوون لە کاری گورچیلەکان و دیاریکردنی ڕادەی ووشکبوونەوە و خوێیەکانی لەش.
Urea , Creatinine and electrolytes.
3- گرتنی تیشک بۆ سنگی نەخۆش.
4- گرتنی تیشک و تۆماری ڤیدیۆیی لەکاتی خواردنی ماددەی باریۆم Barium Swallow + Video Recording 🩻
5- ئەنجامدانی هەناوبینی گەدە و وەرگرتنی پارچەی بچووک لە سورێنچکی نەخۆشەکە ناردنی بۆ تاقیگەی شانە و خانەزانی.
6- ئەنجامدانی هەندێک پشکنینی دیکە وەک: Esophageal Manometry لەکاتێکدا کە پشکنینی چوارەم واتە Barium swallow ەکە ئاماژەی هیچ نەخۆشییەکی تێدا نەبوو.
7- ئەگەر گومانی ئەوەکرا نەخۆشییەکە لە گەروودایە ئەوا دەبێت ڕای پزیشکی قوڕگ و لووت و گوێیش وەربگیرێت.
چارەسەر:بەگوێرەی هۆکاری قورسی لەقوتداندا چارەسەری پێویست دەکرێت، بۆ نموونە:
1-ئەگەر هۆکارەکە خاونەبوونەی دەرچەی نێوان گەدە و سورێنچک بوو ئەوا:
فراوانکردنی سورێنچکی بۆ دەکرێت بە باڵۆن یاخود بە نەشتەرگەری چارەسەر دەکرێت، ئەگەریش نەخۆشەکە نەتوانرا نەشتەرگەری بۆ بکرێت ئەوا دەتوانرێت دەرزی بۆتۆکس بدرێت لە شوێنی ئەو دەرچەیە بەئامێری هەناوبین.
2- ئەگەر تەسکبوونەوەی سوورێنچک شێرپەنجەیی نەبوو ئەوا چارەسەرەکەی بریتییە لە:
فراوانکردنی سورێنچک بە باڵۆن.
3- ئەگەر هۆکارەکەی بریتیبوو لە شێرپەنجەی سورێنچک کە مەترسیدارترینیایە، ئەمەیان ئەگەری زیاترە لەمانەدا ڕووبدات:
1- پیاوان
2- ئەوانەی بەردەوام کێشەی گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدەیان هەیە بۆ سورێنچک.
3- جگەرەکێشەکان
4- ئەوانەی خواردنەوە کهولییەکان دەخۆن.
5- ئەوانەی لەقۆناغێکدان کە جۆری خانەکانی بەشی خوارەوەی سورێنچکیان لەسەر ئاستی خانەیی و شانەیی لەجۆرێکەوە گۆڕاوە بۆ جۆرێکی کە بەزاراوەی پزیشکی پێی دەوترێت Barretts Esophagus.
6- ئەوانەی کێشەیان هەیە لە خاوبوونەوەی دەرچەی نێوان سورێنچک و گەدە لە زاراوەی پزیشکیدا پێی دەوترێت Acalasia
7- ئەوانەی کۆنیشانەی پاتەرسۆن براون کیلیان هەیە Paterson-Brown-Kelly (Plummer-Vinson) Syndrome.
AM:10:58:15/03/2023
ئهم بابهته 632
جار خوێنراوهتهوه