‌هۆكار و نیشانه‌ و چۆنیه‌تی خۆپاراستن له‌ نه‌خۆشی ئایدز

وێستگە ستایل-

ئایدز (دیاردەی بەدەستهاتووی کەمبوونەوەی بەرگری) بریتییە لە زنجیرەیەک حاڵەتی نەخۆشی (بەشێوەیەکی باو بە نەخۆشیی ڤایرۆسی بەرگریی مرۆڤ –HIV- ناودەنرێت) بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی (ڤایرۆسی بەرگریی مرۆڤ) تووش دەبیت، بەشێوەیەکی سەرەکی کار دەکاتە سەر سیستەمی بەرگریی جەستەی مرۆڤ و ووردە ووردە لەناوی دەبات، تا ئەو ڕادەیەی مرۆڤی تووشبوو بە سادەترین هەوکردنەکان دەمرێت.

ئامارەکان تا ٢٠١٣ ئەوەمان پێدەڵێن کە ئایدز بووەتە هۆی مردنی پتر لە ٣٦ ملیۆن کەس لە سەرتاسەی جیهاندا لە ساڵەکانی (1981-2012)، لەگەڵ ڕێژەیەکی نزیک لە ٣٥.٣ ملیۆن کەس کە بە نەخۆشیی (ئایدز )ەوە دەژین، سەرەڕای ئەوەی درمی ئایدز بە تووشکردنی نزیکەی ٢ ملیۆن کەس لە هەر ساڵێکدا خەمڵێنراوە ، کە نزیکەی ٢٧٠،٠٠٠ی ئەم ڕێژەیە لە منداڵان پێکدێت.
ئایدز بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەم هۆکارانە دەگوازرێتەوە:

١. جووتبوون بەبێ خۆپاراستن.
٢. تێکردنی خوێنی پیسبوو بە ئایدس بۆ کەسی توشنەبوو.
٣. تاتۆ و دەرزیی ژێر پێست.
٤. گواستنەوەی لە دایکی تووشبووەوە بۆ منداڵەکەی لە کاتی سکپڕیدا، یاخود لەکاتی منداڵبوون، یان شیردان بە منداڵ.


نیشانە سەرەتاییەکانی تووشبوون بە ئایدز

* بوونی تا.
* بێ هێزی.
* هەڵاوسانی گرێ لیمفاوییەکان لە جەستەی مرۆڤدا. (یەکێکە لە یەکەمین نیشانەکانی نەخۆشییەکە).
* سکچوون.
* دابەزینی کێش بە بێ هۆ.
* هەوکردنی ناودەم بە کەڕوو.
* تووشبوون بە ڤایرۆسی پشتێنی ئاگرین. (ڤایرۆسی تامێسک)

چۆن دەتوانرێت هەنگاوی خۆپاراستن لە دژی ئایدز بگیررێتە بەر؟

* بەکارهێنانی کۆندۆم لە کاتی جوتبووندا.

* قەبوڵ نەکردنی خوێن تێکردن تا دڵنیا نەبیتەوە لە وەی خوێنەکە پشکنینی بۆ کراوە.

* دڵنیابوون لەوەی سرنجی دەرزی لێدان هەڵنەپچڕاو و پاکژە، پێش ئەوەی دەرزی لەخۆت بدەیت.

* دایکی تووشبوو پێویستە چارەسەری دژە ڤایرۆسی تایبەت وەربگرێ، دوای یەکەم مانگی منداڵبوون شیردان ڕابگرێ کە لەوکاتەدا منداڵی تازە لەدایکبوو چارەسەری دژە ڤایرۆسی پێویست وەردەگرێت.


PM:02:21:01/12/2022


ئه‌م بابه‌ته 740 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌