‌‎شوان كه‌ریم" ڕەوشتی هونەری کۆتا شتە کە حسابی بۆ بکرێت لەلایەن زۆرینەوە"

وێستگە ستایل-

ده‌رهێنه‌ر و ڕاهێنه‌ری بواری هونه‌ری شانۆ" شوان كه‌ریم" له‌ڕێی هه‌ژماره‌ تایبه‌ته‌كه‌ی‌ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك ڕه‌خنه‌ له‌ به‌شێك له‌ هونه‌رمه‌ندانی بواری شانۆ له‌ باشووری كوردستان ده‌گرێت و ده‌شڵێت"  ڕەوشتی هونەری کۆتا شتە کە حسابی بۆ بکرێت لەلایەن زۆرینەوە"

‎شوان نوسیویه‌تی" شانۆکاران لەوانەیە لەسەر کەم شت کۆک و هاودەنگ بن بەڵام کاتێک پرسیارەکە لەسەر ڕەوشتی هونەری ناوەندەکە بێت، زۆربەی کات گوێمان لەو هاو بۆچونەیە کە بەداخەوە ناوەندێکی پیسمان  هەیە و  ڕەوشتی هونەری کۆتا شتە کە حسابی بۆ بکرێت لەلایەن زۆرینەوە، لەگەڵ  تێپەڕ بونی کاتیشدا تا دێت هەم ڕکابەری ناهونەری و هەم کین و  ڕق و  ئیرەی بردن  زیاتر  خۆیانە ئەکەنە  پێناسەی ئەو ناوەندە"

‎له‌باره‌ی‌ هۆكاره‌كانی ئه‌م گرفته‌ له‌ناو شانۆكاران شوان نوسیویه‌تی" ئه‌گە لە هۆکارەکان بکۆڵینەوە، ئەبینین  کەسانی نزیک بەدەسەڵاتی سیاسی و نزیک لەپلە و پۆستی ئیداری  هەمیشە ئەو ئاگرەن کە پرسیار و  گومان لە  توانای بەرێوەبردن ئەشارنەوە بە دروست کردنی شەڕ و ململانێی ناهونەریانە لەمەشدا زیرەکانە شەڕ لە خۆی و پلەی حیزبی و پۆست و موچەکەی  دورئەخاتەوە و ناوەندەکە سەرقاڵی  شتێک ئەکات کە دور و نزیک پەیوەندی بە هونەرەوە نیە، بۆ بەشێکمان پرسی مۆراڵ  هێندە گرنگ نیە بەمەرجێک  کارگەکانی ئەفراندن لە ناوەندەکەدا  چالاک بن  لەوانەیە  ئەمە سەرەتایی  ئەو شەڕە بێت  کە شانۆکاری کورد بەتایبەت لەدوای ڕاپەڕینەوە  توشی ئەبێت.  شەڕ دژی بنەما مرۆییەکان لە پێناو بەرز راگرتنی پێگەی کۆمەڵایەتی و هونەری خۆی"

‎شوان كه‌ریم هۆكاری ئه‌م دۆخ و حاڵه‌ته‌  لە روی سایکۆلۆژیەوە ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ كورد میلەتێک بووه‌ بەدرێژایی سەدەیەک زیاتر بەردەوام لە جەنگ و ترسی سڕینەوەی شوناسدا ژیاوە  ئه‌و ده‌ڵێت" بێگومان کاریگەرە خراپەکانی ئەو دۆخە  نەوە دوای  نەوە گوازراوەتەوەو لە ئێستادا مرۆڤێکی دروست کردوە کە هێندەی بە رۆحیەتی جەنگاوەرێکەوە لە ژیان ئەروانێت  نیو هێندە  چەمکەکانی. خۆشگوزەرانی.  بەختەوەری. هیوا  پێناسەیەکی رونیان  نیە  لەلای، بۆیە  هەمیشە ئەم سەربازە سەرلێشێواوە  پێویستی بە دوژمن هەیە پێویستی بە بەرەی شەڕ هەیە بۆ بەتاڵکردنەوەی خۆی.  سەرکەوتن لە تێکشکاندی بەرانبەردا ئەبینێتەوە"

‎ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ی‌ بواری شانۆ لای وایه‌ ماڵی شانۆی باشور له‌ ئێستادا ماڵێکی بێ سەروبەرەیە  پیشەگەریی تیایدا بونی نیە تایبەتمەندیش پیرۆزی خۆی لەدەست داوە، به‌ بۆچوونی ئه‌و له‌م دۆخه‌دا" دەرهێنەر ئەبێت بەرەخنەگر و ئەکتەر ئەبێتە دەرهێنەر و  نوسین  ئەبێتە کەرەستەیەکی بێ بایەخی  بەردەست. بەتایبەت  ئەوانەی بە ناوی ڕەخنە و خوێندنەوەی نمایشەوە ئەنوسرێن  بەشێکی زۆریان  دەرئەنجامی ناخی سەربازێکی نەخۆشی دڵ پڕ قینە، تورەبونێکە لە دنیا . ڕاکردنێکە لە هەستی لاوازی مەعریفی خود و  لەجیاتی فێربونی جوانی دروست کردن  هەوڵی ناشرین کردنی ئەوانی ترە"

‎شوان نوسیویه‌تی" خودی ڕەخنەگرە جدیەکان تاوانبارن کەبێدەنگن  بەرانبەر ئەو نوسینە خراپانەی بەناوی رەخنەوە ئەنوسرێن و ڕێز لە تایبەتمەندی و پیشەگەری خۆیان ناگرن بەو بێدەنگیە کوشندەیە، پێم وابێت  لەمێژە کاتی ئەوە هاتوە  دەمامک لەسەر ڕوی ئەو مرۆڤە ناشرینانەی ناوەندەکە لابەرین و جیدی نەهێڵین ئاژاوە و ناتەبایی  بهێننە ناو  ئەم ماڵەوە، پێم وابێت ئیتر دەست گرتن بەکڵاوەکانمانەوە  و بێدەنگ بون لەوەی بەبەرچاومانەوە   هەر ڕۆژەی شانۆکارێک بشکێنرێت ئەو پەڕی بێمۆراڵیە "

شوان كه‌ریم یه‌كێكه‌ له‌ ده‌رهێنه‌ره‌ ناوداره‌كانی بواری شانۆ، تا ئێستا چه‌ندین به‌رهه‌می شانۆی تایبه‌تی پێشكه‌ش كردوه‌ له‌ كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات، ده‌رهێنه‌ری چه‌ندین شانۆگه‌ریه‌ له‌وانه‌ش" گه‌ر بڕیاره‌ بمرین، دوا ڕۆژه‌كانی پابلۆ، ساڵی سفر، شه‌وی نیشتیمانی"


PM:03:16:26/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 900 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌