‌قه‌ڵه‌وی به‌ دوو ڕێگا هۆكاره‌ بۆ توشبوون به‌ گرفتی جومگه‌كان

وێستگە ستایل-

قه‌ڵه‌وی یه‌كێكه‌ له‌ كێشه‌ باوه‌كانی سه‌رده‌می ئێستا،دكتۆر سەروەر پسپۆڕی جومگە و رۆماتیزم له‌م بابه‌ته‌دا باس له‌وه‌ ده‌كات قه‌ڵه‌وی به‌ چ ڕێگایه‌ك جومگه‌كان نه‌خۆش ده‌خات.

قەڵەوی لانیکەم بە دوو رێگە جومگەکان نەخۆش دەخات.
رێگەی یەکەم: کێشی زۆر بارگرانییە و جومگە باجەکەی دەدات
زۆر بە کورتی: زیادبوونی هەر پێنج کیلۆگرامێکی کێشی جەستەت لە سەرووی ئاساییەوە، 15 کیلۆگرام قورسایی دەخاتە سەر ئەژنۆت!

بۆیە ئەگەر ئەژنۆت تووشی سووان (سەوەفان) بووە، ئەوە بە دوای خواردەمەنی یان تەواوکەرێکی خۆراکیی سیحریدا مەگەڕێ کە جومگەکەت چاک بکاتەوە، چونکە ئەوانەی ئەو مژدەیەت پێدەدەن بەڵگەی زانستیی بڕواپێکراویان پێ نییە و تەنیا دەنگۆیان لایە، لە بری ئەمە بیر لە دابەزاندنی کیلۆگرامە زیادەکانی کێشی جەستەت بکەرەوە، تاوەکو پشوویەک بدەیت بە جومگەکانت و ئاهێکیان بە بەردا بێتەوە و لەوەی هەیە خراپتر نەبن!

ئەوانەی قەڵەون چوار-پێنج هێندەی کەسانی کێش ئاسایی ئەگەری تووشبووانیان بە سووان و داخورانی جومگە هەیە، چونکە کێشە زیادەکەی جەستەیان دەبێتە بارگرانییەکانی زۆر لەسەر ئەو جومگانەی کێشی جەستە هەڵدەگرن، بۆیە بە لەدەستدانی ئەو کێشە زیادەیە، کەسانی کێش زۆر بە ڕاددەیەکی زۆر ئەگەری تووشبوونیان بە سەوەفان لە داهاتوودا کەمدەکەنەوە و ئەگەر توشی سەوەفانیش بووبن، ئەوە وادەکەن جومگەکە بە خێرایی بەرەو پەککەوتن نەڕوات.

رێگەی دووەم: 
قەڵەوی دەبێتەهۆی هەوکردنی جومگە، توێژینەوەکان دەڵێن قەڵەوی هەر بەم ڕێگایەی باسمان کرد جومگەکانت توشی سووان و داخوران ناکات، بەڵکو هەوکردن و سوربوونەوە و ئازار لە جومگەکانیشدا زیاد دەکات و بەم ڕێگایە ئەگەری تووشبوونی جومگەکانی دیکەش بە سەوەفان زیاد دەکات کە کێشی جەستە هەڵناگرن، وەکوو جومگە وردەکانی دەست و پەنجەکان کە حاڵەتێکی ئازاربەخشە و کار لە تواناکانت دەکات بۆ کاری ڕۆژانە و پیشەکەت.

ئەگەر کێشت زیادە و هێشتا تووشی سەوەفان نەبوویت، لە ئێستاوە کێش داببەزێنە، چونکە کێشەی سەوەفان هەر ئەوە نییە کە چارەسەری بنەبڕکەری نییە، بەڵکو ئەوەشە ناهێڵێت وەکوو کەسێکی ئاسایی وەرزش و چالاکی جەستەیی بکەیت بۆ کێش دابەزاندن و پاراستنی تەندروستیی گشتیت، چونکە ئەوکات ئازار و کلسکردنی جومگەکە ناهێڵێت ئازادانە وەرزش بکەیت!

ئاگاداربە داخورانی جومگە هۆکارێکی سەرەکی پەککەوتەییە، ئەگەر نیتە خۆتی لێبپارێزە، ئەگەر هەتە ڕیگا لە زیاد بوونی بگرە، کاریگەریترین ڕیگاش بۆ ئەم مەبەستە دابەزاندنی کێشی زیادەی لەشە.


PM:05:25:11/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 1316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌