‌مرۆڤ دەتوانێت بەبێ توورەکەی زەرداو بژی؟

وێستگە ستایل-

توورەكەی زەرداو ئەندامێکی لەشی مرۆڤە، دەکەوێتە بەشی سەرەوەی لای راستی سکی مرۆڤ، راستەوخۆ لە ژێر جگەردا، درێژییەکەی نزیکەی 7.5 بۆ 10 سم، و پانی‌یەکەی 2,5 بۆ 4 سانتیمەترە، توانای هەڵگرتنی 50 مللیلیتر لە شلەی هەیە لەکاتی ئاساییدا، ئەم توانایە دە هێندە بەرزدەبێتەوە لەکاتی تەواو کشاندا، دكتۆر هەرمان پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی له‌م بابه‌ته‌دا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ده‌داته‌وه‌ ئاخۆ مرۆڤ بەبێ توورەکەی زەرداو ده‌توانێت بژی؟

فەرمانی سەرەکی توورەگەی زەرداو بریتییە لە:
1. گلدانەوەی ماددەی زەرداو.
2. خەستکردنەوەی ماددەی زەرداو، لەڕێگەی دیواری ناواخنی، کە توانای مژین و دەردانی چەند ماددەیەکی هەیە.
ماددەی زەرداو

زەرداو ماددەیەکی زەردباوە، لە جگەردا  لە پاشماوەی خرۆکە سوورە تێکشکاو و پیرەکان دروستدەکرێت، بە رێگای چەند بۆرییەکەوە دەردەدرێتە ناو بەشی دووەمی دوانزەگرێیەوە.

لەکاتی نانخواردن، ماددەی زەرداو دەردەدرێتە سەر خواردن، بۆ یارمەتی دانی هەرسکردنی چەوری، بەلام لەکاتی نێوان ژەمەکان، ئەم ماددەی زەرداوە گلدەدرێتەوە لە ناو تورەگەی زەرداو، وە لەلایەن توورەگەری زەرداوەوە خەستدەکرێتەوە بۆ بەکارهێنانی لە کاتی خواردن.

ئایا مرۆڤ بەبێ زەرداو دەژیت؟
توورەگەری زەرداو پێویست نییە بۆ ژیان، واتە مرۆڤ دەتوانێت بەبێ تورەگەری زەرداو بژی، هەر بۆیەش لە کاتی بوونی نەخۆشی لە توورەگەری زەرداو، هەوکردن، بوونی بەرد، یان گرێ و شێرپەنجە، توورەگەری زەرداو هەڵدەگیرێت و لادەبرێت، بەبێ درووستکردنی هیچ گرفتێك بۆ کەسەکە، وە ژیانێکی ئاسایی دەباتەسەر.

بەردی زەرداو بریتییە لە پێکهاتەی رەق لەناو توورەگەی زەرداو یان بۆری زەرداو، پێكدێت لە کۆلیسترۆل، خوێی زەردوو، کالیسۆم و ئاو بە رێژەی جیاواز.

بوونی رێژەی جیاواز لەم ماددانە جۆری بەردەکە دیاریدەکات، بە گشتی سێ جۆر بەردی زەرداومان هەن کە ئەوانیش کۆلیسترۆل، تێکەڵاو و رەنگدار. هەریەك لەم جۆرانە، هۆکاری تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام بوونی بەردی زەرداو هەمان نیشانە و هەمان چارەسەریشی هەیە.

کێن ئەوانەی زۆرتر تووشی بەردی زەرداو دەبن؟
1. رەگەزی مێ: بە گشتی بەردی زەرداو زیاتر تووشی ژنان دەبێت بە بەراورد لەگەڵ پیاوان.
2. خانمی دووگیان: بەردی زەرداو زیاترە لەو ئافرەتانەی کە دووگیانن یان زۆرتر دووگیان بوونە.
3. کەسانی بە تەمەن: تووشبوون بە بەردی زەرداو زیاددەبێت لە گەڵ هەلکشانی تەمەن، بە پێ‌ی توێژینەوە زانیستیەکان، لە 20% ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە ژوور 60 سالیدایە، بەردی زەرداویان هەیە.
4. هەندێك جۆری نەخۆشی خوێن، بۆ نموونە تالاسیمیا و کەمخوێنی داسی.
5. لەو کەسانەی کە کێشی لەشیان بە خێرایی دادەبەزێنن.

ئایا هەموو کات بەردی زراو نیشانەی هەیە؟ نیشانەکانی چیین؟
بەردی زەرداو هەموو جارێك نیشانە دروست ناکات، هەندێك کەس بەردی زەرداویان هەیە، بەڵکو لە 80% ئەوانەی بەردی زەرداویان هەیە، هیچ نیشانەیەکیان پێوە دیارنییە، تەنیا لەکاتی ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی بۆ گرفتێکی دیکە دەردەکەوێ کە بەردی زەرداویان هەیە. وە ئەوانەی کە بەردی زەرداویان هەیە، 30% یان تووشتی نیشانە دەبن لە ماوەی دە ساڵدا.

نیشانەکانی بوونی بەردی زەرداو بریتین لە: بوونی ژان لە بەشی سەرەوەی سک، لە نێوەراستی سک یان لەلای راستی بەشی سەرەوەی سک، زۆربەی جاران ئەم ژانە دەگوازرێتەوە بۆ لای راستی شان، ژانەکە زیاددەبیت بە خواردنی قورس و چەور. هەندێك جار کەسی تووشبوو هێلنج و رشانەوەی دەبێت، هەندێك جار ژانەکە وەکو ژانی برینی گەدە وایە. ئەگەر کەسەکە چارەسەری پێویست وەرنەگرێت، لەوانەیە تووشی ماکەکانی بوونی بەردی زەرداو بێت.
بوونی بەردی زەرداو دەبێتەهۆی هەوکردنی توورەگەری زەرداو، یان بەردێك یان زیاتر لەوانەی بچێتە خوارەوە بۆ ناو بۆری زەرداو و لەوێدا ببێتەهۆی هەوکردنی بۆری زەرداو و گرتنی بۆری زەرداو، پاشان تووشبوونی کەسەکە بە زەرتك، یان ببێتەهۆی گیرانی بۆڕی پەنکریاس و لەئەنجامدا ببێتەهۆی هەوکردنی پەنکریاس، یان رەنگە بەردێکی گەورە بچێتە ناو ریخۆلە و ببێتە هۆی گیرانی ریخۆلە. لەلایەکی دیکەوە هۆکاری سەرەکی تووشبوون بە شێرپەنجەی تورەگەی زەرداو، بریتییە لە بوونی بەردی زەرداو، هەچەند بەردەکانیش گەورەتر بن، تووشبوونیش زیاتر دەبێت. لە کاتی بوونی هەریەك لەو نیشانانەی کە باسمان کرد، پیویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری بکرێت و پشکنین ئەنجامبدرێت.

چارەسەری چییە؟
بە داخەوە، تاوەکو ئێستا هیچ دەرمانێك نییە بۆ لابردنی بەردی زەرداو، بە پێی هەموو توێژینەوە زانستییەکان، هیچ دەرمانێك ناتوانێت بەردی زەرداو بتوێنێتەوە، بۆیە تاکە رێگە بۆ چارەسەری بەردی زەرداو بریتییە لە نەشتەرگەری، وە لەکاتی نەشتەرگەریدا تەنیا بەردەکە هەڵناگیرێت، بەلکو توورەگەری زەرداو بە تەواوی هەڵدەگیرێت، چونکە دەرکەوتووە ئەگەری درووستبوونەوەی بەردی زەرداو نزیکەی 100%ـە.
نەشتەرگەری چۆن ئەنجامدەدرێت؟

نەشتەرگەری هەلگرتنی تورەگەی زەرداو دەکرێت بە کردنەوەی سک بێت یان بە بەکارهێنانی ئامێری هەناوبین (نازوور-لاپرۆسکۆپ) یان ئەوەی هەندێك بە هەڵە ناوی دەنێن (لەیزەر) بێت. 

جیاوازی نەشتەرگەری هەناوبین چییە؟
بێگومان نەشتەرگەری بە هەناوبین - لاپرۆسکۆپ، لەڕێگەی چەند کونێکی بچووکەوە ئەنجامدەدرێت، زۆر باشترە بۆ نەخۆش؛ ژانی کەمترە، زووتر دەتوانی نەخۆشخانە بەجێبهێڵێت، زووتر دەستبکاتەوە بە ئەرکی رۆژانەی، زووتر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سەر کارەکەی وە تووشبوون بە فتق لە شوێنی برینەکان زۆر کەمترە، بە بەراورد لەگەڵ کردنەوەی سک.


PM:03:56:11/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 1684 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌