‌سووده‌كانی وه‌رزش بۆ توشبووانی ڕۆماتیزمه‌

وێستگە ستایل-

کاتێک جومگەکانت ئازاریان دەبێت و بێهێز دەبن، ڕەنگە وەرزشکردن دوا شت بێت کە بیری لێبکەیتەوە کە بیکەیت، دکتۆر هێمن پزیشكی نەخۆشیەکانی جومگە و ئێسک و رۆماتیزم له‌م بابه‌ته‌دا سووده‌كانی وه‌رزش بۆ توشبووانی ڕۆماتیزمه‌ ده‌خاته‌ ڕوو، ده‌ڵێت " وەرزشکردن گرنگە بۆ تەندروستیت. وە لەوەش گرنگترە ئەگەر تووشی هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیزمی (RA) بوویت."

کۆمەڵەی پزیشکانی دڵی ئەمریکا پێشنیاری ئەوە دەکەن کە زۆربەی خەڵک لە هەفتەیەکدا ١٥٠ خولەک وەرزشی دڵ و خوێنبەرەکان_کاردیۆ ئەنجام بدەن.

مەلەکردن وەرزشێکە بۆ جوڵاندنی هەموو ئەندامانەکانی جەستەت بەبێ ئەوەی فشاری زیاتر بخەیتە سەر ئازاری جومگەکان، ئەمەش وایکردووە ببێتە بژاردەیەکی زۆر پێشنیارکراو بۆ ئەو کەسانەی کە تووشی ڕۆماتیزمی جومگەیی RA بوون.

سوودەکانی مەلەکردن بۆ هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیزمی RA: لێرەدا چەند ڕێگەیەک دەخەینەڕوو کە مەلەکردن دەتوانێت سوود بە RA بگەیەنێت.
1-ئازار و ڕەقبوونی ماسولکە و جومگەکان کەمدەکاتەوە
مەلەکردن یارمەتیدەرە بۆ بەرەوپێشبردنی ڕۆیشتنی خوێن و سوڕی خوێن، کاتێک خوێن ئازادتر بە جەستەتدا دەڕوات، یارمەتی گەیاندنی ئۆکسجین و ماددە خۆراکیەکانی زیاتر دەدات بۆ ماسولکە و جومگەکانت.

2-مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان کەمدەکاتەوە:  توێژینەوەکان ئەوەمان نیشان دەدەن کە ڕۆماتیزمی جومگەکان هۆکارێکی مەترسیداری توشبوونە بە نەخۆشی دڵ و خوێنبەرەکانە، مەلەکردن دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی مەترسییەکان.

3- مەلەکردن فشارێکی کەم یان هیچ فشارێکی زیادە ناخاتە سەر جومگەکان و ماسولکەکانت، بەو پێیەی ئاوەکە پشتگیری لە سەدا ٩٠ی کێشت دەکات،  هیچ بەرکەوتنێکی  تێدا نیە کاتێک مەلە دەکەیت.

بە واتایەکی تر مەلەکردن دەتوانێت هەڵبژاردەیەکی زۆر باش بێت بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت کێشی لەشیان دابەزێنن و هەوکردنی جومگەکانیان هەبێت بەراورد بە وەرزشیەکانی تری وەکو ڕاکردن.

4-ماسولکەکانت بەهێز دەکات لە کاتێکدا زۆرێک خەڵک مەلەکردن بە ڕاهێنانێکی کاردیۆ دەزانن، بەڵام مەلەکردن دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دروستکردنی هێزی ماسولکەکان.

بەهێز ڕاگرتنی ماسولکەکان دەتوانێت سوود بە جومگەکانت بگەیەنێت و کاریگەری نەرێنی ڕۆماتیزم لەسەریان کەمتر دەبێتەوە.


PM:06:37:30/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 1516 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌