‌هه‌نگاوه‌كانی ئاسایکردنەوەی ژیان دوای جەڵتە

وێستگە ستایل-

جەڵتە حاڵەتێکە کە هەمو کەس ئەگەری دوچاربونی هەیە پێی بەڵام بەپێی تەمەن و هۆکارەکان لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە. ئەو کاریگەریە دەرونی و جەستەییانەی لەدوای ڕودانی جەڵتە لەسەر دوچاربو دەمێنێتەوە پێویست دەکات بیر لەوە بکاتەوە کە چۆن ژیانی بگونجێنێت لەگەڵ ئەم بارودۆخە تازە جەستەییەی، دكتۆر عەدنان پسپۆڕی نەخۆشیەکانی دڵ و بۆریەکانی خوێن له‌م بابه‌ته‌دا هه‌نگاوه‌كانی ئاسایکردنەوەی ژیان دوای جەڵتە  ده‌خاته‌ ڕوو.

ڕێنماییە گرنگەکان دوای جەڵتە:
1- دەبێت هەوڵبدەیت خۆت بەدوربگریت لە دوچاربون بە جەڵتەیەکی دیکە.
بەپێی توێژینەوەکان، %٢٠ی ئەو کەسانەی سەرو ٤٥ ساڵن و جەڵتە لێیان دەدات توشی جەڵتەیەکی دیکە دەبنەوە  لە ماوەی پێنج ساڵی دوای جەڵتەی یەکەمیان. لەبەر ئەوە دەبێت دەرمانەکانت بەتەواوی وەربگریت و بەباشی گوێڕایەڵی ڕێنماییەکانی پزیشکەکەت بیت و هەرکاتێک کێشەیەکت هەبو دەست بەجێ ڕاپرسی بە دکتۆرەکەت بکە تا بەیەکەوە بگەنە باشترین چارەسەر.

2- هەوڵبە خواردنت تەندروست تر بکەیت:
-دورکەوتنەوە لە چەوریە خراپەکان
-خواردنی ٤-٥ جۆر میوە ڕۆژانە  
- زوو زوو ماسی بخۆیت
- کەمکردنەوەی بەکارهێنانی خوێ (کەمتر لە گرام و نیوێک ڕۆژانە)
- بەتەواوەتی دوربکەویتە لە شەکر و خواردنەوە شیرینەکان

3-وازهێنان لە جگەرە کێشان. ئەگەر پێشتر وازت هێناوە و نەت توانیوە، دوبارەی بکەرەوە، چونکە زۆر کەس دوای چەند جارێک بەتەواوی وازی لێدێنن. وە بێگومان نابێت کەس لە ماڵەکەتدا جگەرەبکێشێت.

4- دوای ئەوەی حاڵەتەکەت هێور بوەوە، وەرزش بکە بەشێوەیەکی مامناوەند، بەجۆرێک لەگەڵ توانای جەستەت بگونجێت، کەدەبێتە هۆی کەمکردنەوەی چەوری لەش و هاوسەنگکردنی شەکری لەش جگە لە سودە تەندروستیەکانی تری. پێویستە ٣-٥ جار لە هەفتەیەکدا بەجۆرێک هەرجارە ٣٠-٣٥ خولەک بخایەنێت لە ژێر ڕێنمای پزیشکیدا.

5- کێشی لەش و هاوسەنگی بەستانی خوێنت ڕابگرە لەژێر ڕێنمای پزیشکەکەتدا
هەرکاتێک ئەم نیشانانەت هەبو دەست بەجێ سەردانی نەخۆشخانە بکە:
1- ئازاری سەرسنگ
2- هەستکردن بە توندی لە قۆڵەکان و مل و شەویلگە و سکدا.
3- هەناسە توندی
4- گێژبون و بێهێزی
5- تێکچونی ڕەنگ و ئاراق کردنەوە
6- دڵەراوکێ
7- دڵتێکەڵهاتن و ڕشانەوە
8- ئاوسان و ئازار لە قاچەکاندا


PM:06:25:30/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 2168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل