‌مەرجەکانی چەسپاندنی هاوسەرگیری چییه‌؟

وێستگە ستایل-

بەگشتی چەند مەرجێک هەیە کە دەبێت تاک هەیبێت هەتا بتوانێت هاوسەرگیری ئەنجامبدات، ئەو مەرجانەش لە چوارچێوەی یاسایی، ئاینی، کلتوری، تەندروستی، ... دانراون، دكتۆر جەعفەر پزیشکی پسپۆری دەروونی له‌م بابه‌ته‌دا باسیكردوه‌.

بۆ کەسێک لە کوردستان هاوسەرگیری بکات دەبێت ئەم مەرجانەی تێدابێت:
یەکەم.  بوونی توانای هاوسەرگیری: ئەویش بریتییە لە:
1- تەمەنی هەژدە ساڵی تەواوکردبێت.
2- پەیماننامەی یاساییان هەبێت بۆ پرۆسەکە.
3- کەسەکە دەبێت بێهاوسەر بێت، واتە هاوسەری نەبێت. (بۆ بابەتی ژنی دووەم و زیاتر ڕێسا و ڕێنمایی جیاواز هەیە)
4- شایستەیی هەبێت 

دووەم. هاوسەرگیری نەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە ڕێگریکراوە:
چەند گروپێک لە خەڵکی هەیە کە نابێت هاوسەرگیری لەگەڵیان ئەنجامبدرێت، ئەوانیش بریتین لە:
1- بوونی پەیوەندی خوێنی  نزیک؛ ئەوکەسانەی کە پێیاندەوترێت مەحرەمی تاک، کەسانی پلە یەک و پلە دوو نابێت هاوسەرگیریان لەگەڵ بکرێت، ئەوانیش بریتین لە (کچ، دایک، خوشک، خوشکەزا و برازا، پور، نەنک) بۆ پیاوان و (کوڕ، باوک، برا، برازا و خوشکەزا، خاڵ و مام، باپیر) بۆ ژنان، ئەوانەی تریش کە لە سەروو ئەوانەوە هەن وەکو دایکی نەنک و ...
2- خزمانی پلە یەکی هاوسەر؛ ئەو کەسانەی کە پلە یەکن بۆ هاوسەر نابێت هاوسەرگیریان لەگەڵ بکرێت هەتا کەسەکان بە هاوسەرداری بمێننەوە.
3- ئەو کەسانەی کە لە ڕێگەی شیرپێدانەوە دەبن بە مەحرەمی کەسەکە کە لە دوو خاڵی پێشتر ئاماژەی بۆ کراوە.
4- ژنی موسوڵمان نابێت هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوانی دینەکانی تردا بکات. (ئەم مەرجە لە یاسای باری کەسییەتی بەمشێوە هاتووە)

سێیەم: هێنانەدی مەرجە کلتوری و یاساییەکانی تر:
هەندیك مەرج هەن کە پەیوەستن بە شەرع و یاسا و کلتوری کۆمەڵایەتی، ئەوانیش بریتین لە:
1- هواسەرگیری تەنها لەنێوان ژن و پیاودا دەبێت. واتە هاوسەرگیری نێوان هاوڕەگەزەکان ڕێگەپێدراو نییە.
2- هاوسەرگیری پەیماننامەیەکی هەمیشەیییە و کاتی نییە. واتە له پەیمانامەی هاوسەرگیریدا، ماوە دیاریناکرێت بۆ جیابوونەوە! (ئەم مەرجە بۆ مەزهەبی سونەیە لە دینی ئیسلامدا)
3- دابینکردنی ماف و ئەرکی ژن و پیاو وەکو مارەیی.
4- ڕەچاوکردنی ڕێوشوێنە پێویستەکان وەکو ئەنجامدانی پرۆسەی خوازبێنی و شەکراوخواردنەوە.
5-  پشکنینی خوێن و دڵنیابوونەوە لە ڕووی نەخۆشییە بۆماوەییەکان کە لە نەوەکاندا دەردەکەوێت.

چوارەم. دەربڕینی ڕەزامەندی ئازادانە بۆ هاوسەرگیری لەلایەن هەردوو لاوە.
ئەو مەرجانەی لە سەرەوە ئاماژەیان بۆ کرا بەگوێرەی یاسا و شەریعەتی ئیسلامییە کە لە کوردستان و عیراق پەیڕەو دەکرێت و بەگوێرەی وڵاتان و نەتەوە و ئاینەکان مەرجەکان گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت.


PM:02:09:22/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 3088 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌