‌هۆكار و نیشانه‌ و چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی ئاوڵەی مەیمون

وێستگە ستایل-

ئاوڵەی مەیمون، نەخۆشیەکی ڤایرۆسیە کە بە (viral zoonosis) ناسراوە واتە ئەو ڤایرۆسانەیە کە لە ئاژەڵەوە دەگوازێتەوە بۆ مرۆڤ کە ئەگەڕێتەوە بۆ  orthopoxvirus لەخێزانی poxviridae کە جۆرێکە لەو ڤایرۆسانەی بەشێوازی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ بڵاو دەبێتەوە، سەرخێڵ ئاراز پسپۆڕی تەندروستی گشتی زانستی نەخۆشیەکان له‌م بابه‌ته‌دا زانیاری وودر له‌سه‌ر ئه‌م نه‌خۆشییه‌ باسده‌كات.

مێژووی ئەم ڤایرۆسە سەرەتا ساڵی ١٩٥٨ لە تاقیگەی دانش دۆزاوەتەوە، ساڵی ١٩٧٠ لە کۆماری کانگۆ لە مناڵدا دەستنیشانکرا، واتە لەو ساڵەدا لە مرۆڤدا دۆزراوەتەوە.

شێوازی گواستنەوەی:
ئەم ڤایرۆسە بەھۆی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی کەسی توشبوو بە ڤایرۆسەکە لە مرۆڤەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ لەڕێگەی ( دەردراوەکانی لەش بەتایبەتی لیک، پاشەڕۆ و بەرکەوتن بە دەردرەوەکانی لەشی کەسی توشبوو)، ھەروەھا بەرکەوتنی لەش بە کەسی توشبووی ڤایرۆسەکە وەک تەوقەو ماچکردن و بەرکەوتنی پێست بە پێست و سێکس، ھەروەھا گواستنەوەی خوێن یاخود یەکێک لەبەشەکانی جەستە بۆ کەسی تر.

ھەندێ سەرچاوەی زانستی ئاماژە بەوە دەکەن لەڕێگەی مەیمونی ھەڵگری ڤایرۆسەکەوە دەتوانێت بگوازرێتەوە بۆ مرۆڤی ساغ، یان( مشک و جرج کەئەمەیان زۆر بەھێز نیە).

نیشانەکان:
ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیمون وەک نەخۆشیە ڤایرۆسەکانی تر نیشانەکانی بەم شیێوەیە دەست پێدەکات:-
-سەرئێشەی بەردەوام ھەندێک جار بەھێز
-تای توند کە پلەی گەرمی لەشی کەسی توشبوو دەگاتە سەروو ٣٨ پلەی سەدی
-ھەڵئاوسانی لیمەفەکان و ئاڵوەکان
-ئازاری پشت
-ئازاری جومگەکان 
-بێ ھێزی
-لە دیارترین نیشانەکانی دەرکەوتنی بڵق ئاو لەسەر پێست کە بەئاسانی دەبینرێت کە قەبارەی ئەم بڵقانە گەورەن لەچاو بڵقی درکەو مێکوتە، ئەم ئاوڵانە بەشیوەیەکی خێرا دەردەکەون و ژمارەیان زۆرە پێویستە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە دەستنیشان بکرێت بۆ مەبەستی چارەسەری خێرا.

دەرکەوتن و توشبوونی ئەم ڤایرۆسە ٥ بۆ ٢١ ڕۆژ دەخایەنێت بەپێی ئاستی بەرگری لەشی مروڤەکە لە ھەندێ مرۆڤدا تەنھا ٦ بۆ ١٣ ڕۆژ دەخایەنێت.

ڕێژەی مردن بە ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیمون بە گوێرەی زانیاریەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی لە ٪١١ کە ئەمەش لەچاو ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرزترە کە ڕێژەکەی سەرەتا ٪٢ بو دواتر بەرزبۆوە بۆ ٪٦ مردن.

ئەم ڤایرۆسە توانای گواستنەوەی ھەیە لەکەسێکی توشبوو بە ڤایرۆسەکە بۆ کەسێکی تر بەبێ دەرکەوتنی ھیچ نیشانەیەک لە کەسی توشبو، واتە کەسێک کە ھەڵگر یا توشبوی ڤایرۆسەکەبێت دەتوانێت کەسانی تر توشبکات بەبێ ئەوەی نیشانەی نەخۆشیەکەی تێدا دەرکەوتبێت لەڕێگەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد.

ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە ئەم ڤایرۆسە تا ئێستا لەڕێگەی بەرکەوتنی ڕاسەتەوخۆ دەگوازێتەوە سەرچاوە زانستیە پزیشکیەکان ئاماژەیان بە گواستنەوەی ڤایرۆسەکە نەکردوە لەڕێگەی ھەواوە، بەڵام دەردراوەکانی دەم و لوت توانای گواستنەوەی ھەیە، بەنمونە ئەگەر کەسێک بەروڕوو و نزیکی کەسێکی تر بپژمێت لەڕێگەی لیکی دەمیەوە دەگوازرێتەوە.
ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی ئاماژەی بە ھەبونی ڤاکیسنی دژ بەم ڤایرۆسە کردوە بەتایبەت بۆ ئەوکەسانەی گومانی بەرکەوتنیان ھەیە.

ڕێگاکانی خۆپارێزی:
-پێویستە دەستەکان بەئاو سابونی شل پاکژ بکرێنەوە ڕۆژانە
-بەکارھێنانی بابەتی خۆپارێزیەکانی وەک دەست کێش و ماسک و چاویلکەی خۆپارێزی بەتایبەت بۆ ئەوکەسانەی مەترسی بەرکەوتنیان زیاترە وەک پزیشکان و ستافی تەندروستی و پزیشکانی ڤێرتەرنەری.
-جیاکردنەوەی کەسانی توشبوو و چارەسەر کردنیان.
-لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکان پێویسە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت بۆ زوتر وەرگرتنی چارەسەر.

ئەم ڤایرۆسە بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی تەندروستی جیھانی ئێستا لە وڵاتانی کامیرۆن ، ناوەڕاستی ئەفریقا، نێجیریاو زۆرترین ڕێژەش لە کۆماری کانگۆ تۆمار کراوە لەگەڵ چەند توشبویەکی تر لە وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکاو ئوستڕاڵیا تۆمار کراوە تا مانگی ٥ ئەمساڵ٢٠٢٢.

ئەم ڤایرۆسە لە ڕێگەی پشکنینی PCR لە تاقیگە دەستنیشان دەکرت و پشتڕاست دەکرێتەوە، بەگوێرەی پێشبینیەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی پێشبینی بڵاو بونەوەی ڤایرۆسەکەی کردوە ئەگەر.ڕێگاکانی خۆپارێزی بەشێوەی دروست پەیڕەو نەکرێت.


AM:11:07:24/05/2022


ئه‌م بابه‌ته 2368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌