‌هۆكار و نیشانه‌ و چاره‌سه‌ری گلێنه‌ی‌ قوچه‌كی

وێستگە ستایل-


 تەنکبوونی شوشێنەی چاو (گلێنەی قوچەکی) یەکێکە لە نەخۆشییە بڵاو و ترسناکەکانی چاو ئەگەر لە کاتی پێویستدا چارەسەری دروستی بۆ نەکرێت، دكتۆر ماكۆك محه‌مه‌د پزیشکی نەشتەرگەری و نەخۆشیەکانی چاو له‌م بابه‌ته‌دا زانیاری زیاتر ده‌خاته‌ ڕوو.

ئه‌م پزیشكه‌ ده‌ڵێت" ئەو بەشە شوشەییەی کە بەسەر ڕەنگینەی چاوەوەیە پێی دەوترێت (ڕەشێنە) یان (گلێنه) یان (شوشێنە)ی چاو، شێوەی نیمچەگۆییە و ڕوونە بۆ تێپەڕبوونی ڕوناکی بۆناو چاو، شوشێنەی چاو وەکو ئەو شوشەیە وایە کە سەعاتێکی دەستی داپۆشیوە و لەوێوە بەشەکانی تر دیارن."

ئەستووری شوشێنەی چاو نزیکەی ۱ ملیمەترە، بەڵام لەناوەڕاستدا زۆر تەنکترە و نزیکەی نیو ملیمەترە، ئەو ڕوناکییەی ئەچێتە ناو چاو زۆربەی لەلایەن  شوشێنەی چاوەوە ڕێکوپێک دەکرێت و دەگەیەنرێتە تۆڕەی چاو، واتە بەشی هەرە زۆری باش بینین پەیوەستە بە باشی شوشێنەی چاوەوە.

گلێنەی قوچەکی بریتییە لە تەنکبوونی بەردەوامی شوشێنەی چاو و دەرپەڕینی بۆ دەرەوە، بەمەش ڕادەی بینایی چاوەکە زۆر کز دەبێت، به‌هۆی ئه‌م گرفته‌وه‌ هەردوو چاوەکە توش دەبن، لەوانەیە یەکێکیان درەنگتر لەوی تر توش ببێت یان کەمتر تەنک ببێت، بەڵام هەردوو چاوەکە پێویستی بە چارەسەر دەبێت.

سەرەتای دەرکەوتنی نەخۆشییەکە لە قۆناغی هەرزەکاریەوە دەست پێدەکات، بەڵام هەندێک جار لە مناڵی خوار دە ساڵان یان کەسانی سەروو ۳۰ ساڵیشەوە  دەبینرێت، و له‌ سەرەتای دەرکەوتنی نەخۆشییەکە هەتا درەنگتر بێت ئەنجامی چارەسەرەکانی ئومێدبەخشتر دەبێت. بە زۆری لە تەمەنی ۳٥ ساڵی بەدواوە گلێنەکە تەنکتر نابێت و جێگیر دەبێت.

لە سەرەتاوە وەکو چاوکزی ئاسایی دەردەکەوێت، بەڵام زوو زوو پێویستی به گۆڕینی چاویلکە دەبێت و بینایی چاوەکە بە چاویلکەشەوە زۆر ڕوون نابێت ، ئەمەش گومان دروست دەکات لای پزیشکی چاو و دەینێرێت بۆ پشکنینی گلێنەی چاو.

چەندین ڕێگا هەیە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە، وەکو پشکنین بە ئامێری سلیت لامپ و ڕێتینۆسکۆپ و پشکنینی کۆمپیوتەری و پێنتاکامی گلێنەی چاو.

سێ قۆناغی هەیە، قۆناغی سوک (زیاتر لە ٤٨ یەکە قۆقز بووبێت)، قۆناغی مامناوەند (٤٨ بۆ ٥٤ یەکە قۆقۆز بووبێت)، قۆناغی توند ( زیاتر لە ٥٤ یەکە قۆقز بووبێت)، (شوشێنەی چاوی ئاسایی نزیکەی ٤۳ بۆ ٤٥ یەکە قۆقزە)

سه‌باره‌ت به‌ هۆکاری سەرەکی نەخۆشییەکە تا ئێستا نەزانراوە، بەڵام ئەو کەسانەی توشی دەبن ئەوانەن کە زیاتر هەستیاری چاویان هەیە و زۆر چاو دەخورێنن، وە کەشوهەوای ناوچەکەیان تۆز و گەرمای زۆرە، ئەگەر کەسێکیش توش ببێت ئەگەری هەیە خوشک و برای توشی هەمان نەخۆشی ببن، وە ئەگەریش هەیە کەسی تر لەو بنەماڵەیە توش نەبن، لەگەڵ ئەمانەشدا زۆرجار بەبێ هیچ گرفتێکی پێشینە هەر لە خۆوە ئەو کەسە توش دەبێت.

چارەسەری شوشێنەی قۆقز (گلێنەی قوچەکی) چییه‌؟
1- ئەگەر پلەی نەخۆشیەکە سووک بوو، دەتوانرێت تەنها بە چاویلکە یان عەدەسەی لکاو چارەسەر بکرێت.
بەڵام دەبێت ۳ بۆ ٦ مانگ جارێک پشکنینی بۆ بکرێتەوە، ئەگەر زانرا زیاتر کزبووە دەبێت چارەسەری زیاتری بۆ بکرێت.

2-لە هەر قۆناغێکدا پزیشکەکە دڵنیابووەوە لەوەی گلێنەکە تەنک بووە و شوشێنەی قۆقزیی هەیە، پێویستە چارەسەری (جێگیرکردنی شوشێنە) بەکاربهێنێت، کە بریتییە لە بەکارهێنانی قەترەی ڕایبۆفلاڤین و تیشکی لەیزەری سەروو وەنەوشەیی پێکەوە.

بەمەش کۆلاجینی ناو شوشێنە تۆکمە دەبنەوە و بۆ ماوەی چەند ساڵێک چاوەکە لە تەنکبوون و کزبوونی زیاتر دەپارێزن.

ئەم چارەسەرە بۆ ئەوە نیە بینایی چاوەکە باشتر ببێت و چاویلکە لاببات، بەڵکو تەنها بۆ ئەوەیە خراپتر نەبێت.
وە ئەگەر لە کاتی گونجاودا بکرێت چاوەکە دەپارێزێت لەوەی توشی نەشتەرگەری گۆڕینی گلێنە ببێت.

3-ئەگەر بینایی چاوەکە بە چاویلکە و هاوێنەی لکاو ڕوون نەبووەوە، دەتوانرێت ئەڵقەی ناو شوشێنە دابنرێت، بە مەرجێک شوشێنە زۆر تەنک نەبووبێت.

4-ئەگەر شوشێنەی چاو زۆر تەنک بووبێت یان تانەی لەسەر درووست بووبێت، پێویستە نەشتەرگەری گۆڕینی شوشێنەی چاو ئەنجام بدرێت. ئەمەش نەشتەرگەرییەکی قورسە و پێویستی بە شوشێنەی کەسێکی مردوو هەیە له بانقی چاو وەردەگیرێت.


PM:05:32:20/01/2022


ئه‌م بابه‌ته 2656 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌