‌هۆكار چییه‌ هه‌ندێك هاوسه‌ر كێشه‌یان نییه‌ به‌ڵام منداڵیان نابێت؟

وێستگە ستایل-

دوای چەند مانگێك لە هاوسەرگیری کوڕ و کچێك و پێکهێنانی خێزان، هەموو چاوەکانی خزم و کەس و کار و هاوڕێ و دەورووبەر لەسەریانە! دەپرسن بۆ هەتا ئێستا هیچیان لە رێگا نییە و منداڵیان نابێت، دەبێت گرفتەکە لە کامیان بێت؟ یەکێك دەڵێت ئاخر هێندە تاخیریان کرد بۆیە ئێستا منداڵیان نابێ! یەکێکی دیکە دەڵێ پیاوەکە دەوالی هەیە و تۆوی سفرە! نا ژنەکە هێلکەی بچوكە و بەکەڵك نایەت! ئەو پرسیارانە و چەندین پرسیاری دیکە ئاراستەی ژن و مێردی تازە دەکرێن. 

د.كتۆر رامان پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ له‌سه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌ ده‌ڵێت" پرۆسەی پیتاندن بە چانس روودەدات کاتێك ژن و پیاوەکە سەردانی پزیشك دەکەن و دەردەکەوێت هیچیان کێشەیان نییە،  ئەوە خۆی لە خۆیدا کێشەیەکی دیکەیە! ژن و پیاوەکە خۆیان باوەڕناکەن چۆن دەبێت هیچ کێشەیەکیان نەبێت و منداڵیشیان نەبێت، چۆن بڕوا بە کەسانی دەورووبەریان بهێنن! ناحەقیشیان نییە! بەڵام بەڵێ دەبێت هیچ کێشەیەك نەبێت و منداڵیش دروست نەبێت! گرنگە بزاندرێت، کە دووگیانبوونی ئافرەت لەئەنجامی پیتاندنی هێلکە بە تۆوی پیاوەوە روودەدات، ئەو پرۆسەیەش بە چانس روودەدات! "

ئه‌م پزیشكه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات چانسی دووگیانی لە ژن و مێردێك ئەگەر هیچ کێشەیەکیان نەبێت لە ماوەی ٦ مانگ دوای پێکهێنانی خێزان تەنها ٧٥٪ دەبێت، لە ماوەی یەك ساڵیش ئەو چانسە نابێتە ١٠٠٪ بەڵکو نزیکەی ٩٠٪ دەبێت،  ئەوە وەڵامی ئەو پرسیارەمان دەداتەوە کە مەرج نییە هەموو ژن و مێردێك بتوانن بە ئاسایی منداڵیان ببێت لە ساڵی یەکەمی دوای هاوسەرگیری کردن ئەگەرهاتوو هیچ کێشەیەکیشیان نەبێت، ئەو چانسەش لەگەڵ بوونی هەرکێشەیەک لە یەکێک لە باوانەکان کەمتر دەبێتەوە.

بەداخەوە لە نێو خەڵكی ئێمە کێشەی نەزۆکی بە عەیبە ناوزەندکراوە، لێیان دەپرسن (عەیب)ەکە لە کامەتانە؟ کێشەی نەزۆکی (عەیب) نییە بەڵکو وەك هەر کێشەیەکی دیکەی تەندروستی پێویستی بە دەستنیشان کردن و چارەسەرکردن هەیە.
له‌ 50% هۆکاری نه‌زۆکی له‌ هه‌ر ژن و مێردێك، پیاو لێی به‌رپرسه‌! به‌ گشتی هۆکاری نه‌زۆکی له‌ پیاوان بریتیین له‌:
1- ناته‌واوی له‌ دروستبوونی تۆو؛ کێشه‌ی هۆڕمۆنی و زگکماکی
2-ناته‌واوی له‌ کارکردنی تۆو؛ وه‌ک له‌ ده‌والی گون
3-ناته‌واوی له‌ گه‌یاندنی تۆو؛ وه‌ک له‌ کارنه‌کردنی ئه‌ندامی زاوزێ، گیرانی بۆڕی تۆو
4-ته‌ندروستی گشتی و شێوازی ژیان؛ جگه‌ره‌کێشان و خواردنه‌وه‌ی کحول و قه‌ڵه‌وی
5-چه‌ندین هۆکاری ژینگه‌یی‌؛ به‌رکه‌وتن به‌ تیشک و مادده‌ی کیمیایی
لە کۆتاییدا گرنگە بزاندرێت ئەگەر دوای ساڵێك لەسەر پێکهێنانی خێزان، دووگیانی رووینەدا، ئەوا پێویستە هەردوو باوان پشکنین بکەن لەهەمان کاتدا بۆ دیاری کردنی ئەگەری کێشە لە هەر یەکەیان و وەرگرتنی چارەسەری پێویست.


PM:03:27:17/01/2022


ئه‌م بابه‌ته 2492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌