‌خۆکوژی‌ چییە؟

وێستگە ستایل-


یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی‌ پزیشکی‌ دەرونی‌ کە لێکەوتەی‌ گرنگی‌ هەیە لەسەر ژیانی‌ کۆمەڵایەتی‌ و کەسیی‌ تاکەکان، بابەتی‌ خۆکوژییە، دكتۆر جەعفەر پزیشکی پسپۆری دەروونی ورده‌كاری زیاتر له‌م بابه‌ته‌ له‌سه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌ ده‌خاته‌ ڕوو.

خۆکوژی‌ کردارێکە کە دەرئەنجامەکەی‌ مردنە، بە مەبەست و لەلایەن خودەوە ئەنجامدەدرێت، لەکاتێکدا دڵنیایە کە دەرئەنجامەکەی‌ کوشندەیە، واتە کۆتایهێنانی‌ تاک بە ژیانی‌ خۆی‌. 

خۆکوژی‌ چەند ئاست و پێکهاتەیەکی‌ هەیە ئەوانیش بریتین لە: (بیرۆکە و بیرکردنەوە لە خۆکوژی‌، ویستی‌ خۆکوژی‌، بوونی‌ پلان بۆ خۆکوژی‌، هەوڵی‌ خۆکوژی‌ و ئەنجامدانی‌ خۆکوژی‌، خۆکوشتن)

دەتوانین بڵێین ئەوانە قۆناغەکانی‌ خۆکوژین کە مرۆڤ پیایدا تێدەپەرێت، و بە بیری‌ خۆکوژی‌ دەستپێدەکات و بە خۆکوشتن تەواودەبێت.

بە گوێرەی‌ داتاکانی‌ رێکخراوی‌ تەندروستی‌ جیهانی‌ (WHO)، ساڵانە 136 لە 100000 بۆ پیاوان و 186 لە 100000 لە ژنان هەوڵی‌ خۆکوژی‌ دەدەن. 

ئەوانەش بە هۆی‌ هەوڵی‌ خۆکوژییەوە دەمرن ساڵانە 800 هەزار کەسن، بۆنمونە لە ساڵی‌ 2013 دا 842 هەزار کەس بەهۆی‌ خۆکوژی‌ مردوون.

خۆکوژی‌ یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی‌ مردن و لە گەوراندا پلەی‌ دەیەمی‌ هەیە وەکو هۆکارێک بۆ مردن و لەناو هەرزەکارانیش سێیەم هۆکارە بۆ مردن! 

بۆنمونە لە وڵاتی‌ بەریتانیا لە سەد کەس یەک کەس بە هۆی‌ خۆکوژییەوە دەمرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە کە مرۆڤکوژی‌ (واتە کەسێک کەسێکی‌ تر بکوژێت) پلەی‌ شانزەهەمی‌ هەیە لە ناو هۆکارەکانی‌ مردن.


PM:07:55:29/11/2021


ئه‌م بابه‌ته 1708 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌