‌به‌ چه‌ند هه‌نگاوێك ده‌رونت به‌ ته‌ندروستی بهێڵه‌ره‌وه‌

وێستگە ستایل-


زۆر چالاکی هەیە کە ڕۆتین و دووبارەن لە ژیانماندا و پاڵنەری سەرەکی مانەوەی مرۆڤن! وەکو خەو، خواردن، پاکوخاوێنی، سێکس، ... مرۆڤەکان ئەم کارانە بەشێوەی دووبارە ئەنجامدەدەن و ناتوانن خۆیانی لێبەدوربگرن، بەڵکو بەشێکی سەرەکییە لە ژیانیاندا،دكتۆر جەعفەر پزیشکی پسپۆڕی دەروونی گرنگترین ئه‌و چالاكیانه‌ ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ بۆ مانه‌وه‌ی‌ ده‌روون به‌ ته‌ندروستی پێویسته‌.

زۆرجار تێکچوونی یەکێک لەم کارانە هۆکارە بۆ تێکچوونی دەرووندروستی، بۆنمونە؛ خەوی کەم و تێرخەونەبوون، کەمی بەشێك لە ماددە و ڤیتامینە پێویستەکان، پیسی لاشە و چڵکنی، ... هەموویان دەبنە هۆی دروستکردنی هەستی بێزاری و ناڕەحەتی لە لای تاک، بەشێوەیەک لەوانەیە توشی شڵەژانی دەروونی بکەن. لەبەرئەوە دەبێت بە وردی ئەو چالاکییانە ڕێکبخەینەوە، هەتا باری دەروونیمان باشتر و جێگیرتر بێت، لە خوارەوە چەند ڕێنماییەک دانراوە:

1- خەوتن و هەستان لەکاتی خۆیدا؛ باشترین کاتی خەوتن شەوانە، هەوڵبدات خەوەکانی بکاتە کاتی تاریکیییەوە، هەروەها بە ڕۆژدا بە کەمی بخەوێت. بەیانیان لە کاتی خۆیدا هەستێت و تەمبەڵی نەکات.

2- خەوی پێویست؛ دەبێت کاتی پێویست بخەوێت، مرۆڤی پێگەیشتوو نابێت لە ٧ سەعات کەمتر بخەوێت، کەتەکەشێ بەگوێرەی تەمەنەکان دەگۆڕێت.

3- خواردنی تەندروست و پاک و چاک؛ هەوڵدان بۆ خوارنە تەندروستەکان و ئەو خواردنانەی کە بەشێوەیەکی دروست ئامادە دەکرێن، بەتایبەت گۆشت، شیر، هێلکە، ماسی، میوەکان، ... کە ماددە سودبەخشەکانی تێدایە بۆ دەرووندروستی مرۆڤ.

4- خواردنی هەمەچەشن؛ پێویستە مرۆڤ هەموو جۆرە خواردنەکان بخوات هەتا سەرجەم ماددە خۆراکییەکان بەدەستبهێنێت. لەبەرئەوە نابێت واز لە خواردنێکی تایبەت بهێنێت.

5- گرنگیدان بە پاکوخاوێنی جەستە: خۆشۆردن و پاکوخاوێنی جەستە و جلوبەرگەکانی بەشێوەیەکی بەردەوام و بەرنامەی تایبەتی هەبێت بۆ ئەم لایەنە.

6- پاراستنی ددانەکان؛ ددانەکان جگە لە فەرمانی هەرسکردن و یارمەتیدانی خواردن، ئەرکێکی تریان بەخشینی جوانییە بە مرۆڤ، لەبەرئەوە پێویستە ددانەکان هەمیشە پاک و جوان دەربکەون هەتا تاک بە دەرووندروستی بمێنێتەوە.

7- تێرکردنی دروستی ئارەزووی سێکسی؛ خاڵیکردنەوەی ئارەزووی سێکسی جگە لەوەی کە تێرکردنی لایەنێکی گرنگی ژیانە، لە هەمانکاتدا بەشێکی گرنگی ژیانی مرۆڤ پێکدەهێنێت، هەر لە بوونی ئارەزووی سێکسییەوە هەتا دەگاتە تێرکردن و چێژوەرگرتن! لەم ڕوانگەوە بۆ کەسانی سەڵت و خێزاندار شێوازی تایبەتی هەیە بۆ خاڵیکردنەوە و دەبێت خۆیان لە لادانەکان بپارێزن، چونکە لادان لەم لایەنەدا کاریگەری نەرێنی گەورە لەسەر دەرووندروستی تاک دادەنێت.

 کەواتە پێویستە تاک بەرنامە و پلانی تایبەتی هەبێت بۆ ئەو چالاکییانە و بە گرنگییەوە سەیریان بکات و هەوڵبدات شێوازی ژیانی تەندروست بێت.


PM:03:31:26/10/2021


ئه‌م بابه‌ته 1744 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌