‌خۆربردن چییە و چۆن چارەسەر دەکرێت؟

وێستگە ستایل-

خۆربردن بریتیە لە حاڵەتێکی فریاگوزاری کە پێویستی بە چارەسەری خێرا و پێویست دەبێت، کە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش بۆ زیاتر لە (٤٠ ) پلەی سیلیزی ڕوودەدات، لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی کەش و هەوا یاخود ئەنجامدانی وەرزش و کاری رۆژانەی زۆر قورس لە کاتە گەرمەکانی رۆژدا بەتایبەت لە مانگەکانی وەرزی هاوین، دكتۆر ئیسماعیل پزیشکی نیشتەجێی دێرینی ئێسک و شکاوی له‌م بابه‌ته‌دا هه‌نگاوه‌كانی چاره‌سه‌ری ئه‌م حاڵه‌ته‌ باسده‌كات.

پێویستە کەسی بەرکەوتە بە زووترین کات بگەیەنرێتە نزیکترین نەخۆشخانە فریاکەوتن، لەبەرئەوەی ئەگەر فریای کەسی بەرکەوتوو نەکەوین رەنگە توشی زیانی جەستەیی بێت لەوانە زیان بەر مێشک و دڵ و گورچیلەکان یاخود ببێتەهۆی مردن.

کەسی بەرکەوتوو چۆن بناسینەوە؟
1- بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش بۆ زیاتر لە (٤٠) پلەی سیلیزی.
2- تێکچوونی باری هۆشداری و ژیری کەسەکە و هەندێک جار دەبێتەهۆی گەشکە.
3-  وشکی پێست و گەرمبوونی، نەبوونی نیشانەی ئارەقکردنەوە لەسەر جەستە، سووربوونەوەی پێست.
4- دڵتێکەڵهاتن و رشانەوە.
5- زیادبوونی لێدانی دڵ و هەناسە سواری.
6- سەر ئێشە.

چی بکەین کە کەسی تووشبوومان ناسییەوە؟
1ـ پەیوەندی کردن بە سەنتەری کردە پزیشکیەکان(۱۲۲)
2ـ فێنککردنەوەی کەسەکە و دوورخستنەوەی لەبەر خۆر و داکەندنی جلەکانی بەری.

چۆن خۆمان بپارێزین؟
1- لە مانگەکانی هاویندا پێویستە دورکەوینەوە لە جلی تەسک یاخود جلی ئەستور و زیادە. هەروەها وا باشە رووبکەینە بەکارهێنانی چەتری سپی، کاسکێت و کڵاو و چاویلکەی بەر خۆر.
2-خۆمان بە دوور بگرین لە زۆر چوونە دەرەوە بەتایبەت لە کاتە گەرمەکانی رۆژ و خۆ ماندوو نەکردن لەو کاتانەدا.
3-بەجێنەهێشتنی منداڵ و پیر و پەککەوتە بەتەنها لەنێو ئۆتۆمۆبیل، چوونکە ئەمە ئەو دوو تەمەنەن کە زۆر لەبارن بۆ زیان بەکەوتن بە گەرمای زۆر.
4- خواردنەوەی بڕێکی باش لە ئاو و شلەمەنی، کە زۆر زۆر گرنگە بۆ وشکنەبوونەوەی لەشمان.
5- بەکارهێنانی دژە خۆر بۆ ئەو کەسانەی کە دەچنە دەرەوە و هەموو ۲ کاژێرێک دووبارە بەکارهێنانەوەی.
6- نەخواردنەوە یاخود کەمکردنەوەی خواردنەوە کحولیەکان، چونکە کاریگەری لەسەر مێشک دەبێت بۆ هاوسەنگی راگرتنی پلەی گەرمی لەش.
7- ئەو کەسانەی کە گیرۆدەی نەخۆشیە درێژخایەنەکانی وەک بەرزەپەستانی خوێن و هەندێک لە نەخۆشییە دەروونییەکانن و رۆژانە دەرمان بەکاردەهێنن، دەبێت لە کاتە گەرمەکاندا بە وریاییەوە مامەڵە بکەن، چونکە هەندێک لە دەرمانەکان وا دەکەن بەرکەوتە بۆ ئەم جۆرە حاڵەتە زیاتر بێت و مەترسیدار بێت بۆ سەر ژیانیان.
فێنککردنەوە؟ 

1-بردنی کەسەکە بۆ شوێنێکی سێبەر و دوور لە خۆر.
2-داکەندنی جلەکانی
3-چەند پارچە قوماشێک بە ئاوی سارد تەڕ بکرێت و بخرێتە سەر نێوچاوان و مل و هەردوو بنباڵ و بەینی رانی کەسی بەرکەوتوو، زوو زوو دوبارەکردنەوەی ئەم رێگایە.
4- پێدانی بڕێکی گونجاو لە ئاو، ئەگەر باری هۆشداری کەسەکە جێگیر بوو


AM:11:44:21/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 3056 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌