‌هه‌نگاوه‌كانی چاره‌سه‌ری شێرپه‌نجه‌ی‌ مه‌مك

وێستگە ستایل-


لە سەرەتای دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمك، دەبێت چەند پزیشكێك لە چەند پسپۆریەکی جیاواز بەیەکەوە که‌یسەکە تاووتوێ بکەن و لەسەر بنەمای ستاندەردە جیھانیەکان پلانی چارەسەرکردنی بۆ دابنێن، ئەو پسپۆرانەی کە پێویستە بەشداربن لە چارەسەرکردنی شێرپەنجەی مەمك بریتین لە دکتۆری شێرپەنجە، دکتۆری تیشك، دکتۆری شانەزانی، دکتۆری نەشتەرگەری، دکتۆری چارەسەری تیشکی، دکتۆری جوانکاری، وە هەندێك جار پسپۆرانی چارەسەری سروشتی. پلانیش کاتێك باشتر پیادە ئەکرێت کە نەخۆش و کەسوکارەکەی لە سەرەتاوە لە ناوەرۆکەکەی ئاگادار بکرێنەوە و بۆچوونیان بەڕێزەوە ببیسترێت و بە هەند وەربگیرێت. بەم شێوەیە نەخۆشەکە چارەسەری نەخۆشیەکەی لە بەرزترین ئاست دەست ئەکەوێت، دکتۆر سەرکەوت پزیشکی ڕاوێژکار بۆ چارەسەری گرێ و نەخۆشیەکانی شێرپەنجە دیارترین هه‌نگاوه‌كانی چاره‌سه‌ری شێرپه‌نجه‌ی‌ مه‌مكی له‌م بابه‌ته‌دا باسكردوه‌.

ئه‌م پزیشكه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات چەند شێوازێك هەن بۆ چارەسەری شێرپەنجەی مەمك. زۆربەی ئەو ئافرەتانەی تووشی ئەو شێرپەنجەیە ئەبن یەکێك یان زیاتر لەو چارەسەرانەیان پێ ئەدرێت:

1- نەشتەرگەری: دوو هەڵبژاردە هەن، یان لابردنی گرێیەکە و بەشێك لە شانە سروشتیه‌كانی دەوروبەری گرێیەکە، وە یان لابردنی هەموو مەمك... بۆ بڕیار دان لە سەر هەڵبژاردنی یەكێك لەو دوو هەڵبژاردانە، چەند شتێك لەبەرچاو ئەگیرێن بۆ نموونە قەبارەی گرێیەکە بە بەراوورد لەگەڵ قەبارەی مەمکەکە، ژمارەی گرێ شێرپەنجەییەکان لە ناو مەمك، چوون یان نەچوونی شێرپەنجە بۆ پێستی مەمك، وە ئارەزووی نەخۆشەکە. لە هەردوو جۆر نەشتەرگەریەکە، پێویستە گرێ لیمفاویەکانی ژێر باڵیش بپشکندرێن و ئەگەر شێرپەنجەیان تێدابێت لاببردرێن.

2- چارەسەری تیشکی: ئەوەش خانە شێرپەنجەییەکان ئەکوژێت و نایەڵێت دابەش ببن. بڕیار دان لەسەر ئەوەی چارەسەری تێشکی بدرێت یان نا، چەند شتێك لەبەرچاو ئەگیرێن: ئایا مەمکەکە هەمووی هەڵگیراوە یان تەنها گرێیەکە و دەوروبەری گرێیەکە، وە ئایا گرێ لیمفاویەکانی ژێر باڵ شێرپەنجەیان تێدا بووە یان نا. بە شێوەیەکی گشتی، ئەگەر مەمك هەمووی هەڵبگیرێت، پێویست بە چارەسەری تیشکی ناکات پاش نەشتەرگەری ئەگەر گرێ لیمفاویەکانی ژێر باڵ شێرپەنجەیان تێدا نەبێت، بەڵام ئەگەر تەنها گرێیەکە و بەشێك لە شانە گبیعیەکان هەڵبگیرێن، یان گرێ لیمفاویەکان شێرپەنجەیان تێدا بێت، ئەوا زۆربەری جار وەرگرتنی چارەسەری تیشکی ئەبێت بە بەشێك لە چارەسەر و پێویستە بکرێت.

3- چارەسەری کیمیاوی: چارەسەرە کیمیاویەکان خانە شێرپەنجەییەکان ئەکوژن یان نایەڵن گەشە بکەن. هەندێك جار چارەسەری کیمیاوی پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەری ئەدرێت بە نەخۆش بۆ ئەوەی نەشتەرگەریەکە ئاسانتر ئەنجام بدرێت، بەڵام هەندێك جاریش پاش نەشتەرگەری ئەدرێت بۆ ئەوەی ئەگەر خانەی شێرپەنجەیی لە لاشەی نەخۆش مابن بیانکوژێت و ئەگەری گەڕانەوەی شێرپەنجەکە کەمتر بکاتەوە. ژمارەی جورعە کیمیاویەکانیش بەپێی قۆناغ و تایبەتمەندیەکانی شێرپەنجەکە ئەگۆڕێت، هەندێك جار تەنها چوار جورعە ئەدەین، هەندیك جاریش شەش یان هەشت.

4- چارەسەری هۆڕمۆنی: زۆربەی ئەو ئافرەتانەی شێرپەنجەی مەمکیان هەیە، پڕۆتینی هۆرمۆنی لەسەر ڕووی خانە شێرپەنجەییەکانیان هەن کە پێان ئەڵێن (ER and PR). بوونی ئەو پڕۆتینانە وا ئەکات شێرپەنجەکە هەستیار بێت بە هۆڕمۆنەکان و هۆڕمۆنەکان ببنە هۆی گەشەکردنی شێرپەنجەکە. بۆیە ئەو ئافرەتانە پێویستە چارەسەری هۆڕمۆنیشیان بدرێتێ بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری گەڕانەوەی شێرپەنجەکەیان. ئەو چارەسەرەش زۆربەی جار دوای تەواوبوونی چارەسەری کیمیاوی دەست پێ ئەکرێت و بۆ ماوەی ٥-١٠ ساڵ ئەدرێت.

5- چارەسەری ئاڕاستەکراو (العلاج الموجە: Targeted therapy): ئەو چارەسەرانە ئاڕاستەی یەك جۆر پڕۆتین ئەکرێن و تەنها هێرش ئەکەنە سەرئەوان، بۆیە لەو جۆرە شێرپەنجانە بەکاردێن کە تایبەتمەندی دیاریکراویان هەن. بۆ نموونە، هێرسێپتین چارەسەرێکی ئاڕاستەکراوە تەنها بۆ ئەو شێرپەنجانە بەکاردێن کە پڕۆتینی HER2 لەسەر خانە شێرپەنجەییەکانیان هەیە. بۆ ئەو شێرپەنجانەی کە لە قۆناغی چوار نینن، هێرسێپتین بۆ ماوەی ٦-١٢ مانگ ئەدرێتە نەخۆش.

پاش ئەوەی ئافرەتێك چارەسەری شێپرنجەی کرا، پێویست بەوە ئەکات دکتۆر بیبینێتەوە بۆ پشکنین؟
دكتۆر سه‌ركه‌وت ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات شێرپەنجەی مەمك بەداخەوە پاش چارەسەرکردن توانای گەڕانەوەی هەیە، بۆیە ئەو نەخۆشانەی کە بە سەرکەوتوویی شێرپەنجەكه‌یان چارەسەرکراوە دەبێت لەلایەن پزیشکێکی پسپۆری شێرپەنجە ناوە ناوە ببیندرێنەوە و پشکنینیان بۆ بکرێت بۆ ئەوەی ئەگەر نەخۆشیەکە گەڕاوە زوو بزاندرێت و چارەسەری پێویستی بۆ بکرێت.

چەند زوو زوو پێویستە پسپۆری شێرپەنجە نەخۆشەکە ببینێتەوە؟
ئه‌م پزیشكه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات زۆربەی جار شێپرنجەی مەمك لە دوو ساڵی یەکەمی دوای چارەسەر ئەگەڕێتەوە، بۆیە لەو ماوەیە وا باشترە ٣ مانگ جارێك سەردانی دکتۆرەکەی خۆی بکاتەوە. پاش دوو ساڵ ئەگەری گەڕانەوە بەرە بەرە کەمتر ئەبێتەوە، بۆیە لە ساڵی سێەم هەر ٤ مانگ جارێك، لە ساڵی چوارەم و پێنجەم هەر شەش مانگ جارێك، وە لە ساڵی شەشەم هەتا ساڵی دەیەم: ساڵێ جارێك.

لەو سەردانانە دکتۆر چی بۆ دەکات؟
یەکەم شت، پرسیاری لێ ئەکات دەربارەی نیشانەکانی گەڕانەوەی نەخۆشیەکەی، پاشانیش پشکنینی سەریری بۆ ئەکات. ئەگەر لە کاتی قسە کردن یان پشکنین گومانی بۆ دروست بوو کە لەوانەیە نەخۆشیەکەی گەڕابێتەوە، ئەوا هەندێك پشکنینی خوێن یان پشکنینی تیشکی بۆ ئەکات.

نیشانەکانی گەڕانەوەی ئەو نەخۆشیە چین؟
نیشانەکان بە پێی شوێنی گەڕانەوەی نەخۆشیەکە ئەگۆڕێن. زۆر جار نەخۆشیەکە لە شوێنی خۆی ئەگەڕێتەوە، کە ئەو کات نەخۆش لەوانەیە هەست بە بوونی گرێیەکی نوێ یان سوور بوونەوەیەك بکات لە سەر پێستی سینگ لە شوێنی نەشتەرگەری، یان لە مەمك (ئەگەر مەمکەکە هەمووی هەڵنەگیرابێت لە کاتی نەشتەرگەری یەکەم).
لەوانەشە نەخۆشیەکە لە کاتی گەڕانەوە بچێتە ئەندامەکانی دوور لە مەمك.

1- بۆ نموونە لەوانەیە بچێتە ئێسك، کە ئەو کات لەوانەیە ژانێکی زۆر دروست بکات کە وا لە ئافرەتەکە بکات نەتوانێت بخەوێت، یان لە خەو بەخەبەربێت لەگەڵ ژانەکە
2- ئەگەر بچێتە سیەکان، لەوانەیە نەفەسی تەنگ بێت، یان ئاو لە بەینی سیەکان و دیواری سینگ کۆ ببێتەوە
3- ئەگەر بچێتە جگەر لەوانەیە تووشی زەردوویی ببێت یان لەوانەیە زگی بێشێت
4- ئەگەر بچێتە مێشك، لەوانەیە سەری بێشێت یان بڕشێتەوە.

ئەگەر بگەڕێتەوە چۆن چارەسەر ئەکرێت؟
لەکاتی گەڕانەوەی شێرپەنجەی مەمك، دەبێت هەم تایبەتمەندیەکانی شێرپەنجەکە دووبارە دیاری بکرێنەوە، وە هەم ئەوەش دیاری بکرێت کە ئایا تەنها لە شوێنی خۆی گەڕایتەوە یان چوەتە شوێنە دوورەکانیش. بە پشت بەستن بەو زانیاریانە چارەسەرێکی گونجاو دیاری ئەکرێت کە لەوانەیە بریتی بێت لە چارەسەری هۆڕمۆنی، چارەسەری ئاڕاستەکراو، چارەسەری کیمیاوی، چارەسەری تیشکی، یان هەندێك جاریش نەشتەرگەری.

ئەگەر شێرپەنجەی مەمك بگەڕێتەوە، ئەکرێت بنبڕ بکرێت؟
سه‌باره‌ت به‌م لایه‌نه‌ دكتۆر سه‌ركه‌وت باس له‌وه‌ ده‌كات ئەگەر لە شوێنی خۆی بگەڕێتەوە لەوانەیە بنبڕ بکرێت، بەڵام ئەگەر بچێتە ئەندامە دوورەکان (وەکو ئێسك، جگەر، سیەکان، یان مێشك)، ئەوا بەداخەوە ئەوکات وەکو نەخۆشیەکی درێژ خایەن تەماشا ئەکرێت و هەتا مردن لەگەڵ ئافرەتەکە ئەمێنێتەوە. وە ئەوکات ئامانج لە چارەسەرکردن ئەوە نابێت کە نەخۆشیەکە بنبڕ بکرێت، بەڵکو ئامانج لە چارەسەرکردن کۆنترۆڵ کردنی نەخۆشیەکە ئەبێت، بۆئەوەی نەخۆشەکە زیاتر بژیێت، وە نەوعیەتی ژیانی خۆشتر بکرێت.


PM:11:03:08/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 2268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌