‌منداڵه‌كه‌ت فێربكه‌ شه‌وانه‌ زوو بخه‌وێت

وێستگە ستایل-


شەوانە نوستن لە هەمان کاتدا وادەکات منداڵەکە ڕابێت و لەکاتی خۆیدا بخەوێت، هەوڵ بدە جیاوازی کاتی نوستنی لەهەموو شەوێکدا زیاتر نەبێت لە یه‌ك كاتژمێر، دكتۆره‌ په‌روین پزیشکی پسپۆڕی منداڵان چه‌ند ڕێنماییه‌ك پێشكه‌ش به‌ دایكان و باوكان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی‌ مندالًَه‌كانیان فێری نوستنی زوو بكه‌ن له‌ شه‌واندا.

1- شوێنی نوستنی کەمێک تاریک بێت یان ڕوناکیەکی زۆر کەم هەبێت بەڵام با بەتەواوی تاریک نەبێت ئەگەر هەستت کرد منداڵەکەت لەتاریکی دەترسێت.
2-  نزیکەی کاتژمێرێک بەر لەخەوتن نابێ سەیری مۆبایل و ئایپادو هیچ شاشەیەک بکات وە هەرگیز لەژووری خەوتنی منداڵ تی ڤی دامەنێن.
3- باشترە بەڕۆژ نەخەوێت ئەگەر تەمەنی زیاترە لە سێ ساڵ.
4- ئەگەر بکرێت هەوڵ بدە منداڵەکەت ڕۆژانە بۆ ماوەی نیو کاتژمێر یان کاتژمێرێک لەدەرەوەی ماڵ و لەشوێنێکی کراوە یاری بکات وەکو  باخچە یان پاڕکی ناو گەڕەکەکان.
5- مەهێڵە منداڵەکەت بەبرسیەتی بخەوێت دەتوانی بەر لە خەوتن شیری پێ بدەی یان پارچە کێکێکی سادە و پێنەدانی خواردنی قوڕس و چەور دوو کاتژمێر بەر لە خەوتنی.
6- زۆر گرنگە دایک و باوک هەوڵ بدەن خۆیان ڕابهێنن زوو بخەون یان بەلایەنی کەم ئەو کاتژمێرەی دەیانەوێ منداڵەکە بخەوێنن ڕوناکی ماڵەکە زۆر کەم بکەنەوە و تی ڤیەکان بکوژێننەوە تاکو منداڵەکەش بەئاسانی ڕازی بکەن بچێتە جێگای نوستنی خۆی و کەشێکی هێمنی بۆ بڕەخسێت ، بێگومان ئەگەر دایکو باوک زۆر درەنگ بخەون چاوەڕێی ئەوە ناکرێت منداڵەکانیان فێری زوو نوستن ببن .

زانست ئەوەی سەلماندووە کە بەشی هەرەزۆری هۆڕمۆنی گەشە لە سێیەکی شەو دەردەدرێت کە باشتر کاری خۆی دەکات ئەگەر منداڵەکە خەوتبێت،بۆیە منداڵەکەت بێبەش مەکە لەو هۆڕمۆنە گرنگە.

 ئەگەر ئێستاش  منداڵەکەت شەوان زۆر درەنگ دەخەوێت هەوڵ بدە  بەرە بەرە فێری بکەیت بۆ نمونە هەر هەفتە یان دەڕۆژ جارێک پانزە یان بیست خولەک  زووتر بچێتە سەر جێگاکەی خۆی تاکو بەتەواوی ڕادێت چونکە ئەگەر منداڵێک وا ڕاهاتبێت هەموو شەوێک کاتژمێر دوانزە بخەوێت زۆر زەحمەتە  بتوانیت بەماوەی چەند ڕۆژێک فێر بێت زوو بخەوێت و دەبێت ئارامگر بیت لەگەڵیدا.


PM:03:34:29/03/2021


ئه‌م بابه‌ته 15980 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل