‌ئەو ئاڵەنگارییانەی لە داهاتوودا روبەروویان دەبینەوە

وێستگە ستایل-


وێستگەنیوز- هێڤار هیوا

کۆمەڵێک زانا لە راپۆرتێکدا ئاماژە بە چەندین ئاڵەنگاری و مەترسی دەکەن کە لە داهاتوودا روبەرووی مرۆڤایەتی دەبێتەوە و هۆشداری دەدەن لە لەناوچوونی مرۆڤایەتی. 

کۆمەڵێک زانای وڵاتانی ئەمریکا و ئوسترالیا و مەکسیک راپۆرتێکیان بلاوکردۆتەوە لە گۆڤاری (Frontiers in Conservation Science) کە گۆڤارێکی تایبەتە بە ژینگە، ئاماژەیان بەو رووداو و ئاڵەنگارییانە داوە کە لە داهاتوودا رووبەڕوی مرۆڤایەتی دەبنەوە. 

ئەو زانایانە کە ژمارەیان 17 کەسە، پێشبینی ئەوەیان کردووە کە چەندین رووداوی ناخۆش و وێرانکەر رووبەروی مرۆڤایەتی دەبێتەوە، دیارترینییان (لەناوچوونی بە کۆمەڵی مرۆڤەکان و خراپبونی بواری تەندروستی و گەرمبونی زەوی و گۆڕانکارییە ژینگەییەکان). 

هەروەها ئاماژەیان بەوە داوە، "گۆرانکاریە بایۆلۆجییەکان و زیادبوونی خێرای رێژەی دانیشتوانی سەر زەوی هۆکارێکی ترسناکە و ئاسایشی خۆراک دەکەوێتە مەترسییەوە". 

هەر لە راپۆرتەکەدا هاتووە، " رێژەیەکی زۆری وڵاتان بە گرنگیەوە سەیری ئەم بابەتانە ناکەن و ئەوەندەی گرنگی بە بوارەکانی تەندروستی و ئابووری و دراوەکان دەدەن، ئەوەندە گرنگی بە گۆرانکارییە گەورەکانی ژینگە و لە دەستدانی سەرچاوەکانی ژیان نادەن". 

جەختیشی کردەوە، "ئەگەر بەم شێوەیە پرۆسەکان پشتگوێ بخرێن، کاریگەری خراپی دەبێت لە داهاتوودا هەر بۆیە پێویستە هەوڵی جدی بدرێت لە لایەن وڵاتانەوە". 

پاول ئیرلیش، بەرێوەبەری سەنتەری بایۆلۆجی لە زانکۆی ستانسفۆرد بە رۆژنامەی زە گاردیانی بەریتانی راگەیاندووە، "گۆرانکارییە ژینگەییەکان زۆر لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و لایەنگرانی دۆنالد ترەمپ مەترسیدار ترن". 

ئەو زانا بایۆلۆجیە دەڵێت، ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا رێژەی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان زیاد بکات و هەموو سەرچاوەکان بەکاربهێنین، ئەوا لە داهاتوودا مرۆڤایەتی لە ناودەچێت.


PM:05:45:13/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 4268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌