‌هۆكار و نیشانه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری ده‌والی

وێستگە ستایل-


دەوالی بریتیە لە گەورەبوون و لوولخواردنی خوێنهێنەرەکان، هەر خوێنهێنەرێکی لەش ئەگەری تووشبوون بە دەوالی هەیە بەڵام خوێنهێنەرەکانی پەلەکانی خوارەوە (قاچ و ڕان) لە هەموو بەشەکانی تری لەش زیاتر تووشی ئەم ‌حاڵەتە دەبن، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە بە پێوە وەستان وبە رێگا رۆشتن پەستانی ناو خوێنهێنەرەکانی بەشی خوارەوەی لەش بەرز دەکەنەوە، دكتۆر زیره‌ك له‌م بابه‌ته‌دا زانیاری ته‌واو له‌سه‌ر نه‌خۆشی ده‌والی ڕوون ده‌كاته‌وه‌.

دەوالی لای زۆر کەس لە سەرەتادا تەنها کێشەیەکی جوانکاریە، بەڵام لای کەسانی تر خوران و ئازار و ناڕەحەتی زۆر دروست دەکات.

دەوالی بە هۆی تێکشکان یان باش کارنەکردنی زمانەکانی ناو خوێنهێنەرەکان درووست دەبن کە دەبێتە هۆی گەرانەوەی خوێن بە ئاراستەیەکی پێچەوانە (بە ئاراستەی کێشکردنی زەوی) و کۆبوونەوەی لەناو خوێنهێنەرەکاندا و دواتر فراوانبوون و گەورەبوون و لوولخواردنیان.

نیشانەکانی دەوالی:
- بوونی دەوالی بە بێ ئازار:
-دەرکەوتنی خوێنهێنەرەکان بە رەنگی مۆری تێر یان شین.
- بەرزبوونەوە و لوول بوونی خوێنهێنەرەکان و هەندێک جاریش وەکو پەتێکی نەرم دەردەکەون.

- بوونی ئازار لە چەند شێوەیەکدا وەکو؛
1- قورس بوونی قاچ بەتایبەتی لەکاتی بە پێوە وەستان و رۆیشتن.
2- ئاوسانی قاچ لەگەڵ هەستکردن بە ئازار لە شێوەی سووتان و هیلاکی ماسولکەی پووزی قاچ.
3- ئازارێکی زۆر دوای دانیشتن یان وەستانێکی زۆر.
4- خورانی دەوروبەری خوێنهێنەرەکان.
5- گۆڕانی رەنگی پێست و هەندێک جار دەرکەوتنی برین لە دەوروبەری خوێنهێنەرەکان.

خوێنهێنەری جالجالۆکەیی (Spider Veins) وەکو دەوالی ‌هەمان نەخۆشی خوێنهێنەرەکانن بەڵام لە قەبارەدا بچووکترن و زیاتر لەسەر رووی پێستن و رەنگیان سوور یان شینە. ئەوانیش لە قاچەکان و زۆر جار لە دەمووچاویش دەردەکەون و شێوە و قەبارەی جیاوازیان هەیە و لە تۆری جالجالۆکە دەچن.

هۆکارەکانی تووشبوون بە دەوالی:
1- تەمەن: لەگەڵ زیادبوونی تەمەن، زیدابوونی مەترسی دروست بوونی دەوالیش زیاد دەکات. بەهۆی شلبوون و لاوازبوونی زمانەی خوێنهێنەرەکان و کۆبوونەوەی خوێن تیایاندا.

2- رەگەز: رێژەی دروست بوونی دەوالی لە ئافرەتاندا زیاترە وەک لە پیاوان، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ بوونی هۆرمۆنەکانی مێیینە لە کاتی سکپری و کاتی سووری مانگانە و چەند چارەسەرێکی هۆرمۆنی کە دیواری خوێنهێنەرەکان شل ئەکەن و مەترسی دروست بوونی دەوالی زیاد ئەکات. (سکپری هۆکاری سەرەکی تووشبوونە بە دەوالی بە هۆی گۆڕانی هۆرمۆنی و پەستان خستنە سەر خوێنهێنەرەکانی ناو سک و حەوز لەکاتی گەورەبوونی مناڵدان).

3- هۆکاری بۆماوەیی.
4- قەڵەوی.
5- زۆر بە پێ وەستان و دانیشتنی زۆر (دەوالی لەو کەسانە زیاترە کە پیشەکەیان پێویستی بە زۆرلەسەر پێ وەستان یان دانیشتن هەیە).

ماکەکانی دەوالی:
1- درووست بوونی برین: ئەگەر دەوالی بۆ ماوەیەکی زۆر بمێنێتەوە بێ چارەسەر کردن ئەبێتە هۆی درووست بوونی برینی بە ئازار لە دەوروبەری جومگەی پێ. پێش دروست بوونی برین رەنگی پێستەکە ئەگۆڕێت و وردە وردە ئەبێت بە برین.
2- خوێن مەیین: مانەوەی خوێن لە ناو خوێنهێنەرەکان و نەجوولانی بۆ ماوەیەکی زۆر ئەبێتە هۆی مەیینی و ئازارێکی زۆر دروست ئەکات و پێویستی بە چارەسەری خێرا ئەبێت.
3- خوێن بەربوون: هەندێک جار دەوالیەکان لەوانەیە بتەقن و ببنە هۆی خوێنبەربوون.

خۆپاراستن:
هیچ رێگایەک نیە بۆ ئەوەی سەد لە سەد بمانپارێزێت لە درووست بوونی دەوالی بەڵام زۆر رێگای خۆپاراستن هەن کە مەترسی تووشبوون بە دەوالی زۆر کەم ئەکەنەوە، ئەویش بە چاڵاککردنی سووری خوێن و تووندی ماسولکەکەکانی پەلەکانی خوارەوە لە رێگای:

1- راهێنان و وەرزش.
2- چاودێری کردنی کێشی لەش و خۆ لاواز کردن.
3- خواردنی خواردەمەنی زۆر ریشاڵ و کەم خوێ.
4- بەرزکردنەوەی قاچەکان لە کاتی پشوودان.
5- خۆ بەدوور گرتن لە پێڵاوی پاژنە بەرز و گۆرەویی‌ تەسک.
6- جووڵان و گۆڕینی جێگا لە کاتی وەستان یان دانیشتنی زۆر.

دەستنیشانکردنی نەخۆشی:
پشکنینی کەسەکە بە سەیر کردنی قاچەکانی لە کاتی بە پێوە وەستان و پرسیارکردن دەربارەی نیشانەکانی دەوالی وەک ئازار، خوران، قورسبوونی قاچەکان. دۆپلەر (سۆنەری رەنگاو رەنگ)ی قاچەکان بۆ سەیر کردنی زمانەکانی خوێنهێنەرەکان و بوون یان نەبوونی کڵۆخوێنی مەییو لەناویاندا.

چارەسەری دەوالی:
رێگاکانی چارەسەری دەوالی زۆرن، خۆشبەختانە زۆربەی رێگاکان پێویستیان بە مانەوە لە نەخۆشخانە و چارەسەری درێژخایەن نیە.

 چارەسەرە سەرەتاییەکان کە بریتین لە:
1- گرنگیدان بە خۆ: وەرزشکردن، راهێنانی تایبەت، چاودێری کردنی کێشی لەش و خۆ لاوازکردن، قاچ بەرزکردنەوە و زۆر بە پێوە نەوەستان وا ئەکەن کە ئازاری دەوالی کەم ببێتەوە و دەوالیەکان بە خیرایی ژمارە و قەبارەیان زیاد نەکات.
2- بەکارهێنانی گۆرەوی تایبەت بە دەوالی: بە تایبەتی لە کاتی رۆژ کە مرۆڤ زیاتر بە پێوە ئەوەستێت و هەروەها لە کاتی سکپڕی کە گوشار ئەخاتە سەر دیواری دەرەوەی خوێنهێنەرەکان و نایەڵێت خوێن تیایاندا کۆببێتەوە و خێرا گەشە بکەن.
3- بەکارهێنانی چەند دەرمانێک کە دیواری خوێنهێنەرەکان تووند دەکەنەوە.

 چارەسەری پزیشکی: ئەم چارەسەرانە پزیشکی پسپۆر ئەنجامی ئەدات و بە پێی شوێن و قەبارە و بڵاوی دەوالیەکە جۆرەکەی دیاری ئەکرێت، ئەم رێگایانە دەگرێتەوە:

1- چارەسەرکردن بە دەرزی (Sclerotherapy) بە بەکارهێنانی ماددەیەکی شل یان کەف کە ئەکرێتە ناو دەوالیەکان و ئەبێتە هۆی داخستنیان، ئەم رێگایە ئاسانترین و سەلامەتترین و باوترین جۆری چارەسەرە، پێویست بە سڕکردن و داخلبوونی نەخۆش ناکات لە نەخۆشخانە. بە بەراورد بە رێگاکانی تر تێچووی چارەسەر کەمە.

2- چارەسەرکردن بە لێزەر: بۆ دەوالی بچووکی رووکەش و خوێنهێنەری جالجالۆکەیی بەکاردێت.

3- چارەسەر لە رێگای لەرەلەری تیشکی (Radiofrequency) یان لێزەر بە بەکارهێنانی قەستەرەی ناو خوێنهێنەرەکان، بەم رێگایە دیواری ناوەوەی دەوالیەکان ئەسوتێنرێت و دواتر دائەخرێنەوە. رێگایەکی باش و پەسەندکراوە بۆ چارەسەری دەوالی گەورە و زۆر. تێچووی چارەسەری ئەم رێگایە لەوانەی تر زیاترە.

4- نەشتەرگەری لابردنی دەوالی: بە سڕکردنی نیوەیی یان لەژێر بێهۆشکردن ئەنجام ئەدرێت، بە داخستنی دەوالیەکان پێش گەیشتنیان بە خوێنهێنەرە قووڵەکانی ران یان بە بڕین و دەرهێنانیان دەکرێت، لە رێگای چەند برینێکی بچووک. رێگایەکی سەرکەوتووە و نابێتە هۆی پەکخستنی سووڕی خوێن لە لەشدا.

5- نەشتەگەری خوێنهێنەرەکان لە رێگای ناوبینی: ئەم رێگایە لە سەنتەرە پێشکەوتووەکان ئەنجام ئەدرێت بۆ ئەو حاڵەتانەی کە زۆر ئاڵۆزن و بوونەتە هۆی دروست بوونی برین دوای ئەوەی کە رێگاکانی تر سەرکەوتوو نابن لە چارەسەرکردنیان.


PM:07:07:26/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 12968 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل