‌هۆكار و نیشانه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری ده‌مارگیری

وێستگە ستایل-

دەمارگیری لە زمانی لاتینی، بریتییە لە(بڕیاری پێشیینە) واتە ئەو کەسەی دەمارگیرە، پێش ئەوەی زانیاری تەواو کۆ بکاتەوە لەسەر کۆمەلێک یان شتێک ، بڕیار پێشیینەیان لەسەر دەدات، ئەوان خراپن یان باشن، یان بڕیاری دژایەتیان لەسەر دەدات.

پێناسەی دەمارگیری چییە؟

ئاڕاستەیەکە لە ڕوانگەی دا کۆمەڵە کەسێک بە باشترە دەزانرێت دژی کۆمەلێک تر بەمەبستی کەم کردنەوەی ئەندامانەی ئەو کۆمەلە.

چــۆن مــرۆڤ دەمارگـیر دەبێت؟

دەمـارگـیـری دیاردە و نەخۆشیەكی كۆمەڵایەتیە،مــرۆڤ لەو كۆمەڵ و ژینگەیەی تیایدا دەژی(خێزان و خوێندنگا و كۆڵان و كۆمەڵ و خانەی خواپەرستی.......ھتر)فێری دەبێت و وەری دەگرێت، ھیچ بەڵگە و نیشانەیەكی فیسۆلۆژی و یان دەروونی نییە كە ئاماژە بۆ ئەوە بكات كە دەمارگیری بنەمایەكی هه‌ڕەمەكی ھەیە،یان دەمارگیری بۆماوە بێت،بەڵام ئامادەباشی لەلای مرۆڤ ھەیە بۆ دەمارگیری، بەڵام فێربوون وئاڕاستەكردنی دەمارگیری بۆ كۆمەڵ و بابەتێكی دیاریكراو لە كۆمەڵ و ژینگەوە وەردەگیرێت.

منداڵان لەساڵی یەكەم و دووھەمدا بەیەكەوە یاری دەكەن و مامەڵەیان بێ گرفت و كۆسپە و ھیچ ڕەق و كینە و دوژمنكاریەكیان بەرامبەر یەكتری نییە ھەرچەندە زمان و ڕەنگ و توخم و ئاین و ڕەگەزیان جیاوازیشە،ئەگەر گەورەكانیان وازیان لێ بھێنن بەردەوام لە ھەموو قۆناغەكانی تری ژیانیشیاندا ھەر وەك خوشك و برا بەیەكەوە دەژین،بەڵام بەداخەوە ھەر زوو گەورەكان لە ڕێگای خێزان و خوێندنگا و دام و دەزگاكانی تری كۆمەڵایەتیەوە تۆوی دەمارگیری لەناخیاندا دەچێنن،منداڵ كە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە فێری دەكەن كە ئەو ڕەش پێستانە كەم توانا و گەمژە و نەزانن،نابێت ئێمەی سپی پێستی زیرەك مامەڵە لەتەك ئەواندا بكەین،وە لە خوێندنگا و چێشتخانەكان و میوانخانەكانیشدا ئەو جیاوازییە دەبنرێت وە لە میدیاش ھەمان شت لێدەدرێت،بەم شێوەیە دەمارگیری لە ناخی منداڵی سپی پێسدا دروست دەبێت.

وە بەھەمان شێوەی سەرەوە خێزان و دام و دەزگا كۆمەڵایەتیان تر دەمارگیری ئاین و چینایەتی و توخمی و ئایدۆلۆژی و ....ھتر، لەناخ و دڵ و دەروونی تاكەكاندان دروست دەبێت و دەچێنرێت.

كەسی دەمارگیر چۆن ته‌ماشای بەرامبەرەكەی دەكات؟

كەسی دەمارگیر بەچاوێكی سووك سەیری بەرامبەرەكەی دەكات و بەگەمژە و نەزان و بێ نرخی لەقەڵەمی دەدات و بەبەربەست و كۆسپی دەزانێت لەبەردەم خەون و خەیاڵ و ئامانجەكانیدا،چونكە دەمارگیری وا لە مرۆڤ دەكات كە ھەر خۆی بەڕاست بزانێت و ھەڵچون و خۆپەرستی زاڵ دەبێت ژیری و بیركردنەوەی مەنتیقیانەی و ئاسۆی بیركردنەوەی كورتە و وەك مرۆڤێك وایە لەناو بیرێكی قووڵی تاریكی (٤٠) چل گەزدا، تەنیا بەقەدەر چوارچێوەی دەمی بیرەكە ڕوناك و ئاسمان دەبنێت و ئیتر ئەوانەی كە نابینێت و به‌ڕاستی نازانێت و بڕوای پێ ی نییە، لەبەر ئەوەیە دەمارگیری پەڵەیەكی ڕەش و لاپەڕەیەكی دزیوە لە مێژی و تاك و مرۆڤایەتیدا.
دەمارگیری دەبێتە ھۆی دووركەوتنەوە پچڕانی پەیوەندی كۆمەڵایەتی لەنێوان خەڵك و چین و توێژە جیاجیاكانی كۆمەڵ وە ململانێ زەبر و توندوتیژ دروست دەكات، ھەندێك جاریش دەبێتە كارەساتی دڵتەزێن لەنێوان دەمارگیران و قوربانیان.

جۆرەكانی دەمارگیری چین؟

1-دەمارگیری ڕەگەز پەرستی:
ئەو جۆرەیان لە ئەمەریكا و ئەفەریقا سپی پێستەكان بەرامبەر بەڕەش پێستەكانی دەكەن،وە ئەم جۆرە دەمارگیرییە بەترسناكترین نەخۆشی كۆمەڵایەتی و ڕامیار و ئابووری دادەنرێت و نادەبرێت بەنەخۆشی رك و كینە.

٢.دەمارگیری چینایەتی:
دەمارگیری چینایەتی ھەیە لەنێوان ئەو چین و توێژانەی كە لە ململانێدان وەكو دەمارگیری چینی سەرمایەداری بەرامبەر چینی كرێكار، چینی دەوڵەمەند بەرامبەر چینی ھەژار.

3. دەمارگیری ئاینی:                                      
بریتیە لەو جۆرە دەمارگیریەی كە ھەیە دژی موسوڵمانان یان یەزدی یان جوولەكە.                        

4. دەمارگیری ڕامیاری:                                  
بریتیە لەو جۆرە دەمارگیریەی كەھەیە و بەئاسانی ھەستی پێدەكرێت دژی كۆمۆنیستەكان یان سەرمایەدارەكان...

5. دەمارگیری توخمی:                                    
ئەم جۆرە دەمارگیرییە كە ھەیە لە نێوان ژنان و پیاوان، وە ھەموو ئەو جۆرە دەمارگیریانە ڕەق و كینە و دوژمنكاری و بێزاری و دووركەوتنەوە لە دوو توێدا خۆی مەڵاس داوە ڕاستەوخۆ یان نا ناستەوخۆ، بە ئاشكرا یان بەنھێنی كە لە ھەڵسو كەوت و بیر و ھەڵچوونی ئەو دەمارگیرییە بەرجەستە دەبێت گومانی تێدا نییە كە دەمارگیری پەڵەیەكی ڕەشە بەناوچاوانی مرۆڤایەتیەوە، وە ئەمڕۆ یان سبەی بێت دەبێت لەدەستی ڕزگارمان بێت.

چارەسەركردنی دەمارگیری؟

1. بڵاوكردنەوەی زانیاری و ڕاستی لەسەر ئەو تاقم و چین و بابەتانەی كە دەمارگیری ھەیە بەرامبەریان بۆ ئەوەی ئەو بنەما و سەرچاوە ھەڵە و ئەفسووناویانەی بوونەتە ھۆی دورست بوونی، پووچەڵ ببێتەوە.
2. بڵاوكردنەوەی بنەما و پڕانسپەكانی دیمۆكراسی و بەھای مرۆڤایەتی و چاندنی تۆوی برایەتی و ھاوكاری و ھاوچارەنووسی لە ناخ و دڵ و دەروونی تاكەكانی كۆمەڵدا لە ڕێگای پەروەردە و فێركردنی راستەقینەوە.
3. بەشداری كردنی دەمارگیر لەناو ئەو كۆڕ و كۆمەڵانەی كە دەمارگیرییان نییە بەرامبەر ئەو كەس و بابەتانەی ئەو دەمارگیرە ڕەقی لێ یانە،بۆ ئەوەی بەچاوی خۆی ڕستییەكان ببێنێ.
4. ھاندان و پشتگیری كردنی تێكەڵاوبوون و ھاریكاری كردن و لە نێوان كۆمەڵ و توێژ و ھۆز و توخمە جیا جیاكانی ووڵات بەتایبەتی و جیھانی بەگشتی.چونكە ھۆكارێكە بۆ زانینی ڕاستیەكان و نەمانی ئەفسانە و بوختان.
5. بەدەرخستنی كەم و كورتی و خراپیەكانی دەمارگیری و زیانە دەروونیەكان بۆ مرۆڤی دەمارگیر.

ئا: فه‌رهاد حسێن


PM:12:18:16/03/2020


ئه‌م بابه‌ته 21644 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌