‌تۆم کروز دەبێتە رکابەری ترەمپ لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی ئەمریکا ؟

وێستگە ستایل-

کۆمەڵێک راپۆرتی رۆژنامەوانی رایانگەیاند، تۆم کروز بۆ کێبرکێی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2020خۆی کاندید کردووە، لە ماوەی رابردووشدا ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە کە دەوتری بەشێکە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەو ئەکتەرە ئەمریکیە. 

لە چەند رۆژی رابردوودا ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە کە تێیدا تۆم کروز وا دەردەکەوێت کە خۆی ئامادە دەکات بۆ کێبرکێی سەرۆکایەتی لە ساڵی 2020، بەڵام دواتر و لەلایەن ماڵپەڕی  "movie web"ئەمریکیەوە راستی ڤیدیۆکە بڵاوکرایەوە.  

بەپێی ماڵپەڕەکە ئەوەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت تۆم کروز نیە و تۆم کروز هیچ کات نیەتی خۆی  بۆ  خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رانەگەیاندووە و ئەو ڤیدیۆیەش ئەکتەرێکی دیکەیە کە وەک تۆم کروز دەردەکەوێت. 

هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەیدا  ڤیدیۆکە بووە جێی بڕوای خەڵکێکی زۆر بەوپێیەی تۆم کروز یەکێک لە بانوبانگترین ئەکتەرەکانی هۆلیودە و تا ئێستاش فیلمەکانی داهاتێکی زۆر بەدەستدەهێنن. 

ئەو ئەکتەرەش کە لە ڤیدیۆکەدا رۆڵی تۆم کروز-ی پێدراوە ئەکتەر و نوسەری ئەمریکی مایلز فیشەرە کە شێوەی لە تۆم کروز دەچێت. 

لە ڤیدیۆکەدا هەڵمەتی هەڵبژاردنەکە ناونراوە2020  Run Tom Run   کە لە لایەن مایلز فیشەرەوە نوسراوە. 

فیشەر تەنها بە بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیەوە نەوەستاوە بەڵکو ماڵپەڕێکیشی بە ناوی Cruise 2020 کردووەتەوە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ئەو ماڵپەرە زمانحاڵی فەرمی هەڵمەتەکەی تۆم کروزە. 

تۆم  کروز ، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری بەناوبانگی ئەمریکە لە ساڵی 1962  لەدایکبووە و ئێستا تەمەنی 57 ساڵە  بە یەکێک لە دیارترین کەسایەتیەکانی ناو سینەمای هۆلیود دادەنرێت و رۆڵی سەرەکی لە چەندین فیلمدا بینیوەو کاری بەرهەمهێنانی بۆ چەند فیلمێکیش کردووە.


ش . ر 


AM:11:56:04/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 6964 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌