‌بۆچی مرۆڤ خه‌و ده‌بینێت؟

وێستگە ستایل-


لە هەزارەی سێیەمی پێش زایندا،  پاشاکانی میزۆپۆتامیا خەوەکانیان و لێکدانەوەی خەوەکانیان لەسەر پەرتوکە مۆمەکان دەنووسییەوە و تۆماریان دەکرد، لەوسەردەمانەوە تا ئێستا مرۆڤ بە بەردەوامی هەوڵ دەدات لەوە تێبگات بۆچی خەو  دەبینێت .

بەڵام مرۆڤ تا ئێستا نەیتوانیوە بە تەواوی وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە و بگاتە ڕاستی بابەتەکە وتەنها توانیویەتی کۆمەڵێک تیۆری هەبێت لەسەر ئەم بابەتە.

ئەمانەش کۆمەڵێکن لەو تیۆریانەی بۆچی ئێمەی مرۆڤ خەو  دەبینین:

١- ئێمە خەو دەبینین تاوەکو بگەین بە ئاواتەکانمان
لە سەرەتای ساڵانی ١٩٠٠ کاندا، "سیگمۆند فرۆید” سەبارەت بە خەو  بینین پێشنیاری ئەوەی کرد هەموو خەوەکانمان و کابووسەکانمان کۆمەڵە وێنەیەکن کە لە ژیانی ئاگایی ڕۆژانەمانەوە وەرمانگرتوون، وەهەموو ئەو وێنانە مانایەکی هێماییان هەیە کە پەیوەندی هەیە بە ئاواتە نائاگاییەکانمانەوە کە دەمانەوێت پێیبگەین، فرۆید ڕای وایە کاتێک ئێمە خەبەرمان دەبێتەوە لە خەوێک و خەوەکەمان بیرماوە، ئەوە پەیامێکی هێماییە لە نائاگاییمانەوە، هەروەها بڕوای وایە ئەگەر بێتو ئێمە هەستین بە شیکردنەوەی هەموو ئەو ڕەگەزانەی کە بیرمان ماوە لە خەو بینینەکەماندا، ئەوا ناوەڕۆک و مانای ئەو خەوانەمان بۆ ئاشکرادەبێت و پەیوەندی ئەو خەوە بە ژیانی ڕاستەقینەی خۆمانەوە ئاشکرادەبێت، وە دەتوانین بەهۆی ئەو لێکدانەوانە کێشە دەروونییە شاراوە و قوڵەکان بدۆزینەوە و ڕیشەکێشی بکەین و چارەسەری بکەین.

٢- خەو دەبینین تاوەکو لەیادمان نەچێت
بۆئەوەی تواناکانت گەشە پێبدەیت بە ڕێگەیەکی دەروونی، خەوتن ڕێگەیەکی زۆر باشە، بەڵام خەو بینین لەکاتی خەوتندا ڕێگەیەکی زۆر باشترە، ساڵی ٢٠١٠،  کاتێک چەند کەسێک دانرابوون بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیەک بە تەواوکردنی یارییەکی فیکری، توێژەرەوەکان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی  ئەو کەسانەی سەرخەوێکیان شکاند و خەویان بە یارییەکەوە بینی کە بە شێوەی 3D بەناو ڕێگاکانی یارییەکەدا دەڕۆشتن، ئەوا توانییان خێراتر لەو کەسانەی کە سەرخەویان نەشکاند یارییەکە تەواوبکەن، لە ئەنجامدا دەرکەوت کە ئەوان ١٠ جار لەو کەسانە باشتربوون کە خەویان بە یارییەکەوە نەبینی.

٣- خەودەبینین تاوەکو لەیاد بکەین
نزیکەی دە هەزار ترلیۆن هەستە دەماری گەیەنکە هەیە لە پێکهاتەی مێشکتدا، کە درووست بوون بەهۆی هەموو ئەو شتانەی کە بیری لێدەکەیتەوە و هەموو ئەو شتانەی کە دەیکەیت،  تیۆری "بەرپەرچدانەوەی فێربوون” باس لەوە دەکات لە کاتی خەوتندا نیۆکۆرتێکس – کە بەشێکی مێشکە، پێداچوونەوە دەکات بۆ هەستە دەمارە گەیەنکەکان و ئەو بەشە لەناودەبات کە پێویست نییە، بەبێ ئەم پرۆسەی لەناوبردنە کە لە ناو خەوەکانتدا خۆی نیشاندەدات، مێشکت داگیر دەبێت بە شتی بێ کەڵك و بێ سوود، کە کاریگەری دەبێت لەسەرت کاتێک بەخەبەریت،  چوونکە وادەکات مێشک بە شتی بێ کەڵکەوە سەرقاڵبێت.

٤- خەو دەبینین بە مەبەستی پرۆڤەکردن و مەشق کردن

زۆرجار لە خەوەکانماندا مەترسی و هەڕەشەیەکی گەورە بوونی هەیە، هەندێک لێکۆڵەرەوە بڕوایان وایە ناوەڕۆکی خەوەکان مەبەستێکی گرنگی لە پشتەوەیە، بۆنموونە ئەگەر لە خەوتدا توشی دڵەڕاوکێیەکی زۆر بووبیت بەهۆی ئەوەی کە چەند ورچێک بە دارستانێکی چڕوپڕی تاریکدا ڕاوت بنێن، یاخود توشی شەڕ هاتبیت لەگەڵ چەند نینجایەکی بەهێزدا لە شوێنێکی تاریکدا، ئەم جۆرە خەوانە یارمەتیت دەدات کە ئەزموونی غەریزەیەکت بکەیت کە ئەویش شەڕکردنە، بەمەبەستی ئەوەی کە پشت بەو ئەزموونەت ببەستیت لە حالەتێکدا ئەگەر لە ژیانی ڕاستیدا پێویستت پێ بوو بۆ بەرگری کردن لەخۆت.

بەڵام ئەزموون کردنی ئەم غەریزانە مەرج نییە تەنها لە شێوەیەکی مەترسیداردا خۆی نیشان بدات لە خەوەکاندا، بۆنموونە خەو بینین بە دراوسێ سەرنج ڕاکێشەکەتانەوە هەوڵدانە بۆ ئەزموون کردنی غەریزەیەکت، بەڵام ئەم خەو بینینە پرۆڤە کردنە بۆ ئەزموون کردنی غەریزەکەت لە ژیانی ڕاستیدا.

٥- خەودەبینین تاوەکو کێشەکانمان چارەسەر بکەین

هەندێک لە لێکۆڵەرەوەکان بڕوایان وایە کە خەو بینین ڕێگەیەکە بۆ کەمکردنەوەی ئەزموونە بە ئازارەکان و ساڕێژکردنی بە شێوەیەکی سایکۆلۆجی، بینینەوەی ڕووداوە ناخۆشەکان لە خەودا تێڕوانینێکی ڕوونترت پێ دەبەخشێت سەبارەت بە ڕووداوەکە، وە یارمەتیت دەدات ئەو ڕووداوە ناخۆشانە تێپەڕێنيت کە ئەمەش ساڕێژبوونی دەروونیە بە شێوەیەکی تەندرووست.

س:yallairaq 


AM:11:35:03/03/2018


ئه‌م بابه‌ته 15656 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل